پارتى و یه‌كگرتوو رێكه‌وتنى نهێنى له‌نێوانیاندا له‌ كه‌ركوك ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 24/04/2018‌ :: 575‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
هەریەک لە پارتی و یەکگرتوو ده‌رباره‌ى بونى رێكه‌وتنێك له‌نێوانیان بۆ ده‌نگدانی لایەنگرانی لایه‌نى یه‌كه‌م بە کاندیدەکانی لایه‌نه‌كه‌ى تر لە پارێزگای کەرکوک ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و  رایدەگەیەنن "ئەو دەنگۆیانە دورن لە راستییەوە".


دوای ریفراندۆم و رووداوەکانی ١٦ى ئۆکتۆبەر و گەڕانەوەی ده‌سه‌ڵات و هێزى حکومەتی عێراق بۆ تەواوی ناوچه‌كانى سنوری ماددەی ١٤٠، پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند کە بەشداری له‌ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق له‌و ناوچانه‌ ناكات.

دواتریش ئه‌و حزبه‌ بڕیاریدا بایکۆتى هەڵبژاردن لە کەرکوک بكات و ئێستا ده‌نگۆى ئه‌وه‌ له‌ئارادایه‌ كه‌ رێكه‌وتنێكیان هه‌یه‌ بۆ ده‌نگدانی لایه‌نگرانیان به‌ كاندیده‌كانى یەکگرتووى ئیسلامى كوردستان له‌و شاره‌.

به‌ڵام ناسک تۆفیق، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوو بە دواڕۆژی راگەیاند "هیچ رێککەوتنێکمان نیە و نەمانبووە، ئەوەی باسدەکرێت دورە لەڕاستییەوە و یەکگرتوو خاوەن دەنگی خۆیەتی و پێویستی بەهیچ لایەنێک نیە دەنگی بۆ کۆبکاتەوە، لەگەڵ پارتیش رێکنەکەوتوین".

وتیشی "ئه‌و دەنگۆیانەی هیچ بنه‌مایه‌كی‌ نییه، نەک لەگەڵ پارتی لەگەڵ هیچ لایه‌نێكی سیاسی رێككه‌وتنمان نیە".

هاوكات محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی جگە لەوەی رەتیدەکاتەوە رێککەوتنیان هەبێت لەگەڵ هیچ لایەنێک دەشڵێت "ئەوەی باسدەکرێت لە میدیاکان گواییە پارتی بە لایەنگرانی وتووە، کە دەبێت دەنگ بە لایەنێکی تری سیاسی بدەن لەکەرکوک ئەوە راست نیە و تەنیا دەنگۆیە، چونکە هەمووان دەزانن بڕیاری پارتی بۆ کەرکوک بایکۆتە".

پارتی داوایدەکرد سەرجەم حیزبەکان بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەن لە کەرکوک، بەڵام تەنیا خۆیان بایکۆتیان کرد.

بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی ئەوەشی خستەڕوو "وەک هەمووکات و سەرەتاش دوای رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر داوامانکردووە سەرجەم حزبە كوردستانییەكان بایكۆتی هەڵبژاردن بکەن لەو پارێزگایە، چونکە ئێمە بە داگیرکراوی دەزانین، شەرعیەت نادەین بە داگیرکردن".

لە هەڵبژاردنی پێشوی پەرلەمانی عێراق لەکۆی دوانزە کورسی پارێزگای کەرکوک، لایەنە کوردییەکان توانیان هه‌شت کورسی بەدەستبهێنن، کە شەشیان بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو و پارتی-ش دوو کورسی بردەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure