هه‌ده‌په‌: نزیكه‌ی 100 كورسی په‌رله‌مان به‌ده‌ستدێنین

هەواڵ / کوردستان :: 26/04/2018‌ :: 424‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نه‌زیر عه‌لی
ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی توركیا سەر بە پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) رایگه‌یاند، رێژه‌ی ده‌نگده‌رانی پارته‌كه‌یان روو له‌ زیادبوونه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی 24ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵدا نزیكه‌ی 100 كورسی په‌رله‌مان به‌ده‌ستدێنن.

له‌زگین بوتان، په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ له‌ شاری وانی باكوری كوردستان، بۆ دواڕۆژ وتی "هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ده‌نگه‌كانی هه‌‌ده‌په‌ له‌ توركیا و باكوری كوردستان زیادده‌بن و نزیكه‌ی 15%ی ده‌نگه‌كان بۆ هه‌ده‌په‌ ده‌بن".

وتیشی "شكستی سیاسه‌تی ئاكه‌په‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ به‌تایبه‌تی به‌رامبه‌ر پرسی تیرۆر له‌ رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست، بوونه‌تە هۆكار بۆ ئه‌وەی ئەو پارته‌ ده‌ست بۆ هاوكاری پارتی نه‌ژادپه‌رستی مه‌هه‌په‌ ببات، بۆیه‌ زۆرێك له‌ خه‌ڵكی توركیا به‌تایبه‌تی كورده‌كان بڕوایان به‌ ئاكه‌په‌‌ نه‌ماوه‌ و ده‌نگدەدەنە هه‌ده‌په‌".

ئاماژه‌ی بەوەشكرد كه‌ ئه‌وان له‌و بڕوایه‌دان هه‌ڵبژاردنی 24ی حوزیرانی ئه‌مساڵ پاك و بێگه‌رد نابێت، چونكه‌ ده‌وڵه‌تی توركیا باكوری كوردستانی وه‌ك سه‌ربازگه‌یەك لێكردووه‌ كه‌ ئەوروپا و ئه‌مریكاش تێبینییان له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وان وه‌ك پارتی دیموكراتی گه‌لان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ خۆیان ئاماده‌ده‌كه‌ن.

ئەنجومه‌نی باڵای هه‌ڵبژاردنی توركیا بڕیاریداوه‌ 10 پارتی سیاسی به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا بكه‌ن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure