كۆمسیۆن ئه‌و ماوه‌یه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ پێویسته‌ بۆ شكاندنى پاسۆردى سیستمى ده‌نگدان

هەواڵ / عێراق :: 27/04/2018‌ :: 591‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
به‌شێك له‌ لیسته‌ به‌شداربووانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق مه‌ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ له‌كاتى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ساخته‌كارى ئه‌نجامبدرێت به‌ڵام كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق ئه‌و مه‌ترسیانه‌ ده‌ڕه‌وێنێته‌وه‌و ئه‌و ماوه‌یه‌ش ئاشكرا ده‌كات كه‌ پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ى ژماره‌ى نهێنى (پاسۆرد)ى سیستمى ده‌نگدان بشكێندرێت و ساخته‌كارى تێدا بكرێت.

رۆژنامه‌ى وه‌ته‌نی به‌حره‌ینى له‌راپۆرتێكدا  كه‌ له‌ ژماره‌ى ئه‌مڕۆیدا هه‌ینى 27ى نیسان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ باسى له‌ مه‌ترسی به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عێراق كردووه‌ به‌وه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى عێراقدا ده‌ستكارى رێژه‌ى ده‌نگدان بكرێت كه‌ یه‌كه‌مجاره‌ به‌ سیستمێكى ئه‌له‌كترۆنى ده‌نگ بدرێت و ده‌نگه‌كانیش به‌هه‌مان سسته‌م هه‌ژمار ده‌كرێت.

ئه‌و لایه‌نانه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌ كه‌ به‌شێك له‌ كاره‌ندانى كۆمسیۆن كه‌ سه‌ر به‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانن هه‌وڵى ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ ساخته‌كارى بكه‌ن له‌رێگه‌ى ئامێره‌ ئه‌له‌كترۆنیه‌كانى تایبه‌ت به‌ جیاكردنه‌وه‌و هه‌ژماركردنى ده‌نگه‌كان.

هاوكات به‌شێك له‌لایه‌نه‌كانى تریش گومانیان له‌ سیستمه‌ ئه‌له‌كترۆنیه‌كه‌ هه‌یه‌ كه‌ كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان پشتى پێ به‌ستووه‌ بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ بۆشایی تیابێت و له‌رێگه‌یه‌وه‌ ساخته‌كارى ئه‌نجامبدرێت.

ئه‌یاد عه‌لاوى جێگرى سه‌ركۆمار و سه‌رۆكى لیستى وه‌ته‌نیه‌ راگه‌یاندووه‌ " ئه‌و سیستمه‌  كه‌ پشت به‌ستووه‌ به‌ مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان بۆ ده‌نگدانى هه‌ڵبژاردنى داهاتوو گومانى له‌سه‌ره‌ به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌و مانگه‌ ده‌سكردانه‌ سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تانى ده‌ره‌وه‌ن ده‌كرێت دزه‌ بكرێته‌ ناویه‌وه‌".

له‌به‌رانبه‌ردا حازم ره‌دینى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى كۆمسۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ سیستمى ده‌نگدان و هه‌ژماركردنى پارێزراو ده‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو و سه‌رجه‌م ئه‌و به‌رنامانه‌ى كه‌ ده‌نگه‌كانى له‌رێگه‌یه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌  ژماره‌ى نهێنى (پاسۆرد) ى له‌سه‌ره‌".

وتیشى"كردنه‌وه‌و شكاندنى پاسۆردى ئه‌و سیاسه‌ته‌ پێویستى به‌ لانیكه‌م  به‌ 200 كاتژمێر هه‌یه‌ ئه‌وه‌ جگه‌له‌وه‌ى كۆمسیۆن رێگاى تری جێگره‌وه‌شی هه‌یه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ى هه‌ژمارى ده‌نگدان له‌وانه‌ سی دى".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure