نیوز ویك: روسیا هێرقلى ئه‌مریكى له‌ ئاسمانى سوریادا ئیفلیج ده‌كات

هەواڵ / جیهان :: 28/04/2018‌ :: 188‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
سه‌رۆكى ئۆپراسیۆنه‌ تایبه‌ته‌كانى ئه‌مریكا ئاشكرایكرد، هێزه‌كانى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى زۆر رووبه‌ڕووى هێرشى چه‌كه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كانى روسیا و سوریا ده‌بنه‌وه‌.

رایمۆند تۆماس، سه‌رۆكى فه‌رمانده‌یى ئۆپراسیۆنه‌ تایبه‌ته‌كانى ئه‌مریكا به‌ گۆڤارى نیوز ویكى ئه‌مریكى راگه‌یاندووه‌ "سوریا ئێستا بووته‌ ژینگه‌ى جه‌نگى ئه‌لیكترۆنى له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه‌، ئێستا هێزه‌كانى روسیا و سوریا هه‌موو رۆژێك تاقیمانده‌كه‌نه‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانمان بێده‌نگ ده‌كه‌ن، فڕۆكه‌كانمان له‌جۆرى (EC-130) په‌كده‌خه‌ن".

ئه‌و فڕۆكانه‌ى كه‌ جه‌نه‌راڵه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ باسى لێوه‌كردووه‌ فڕۆكه‌ى (EC-130)ه‌ به‌یه‌كێك له‌ پێشكه‌وتووترین چه‌كه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كانى ئه‌مریكا داده‌نرێن، له‌سه‌ر بنه‌مانى سيستمى فڕۆكه‌ى شه‌حنى (سی – 130، هێرقل) كارده‌كه‌ن. 

سه‌رۆكى فه‌رمانده‌یى ئۆپراسیۆنه‌ تایبه‌ته‌كانى ئه‌مریكا ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، فڕینى فڕۆكه‌ى EC-130 له‌ ئاسمانى سوریادا، ده‌رفه‌تى تاقیكردنه‌وه‌ى چه‌ك به‌ روسیا ده‌به‌خشێت، له‌ دژى باشترین به‌رهه‌مه‌كانى ئه‌مریكا و له‌ڕێگه‌ى هاوپه‌یمانه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ سوریا-یه‌.

ئه‌و گۆڤاره‌ باسى له‌وه‌شكردووه‌، چوار به‌رپرس به‌ تۆڕی هه‌واڵى (CNN)یان وتووه‌ "روسیا پێشتریش فڕۆكه‌ بچوكه‌كانى ئه‌مریكاى كردووه‌ته‌ ئامانج، بۆیه‌ ئۆپراسیۆنه‌كانى روسیا كاریگه‌رى له‌سه‌ر تواناكانى ئه‌مریكا هه‌بووه‌. ئه‌و هێرشانه‌شى كه‌ ئه‌نجامدراون سه‌ركه‌وتووبوون.

نیوز ویك له‌ هه‌واڵه‌كه‌یدا ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو، روسیا وه‌به‌رهێنانى له‌ جه‌نگى ئه‌لیكترۆنیدا فراوانتركردووه‌، وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ هه‌ژموونى هاوپه‌یمانى باكورى ئه‌تڵه‌سى (ناتۆ) به‌سه‌ر چه‌كى كلاسیكدا، بۆیه‌ ئۆپراسیۆنه‌كانى سوریا و ئۆكرانیا رێگه‌ى بۆ سوپاى روسى خۆشكردووه‌ بۆ به‌كارهێنانى چه‌كه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان له‌ بارودۆخى جه‌نگێكى راسته‌قینه‌دا. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى یه‌كه‌كانى جه‌نگى ئه‌لیكترۆنى خراونه‌ته‌كار له‌سه‌رجه‌م ئاسته‌كانى سوپاى روسیادا.

به‌ وته‌ى رایمۆند تۆماس روسیا له‌پاڵ جه‌نگه‌كانى تریدا، جێپه‌نجه‌ى له‌ شه‌ڕى ئه‌لیكترۆنیدا فراوانتر كردووه‌، هه‌موو زانیارییه‌كى له‌سه‌ر تواناكانى خۆى و وه‌ڵامدانه‌وه‌كانى دژه‌كه‌ى كۆكردۆته‌وه‌. ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ى گۆڕه‌پانه‌كانى جه‌نگ له‌ سوریا زه‌مینه‌ى به‌نرخى بۆ چه‌كه‌كانى ئاینده‌ فه‌راهه‌مكردووه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure