یه‌كێتى پێداگرى له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆك كۆمار ده‌كات

هەواڵ / کوردستانی :: 26/04/2018‌ :: 488‌ جار بینراوە

دواڕۆژ- رێژنه‌ عه‌لى
سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق به‌ كورد درایه‌وە، ئه‌وان پێداگرى له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌كرا داواى پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌كه‌ن.


نه‌سروڵا سورچى، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، سه‌رۆك كۆمارى عێراق پشكى كورد یان یه‌كێتى بێت، هه‌ڵبژاردن ته‌حه‌كومى پێوه‌ده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تى عێراق ئێستا خه‌ریكه‌ له‌ ته‌وافوقات راده‌كات و بانگه‌شه‌ى حكومه‌تى زۆرینه‌ ده‌كات.

 وتیشى "ئه‌و كاته‌ شیعه‌ زۆرینه‌ ده‌بێت و ره‌نگه‌ كوردیش به‌شدارى حكومه‌ت نه‌كات، له‌و كاته‌شدا هه‌موو پۆسته‌كان له‌ خۆیان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ته‌وافوقاتیش بوو ئه‌و كاته‌ له‌سه‌ر به‌هێزبوونى كورد ده‌وه‌ستێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر كورد هێزى هه‌بێت و فراكسیۆنه‌كان یه‌كده‌نگ بوون ده‌توانن زۆر شت به‌ده‌ست بێنن".

سه‌ركرده‌كه‌ى یه‌كێتى ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد "ئه‌گه‌ر كورد ئه‌مجاره‌ 60 كورسى دابین بكات، ناتوانن پشتگوێمان بخه‌ن و ئه‌گه‌ر سه‌رۆك كۆماریشمان پێنه‌ده‌ن، سه‌رۆكى په‌رله‌مانمان پێده‌ده‌ن".

نه‌سروڵا سورچى جه‌ختیشیكرده‌وه‌ "ئێمه‌ پێداگرى له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ ده‌كه‌ین، چونكه‌ ئه‌و پۆسته‌ش به‌ ته‌وافوق بووه‌، ئه‌گه‌ر بڵێن له‌به‌رئه‌وه‌ى كاتى خۆى سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ پارتى بووه‌ و سه‌رۆك كۆمار بۆ یه‌كێتی، ئه‌وه‌ حسابێكى تره‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كرا ئێمه‌ش داواى سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌كه‌ین".

لێدوانى ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ى یه‌كێتى له‌ كاتێكدایه‌ نێچیرڤان بارزانى جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان كه‌ سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمیشه‌ رایگه‌یاند، بۆ خولى داهاتووى حكومه‌تى عێراق، ئه‌گه‌ر پۆستى سه‌رۆك كۆمار درایه‌وه‌ به‌ كورد، مه‌رج نییه‌ بدرێته‌وه‌ به‌ یه‌كێتى.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure