یادى 44 ساڵه‌ى بۆردومانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوه‌چوو

هەواڵ / کوردستان :: 26/04/2018‌ :: 184‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌بۆنه‌ى تێپه‌ڕبوونى 44 ساڵ به‌سه‌ر یه‌كه‌م تاوانى ڕژێمى به‌عس دژ به‌ خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌مڕۆ 26ی نیسانی 2018 به‌ ئاماده‌بوونى كه‌سوكارى شه‌هیدان و به‌رپرسانى حكومى و حزبى له‌ هۆڵى مۆنۆمێنتى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ئه‌نجامدانى چه‌ند چالاكییه‌ك یادى ئه‌و تاوانه‌ كرایه‌وه‌.

له‌ مه‌راسیمى یادى 44 ساڵه‌ى بۆردومانى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى ڕژێمى به‌عس، عه‌لى عوسمان، پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌وه‌كاله‌ت، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، ئه‌مڕۆ كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونى 44 ساڵ به‌سه‌ر تاوانى بۆردومانكردنى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ و شه‌هیدكردنى ده‌یان هاووڵاتى ئه‌م شاره‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تائێستا حكومه‌تى عێراقى ئاماده‌نییه‌ قه‌ره‌بووى كه‌سوكارى شه‌هیدان بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌ توانا و ده‌سه‌ڵاتى ئێمه‌دا بووه‌ ئه‌نجاممان داوه‌ بۆ خزمه‌تكردنى كه‌سوكارى شه‌هیدان و له‌ هه‌وڵه‌كانیشمان به‌رده‌وامده‌بین، چونكه‌ به‌ پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رى ڕه‌نجى خوێنى شه‌هیدانه‌.

دواتر كامه‌ران مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، تاوانه‌كانى ڕژێمى له‌ناوچووى به‌عس دژ به‌ گه‌له‌كه‌مان هێنده‌ زۆرن كه‌ ده‌كرێت هه‌موو كات ئه‌و تاوانانه‌ له‌یاد نه‌كه‌ین، چونكه‌ به‌درێژایى مێژوو ڕژێمى له‌ناوچووى به‌عس هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵى له‌ناوبردنی گه‌له‌كه‌ماندا بووه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ئه‌وه‌ى بۆ كه‌سوكارى شه‌هیدان گرنگه‌ پێدانى ماف و ئیمیتیازاته‌ هاوشێوه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدانى سه‌رجەم پارێزگاكانى دیكه‌ى عێراق، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ هه‌وڵى به‌رده‌وامداین كه‌ بتوانین ماف و ئیمتیازاتى كه‌سوكارى شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ هه‌موو قۆناغه‌ جیاوازه‌كاندا هاوتاى ماف و ئیمتیازاتى كه‌سوكارى شه‌هیدان بكه‌ین له‌سه‌ر ئاستى عێراق.

دواتر ئومێد محه‌مه‌د، به‌ناوى كه‌سوكارى شه‌هیدانى بۆردومانه‌كه‌ى 26ی نیسانی 1974 وته‌یه‌كى پێشكه‌شكرد و نیگه‌رانى خۆى له‌وه‌ ده‌ربڕى كه‌ هێشتا وه‌ك پێویست گرنگى به‌ یادكردنه‌وه‌ى ئه‌و تاوانه‌ نه‌دراوه‌ كه‌ دژ به‌ خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌نجامدراوه‌، له‌ كاتێكدا ده‌بوو ئه‌م تاوانه‌ش هاوشێوه‌ى تاوانه‌كانى دیكه‌ گرنگى پێبدرایه‌ و یادێكى شایسته‌ى بكرایه‌ته‌وه‌.

له‌ 26ی نیسانی 1974 له‌ ئه‌نجامى هێرشى فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى ڕژێمى له‌ناوچووى به‌عس بۆ سه‌ر هاووڵاتیانى شارى هه‌ڵه‌بجه‌، نزیكه‌ى 60 كه‌س شەهیدبوون و 100 کەسی دیکەش برینداربوون.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure