رای پارتی و گۆڕان و یەكێتی لەسەر هاتنی عەبادی بۆ سلێمانی

هەواڵ / کوردستانی :: 25/04/2018‌ :: 1019‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێژنە عەلی
سەركردەیەكی پارتی هیوادارە حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر بۆ داوای لێبوردن لە خەڵكی كوردستان سەردانی شاری سلێمانی بكات، نەك بۆ بانگەشە، سەركردەیەكی گۆڕانیش دەڵێت، باوەڕی تەواویان هەیە هەر كەسێك لە پۆستی جێبەجێكردن بوو، نابێت بە ئاشكرا بانگەشە بكات، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی رای جیاوازی هەیە.
 

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆتێل گراند میلینۆم لە شاری سلێمانی، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە هاوكات سەرۆكی هاوپەیمانی (نەسر)ە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كۆبوونەوەیەكی جەماوەریی ساز بكات.
 
فازڵ بەشارەتی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند، دیارە ئێستا كەشی كوردستان كەشێكی بانگەشەیە، بەڵام بۆ كوردستانیان، نەك بۆ عەبادی و وتی "هیوادارم عەبادی بۆ داوای لێبوردن لەخەڵكی كوردستان بێت، چونكە هێشتا هەندێك لە تەرمی شەهیدەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەرمان لەكەركوك دەست نەكەوتۆتەوە".
 
ناوبراو وتیشی "عەبادی چ دەست و دیارییەكی بۆ خەڵكی كوردستان پێیە، لەبەرئەوە پێموانییە سیاسەتیش ئەوەندە رەهایەتی تێدا بێت یان خەڵكی كوردستانیش ئەوەندە بێهۆش و بێئاگا بن كە عەبادی بەو شێوەیە هەق بەخۆی بدات بێت لە كوردستان بانگەشە بۆ خۆی بكات".
 
هەروەها دلێر مستەفا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند "بەپێی دەستوری عیراق شتێكی ئاساییە، نیشانەی ئەهوەنی شارەكە و مومارەسەی دیموكراسییە كە سلێمانی هەموو كەس لەخۆدەگرێت، ئەسڵەن خۆشیشە سەركردە عەرەبەكان روو لەم شارە دەكەن كە بە ئۆپۆزسیۆنبوون لەم شارەوە رۆیشتوون، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنیش دێنەوە بۆ ئەم شارە".
 
حەیدەر عەبادی جیاواز لەوەی سەرۆكی هاوپەیمانی (نەسر)ە، سەرۆك وەزیرانی عێراقیشە كە بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لە عێراق.
 
رێبوار ئەحمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ رایگەیاند "ئێمە باوەڕی تەواومان هەیە هەر كەسێك لە پۆستی جێبەجێكردن بوو، نابێت بە ئاشكرا بانگەشە بكات، پۆستەكەی عەبادیش گشتییە و پەیوەندی بە هەموو خەڵكەوە هەیە، پاشان هەموو حزبێكی سیاسی كەسایەتی سیاسی دیكەی هەیە كە دەتوانن لەو رێگەیەوە بانگەشە بكەن، بەهەمان شێوە دەبینن لە كوردستان بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێم بانگەشە دەكەن كە ئەوەشمان پێباش نییە".
 
رێبوار ئەحمەد روونیكردەوە، ئەگەر حزبێك لای خەڵك ویستراو بێت خەڵك ناتوانێت رەتیبكاتەوە، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر لای خەڵك قبوڵكراو نەبێت، ناتوانێت بەو شێوازانە لای خەڵك جێی خۆی بكاتەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure