پێناسه‌ى حكومه‌ت و نیشتمان تێكه‌ڵ مه‌كه‌

هەواڵ / چاوی تۆ :: 26/04/2018‌ :: 444‌ جار بینراوە

جـــه‌وهــه‌ر مه‌حمود داراغــا
رۆبێرت فیسك یه‌كێكه‌ له‌ ڕۆژنامه‌نووسه‌ هه‌ره‌ به‌ناوبانگه‌كانى جیهان و سی ساڵى ڕه‌به‌قى ته‌مه‌نى له‌نێو ده‌وڵه‌تانى عه‌ره‌بدا به‌سه‌ر بردووه‌. ئێستایش له‌ به‌یروت نیشته‌جێیه‌ و هه‌واڵنێرى رۆژنامه‌ به‌ربڵاوه‌كه‌ى "ئه‌ندیپێندنت"ه‌. 

 ئـــه‌م "ڕۆبێرت فیسك"ه‌ ده‌ڵێت: ده‌زانـــن نێو خانوو و ماڵه‌كانى عــاره‌بان، فره‌ خاوێــن و پوخته‌ و شه‌قامه‌كانیان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ی نێو ماڵه‌كانیانه‌وه‌ تا بڵـــێی پیس و پۆخڵــن!؟.

هۆیه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌: كه‌ عه‌ره‌به‌كان وا هه‌ست ده‌كه‌ن ماڵه‌كانیان موڵكى خۆیانه‌ و خۆیان خاوه‌نى خانووه‌كانى خۆیانن. بـــه‌ڵام وا هه‌ست ناكه‌ن، نیشتمانه‌كه‌یان موڵكى خۆیان بێت. كه‌وابوو هه‌ر به‌ ڕاست و دروست، ئێمه‌ وا هه‌ست ده‌كه‌ین، خۆمان خاوه‌نى نیشتمانى خۆمان نین! بــۆیه‌ شه‌قام و ڕێگا و بانه‌كانمان ئاوا پیس و پۆخڵـــن! 
 ئــه‌گه‌رنا ئــه‌ى هۆیــه‌كه‌ى چییه‌!!؟

ئــه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوو هـــۆ:
یــه‌كه‌م: چــونكه‌ پێناسه‌ى (نیشتمان) و (حكومه‌ت) تێكه‌لأ ده‌كه‌ین!! پێمانوایه‌، ئه‌و دوو چه‌مكه‌ یه‌ك پێناسه‌یان هه‌یه‌! ئـــه‌مه‌یش له‌ خۆیدا كاره‌ساتـــه‌!! حكومه‌ت بــه‌ڕێوه‌بردنێكى سیاسیی ته‌مه‌ن كورته‌، به‌ به‌راورد به‌ ته‌مه‌نـــى درێژى نیشتمان. حكومه‌ت تا سه‌ر نامێنێتــه‌وه‌، له‌ كاتێكدا نیشتمان: مێژوو و جوگرافیایه‌كه‌ بـــۆ خۆى! ئێسك و پرووسكى باووباپیرانى له‌خۆگرتووه‌ و كلتــوور و بــاو و نه‌رێت و كتێبه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى خۆیه‌تى! بـــۆیه‌ هه‌موو مرۆڤێك بۆى هه‌یــه‌ ڕقــى له‌ حكومه‌ته‌كه‌ى خۆى ببێتــه‌وه‌، بـــه‌ڵام مافـــى ئه‌وه‌ى نییه‌، ڕقــــى له‌ نیشتمانه‌كه‌ى خۆى ببێتــــه‌وه‌!! كاره‌ساته‌ گه‌وره‌كه‌یش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ  حكومه‌ت و نیشتمان، به‌ وه‌كو یه‌ك بــــزانێت و له‌ یه‌كتریان جۆێ نـــه‌كاته‌وه‌! پێمانوابێت هه‌ر كه‌ نیشتمانمان كاول كرد، ئــــه‌وه‌ حكومه‌تمان كاول كردووه‌ و ڕووخاندووه‌!! وه‌كو ئه‌وه‌ى حكومه‌ت نیشتمان بێت و نیشتمانیش حكومه‌ت بێت! هه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ى ته‌نیا حكومه‌ت خاوه‌نى نیشتمان بێت و ئێمه‌ خاوه‌نى نیشتمان نه‌بین!
 
حكومه‌ت چ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌و شه‌قامه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ من و تـــۆ به‌سه‌ریدا ده‌ڕۆین!؟ په‌یوه‌ندیی حكومه‌ت چییه‌ به‌و زانكۆیه‌وه‌ كه‌ مناڵـــى من و مناڵـــى تۆ له‌ كۆلیژه‌كانیدا ده‌خوێنن!؟ یان ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ى كه‌ هاوژینه‌كه‌ى من و هــاوژینه‌كه‌ى تۆى تێدا چاره‌سه‌ر ده‌كرێت!؟ حكومه‌ت خاوه‌نى ئه‌و ئــامێره‌ پزیشكییانه‌ نییه‌ كه‌ له‌نێو نه‌خۆشخانه‌كاندا هه‌یه‌، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ خاوه‌نیین كه‌ به‌كاریده‌به‌ن. 

له‌ڕاستیدا به‌م كاره‌ قێزه‌ونانه‌مان تۆڵه‌مان له‌ (نیشتمان)مان كردووه‌ته‌وه‌، نه‌كو له‌ (حكومه‌ت)مان! ئــه‌گه‌ر ئێمه‌ (نیشتمان)ى خۆمانمان خۆشویست، ئه‌وا حكومه‌ته‌كان به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ده‌گۆڕدرێن و حكومه‌تانى نوێ دێنه‌ شوێنیان. 

دووه‌م: (هۆشیاریی خاوه‌ندارێتیی گشتى ـــ الملكیــه‌ العامه‌) نییـــه‌! به‌ شێوه‌یه‌ك وا هه‌ست بكه‌ین كه‌ تووشى دووفــاقــى بـــووین! ئــاخر ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ ته‌والێتى نێو ماڵه‌كه‌ى خۆى پــاك ڕاده‌گرێت و ته‌والێته‌ گشتییه‌كانى شوێنه‌ گشتییه‌كان پیس و پۆخلأ ڕاده‌گرێت! هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ كورسى و مێزى ماڵى خۆى پــارێزگارى ده‌كات، ناوى خۆى له‌ سه‌ر كورسى و مێزى قوتابخانه‌كه‌ى خۆى هه‌لأده‌كۆڵێت!! هه‌ر ئه‌و باوكه‌ى له‌ ماڵه‌وه‌ هه‌میشه‌ خه‌ریكى ڕێكخستنى مناڵه‌كانێتى و ڕیزبه‌ندیان ده‌كات، له‌ فه‌رمانگه‌ قه‌ره‌باڵغ و شوێنه‌ پڕ كڕیاره‌كاندا سه‌ره‌ناگرێت و ریزپـــه‌ڕیى ده‌كات! هه‌ر ئه‌و دایكه‌ى كه‌ به‌ هیچ جۆرێك ناهێڵێت یه‌ك موحازه‌ره‌ى له‌ كیس بچێت، خۆى له‌ ده‌وامكردنه‌كه‌ى خۆى ده‌دزێته‌وه‌!! 

بـــه‌ كورتــــى، بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت، حكومه‌ت نیشتمان نیییه‌ و كێشه‌كانى له‌گه‌لأ حكومه‌ت به‌ وێرانكردنى نیشتمان چاره‌سه‌ر نابێت. ئه‌و گه‌له‌ى تۆڵه‌ى خۆى له‌ نیشتمان ده‌كاته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى گه‌نده‌لأ و خراپــــه‌، شایه‌نى له‌و حكومه‌ته‌ خراپـــه‌: خراپتره‌! و له‌و حكومه‌ته‌ زیاتر ناهێنێت! پێشكه‌وتوویى ئێمه‌یش ته‌نیا به‌ پاكوخاوێنیی باخچه‌ى ماڵه‌كه‌ى خۆمان پێوانه‌ ناكرێت، به‌ڵــكو به‌ پاكوخاوێنیی "بــاخى گشتى" پێوانه‌ ده‌كرێت. ئه‌و باخه‌ گشتییه‌ى كه‌ هه‌موومان تێیدا داده‌نیشین. 

بـــه‌ خوا ڕاستیان وتــــووه‌: پێشكه‌وتنى نیشتمان و پاكوخاوێنیی شه‌قام و ڕێگاوبانه‌كانى نیشتمان، پێوه‌رى هۆشیارى و ڕۆشنبیریی هاووڵاتیه‌كانى خۆیه‌تى. 

به‌ دواى ئه‌م شیكردنه‌وه‌یه‌دا منیش لاى خۆمه‌وه‌ ده‌ڵێم: گه‌لــــۆ..ده‌ستى له‌رزۆكـــم دامێنى پــاكتان نــــه‌ حكومه‌ت نیشتمانه‌ و نه‌ نیشتمانیش حكومه‌ته‌! تۆڵه‌ى حكومه‌ت له‌ نیشتمان مه‌كه‌نه‌وه‌، بــا "كوردستان" كاول نه‌بێت!



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure