سامان فه‌وزى: راگه‌یاندن ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌گۆڕێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 24/04/2018‌ :: 724‌ جار بینراوە
سامان فه‌وزى

دواڕۆژ، سامان قوبادى
له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا سامان فه‌وزى مامۆستاى راگه‌یاندن ده‌ڵێت "نابێت كه‌ناڵى راگه‌یاندن فێل له‌ كاندید بكات كه‌ چاوپێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ ده‌كات، له‌سه‌ره‌تادا هه‌ندێك زانیاریى بداتێ كه‌ له‌ پێشبینى كاندیده‌كه‌دا نه‌بێت كاتێك دێته‌ ناو به‌رنامه‌كه‌وه‌". باس له‌وه‌شده‌كات، له‌م هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌دا زمانى راگه‌یاندن زۆر تونده‌ و پابه‌ندى ئیتیكى رۆژنامه‌نووسیى نین.


دواڕۆژ: پێویسته‌ راگه‌یاندن له‌ ماوه‌ى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن چۆن مامه‌ڵه‌ بكات؟ جیاوازیى راگه‌یاندن له‌ پێش و له‌ كاتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن چییه‌؟
سامان فه‌وزى
:
ده‌بێت جیاوازى بكه‌ین له‌نێوان ئه‌و راگه‌یاندنانه‌ى سه‌ر به‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانن و به‌شداریى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌و میدیایانه‌ى كه‌ پێیان ده‌وترێت بێلایه‌ن، ئه‌ركى هه‌ر یه‌كه‌یان جیاوازه‌، له‌كاتێكدا میدیاى حیزبى زیاتر به‌ ئاراسته‌ى پیاهه‌ڵدان و ناساندنى كاندیده‌كان و به‌رنامه‌ى هه‌ڵبژاردنى بۆ ده‌نگده‌ران كارده‌كات، جۆرى دووه‌م، هه‌وڵده‌دات ره‌خنه‌ ئاراسته‌ى لایه‌نێكى دیكه‌ بكات، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌. زۆر ئاساییه‌ هه‌ردوو جۆرى راگه‌یاندنه‌كه‌ به‌و دوو ئاراسته‌یه‌دا كار بكه‌ن، به‌مه‌رجێك نه‌گاته‌ قاڵبى ناوزڕاندن و به‌كارهێنانى ده‌سته‌واژه‌ى زبر، چونكه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ى سه‌رپێچیى یاساییه‌وه‌ و به‌تاوان داده‌نرێت. هه‌مانكات راگه‌یاندنى ئه‌هلى ژماره‌یان كه‌مه‌ ده‌بێت بوار بده‌ن به‌سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانى دیكه‌ تا قسه‌ى خۆیان بكه‌ن، واته‌ به‌ یه‌ك دووریى له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه‌ بوه‌ستێت، هه‌روه‌ها چاودێرى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن بكات بۆ تۆماركردى سه‌رپێچییه‌كان و باسكردنى. به‌ڵام له‌ رووى یاساییه‌وه‌ هیچ جیاوازییه‌ك نییه‌ له‌ ته‌شهیر و ناوزڕاندن كه‌ له‌كاتى بانگه‌شه‌ جۆرێك بێت و كاتى ئاسایى به‌شێوه‌یه‌كى تر، سزاكه‌ى وه‌ك خۆیه‌تى.

دواڕۆژ: دواى تێپه‌ڕبوونى چه‌ند رۆژێك به‌سه‌ر هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هه‌ڵسه‌نگاندت بۆ مامه‌ڵه‌ و كارى میدیاكان چۆنه‌؟
سامان فه‌وزى
: به‌ر له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌شێك له‌ راگه‌یاندنه‌كان بانگه‌شه‌یان ده‌ستپێكرد، هه‌ست ده‌كرا كه‌ تاى هه‌ڵبژاردنه‌، له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا به‌ زمانێكى توند ده‌ستیان پێكردووه‌، ئه‌گه‌رچى بۆ په‌رله‌مانى به‌غدایه‌، به‌حوكمى ئه‌وه‌ى لایه‌نه‌ كوردییه‌كان ده‌نگى یه‌كترى ده‌به‌ن، هه‌روه‌ها لیست و كاندیده‌كان له‌ رێگه‌ى سۆشیال میدیا زمانێكى توند و ته‌شهیركردن به‌كارده‌هێنن، وێنه‌ى ده‌ستكارى كراو بڵاوده‌كرێته‌وه‌ و تۆمه‌تیش بۆ كه‌سانێك هه‌ڵده‌به‌سترێت له‌ ریگه‌ى هه‌ندێك ماڵپه‌ڕه‌وه‌ كه‌ خاوه‌نه‌كانیان دیار نین، كاتێك سكاڵا به‌رزده‌كرێته‌وه‌ نازانرێت كێ به‌ڕێوه‌ى ده‌بات. پێویسته‌ كۆمسیۆن چاوكراوه‌ بێت و به‌رده‌وام سه‌رپێچییه‌كان رابگه‌یه‌نێت، بۆ ئه‌وه‌ى لیسته‌كانى تر بترسێنێت و سه‌رپێچییه‌كان كه‌م بكرێنه‌وه‌. هاوكات پێویسته‌ راگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م سه‌رپێچییانه‌ بكات تا توندوتیژیى لێنه‌كه‌وێته‌وه‌ و ئاراسته‌یه‌كى خراپ وه‌رنه‌گرێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر راگه‌یاندن توند بێت په‌ل ده‌هاوێژێت بۆ توندوتیژیى جه‌سته‌یى.

دواڕۆژ: پێتوایه‌ میدیاكان رۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ ناساندنى كاندیده‌كان به‌شێوه‌یه‌كى باش، به‌ڵام له‌ خۆیان بێتوانابن؟ چۆن بتوانێت یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ ده‌نگده‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنى لیست و كاندیدى راسته‌قینه‌ و متمانه‌پێكراو؟
سامان فه‌وزى: میدیاى لایه‌نێكى سیاسى هه‌وڵده‌دات كاندیده‌كانى بكات به‌ پاڵه‌وان، بۆیه‌ ئاساییه‌ میدیاى به‌رامبه‌ر به‌ به‌ڵگه‌وه‌ خراپییه‌كان له‌سه‌ر لیستى به‌رامبه‌ر بڵاوبكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ى كه‌ گرنگه‌ به‌رچاوروونكردنى خه‌ڵكه‌ كه‌ ده‌نگ ده‌دات به‌ كێ؟ حاڵه‌تێكى ئاساییه‌ راگه‌یاندن ته‌نها خۆى له‌ پیاهه‌ڵداندا نه‌بینێته‌وه‌، به‌ڵكو بریتی بێت له‌ ره‌خنه‌گرتنیش به‌شێوازێكى شارستانى و له‌ چوارچێوه‌ى یاسا و دوور له‌ وێنه‌ى دروستكراو.

دواڕۆژ: له‌باره‌ى لێپرسینه‌وه‌ یان شكاندنى كاندیده‌كان له‌ میدیاكانه‌وه‌ چی ده‌ڵێیت؟ ئایا سه‌رپێچییه‌؟
سامان فه‌وزى
: ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌وكاته‌ى قسه‌ له‌گه‌ڵ كاندیده‌كه‌ ده‌كرێت، ئایا پێى وتراوه‌ زانیارییه‌كانت تاقیده‌كرێنه‌وه‌؟ یاخود پێى وتراوه‌ پرسیارت لێده‌كرێت كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى زانیارییه‌كانت؟. ده‌بێت راگه‌یاندنكار راستگۆ بێت له‌گه‌ڵ كاندید، ئه‌گه‌ر واى پێنه‌وترابێت ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ى سه‌رپێچى ئیتیكییه‌وه‌. نابێت كه‌ناڵى راگه‌یاندن فێل بكات له‌گه‌ڵ ئه‌وكه‌سه‌ى چاوپێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ ده‌كات، له‌سه‌ره‌تادا هه‌ندێك زانیاریى بداتێ كه‌ له‌ پێشبینى كاندیده‌كه‌دا نه‌بێت كاتێك دێته‌ ناو به‌رنامه‌كه‌وه‌. هه‌مانكات رۆڵى راگه‌یاندن ته‌نها گه‌یاندنى هه‌واڵ نییه‌، به‌ڵكو چاودێریشه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئایا ئه‌وكه‌سانه‌ چین و كێن كه‌ كاندید كراون؟ ئایا له‌ ئاستى ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌دان؟ هه‌ندێك پرسیار هه‌یه‌ كه‌ ره‌نگه‌ گرنگ نه‌بێت، ئاساییه‌ كاندیدێك نه‌یزانێت، به‌ڵام پرسیارى ئه‌ساس و گشتى هه‌یه‌ ده‌بێت كاندید بیزانێت.   

دواڕۆژ: چۆن له‌كاتى هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا میدیا و رۆژنامه‌نووسى به‌رپرسیار و نا به‌رپرسیار جیابكرێته‌وه‌؟
سامان فه‌وزى: میدیاى سه‌ربه‌خۆى به‌رپرسیار ده‌بێت كاتى گونجاو و یه‌كسان بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان ته‌رخان بكات، ئه‌گه‌ر هه‌وڵیدا لایه‌نێك یان كاندیدێك بخاته‌ پێشه‌وه‌ پێویسته‌ به‌شێوازى ریكلام بێت، به‌ڵام هه‌ندێك میدیا بۆ به‌شێك له‌ لیست و كاندیده‌كان ناوى لێ ناوه‌ ریكلام، ره‌نگه‌ بۆ كاندیدێك كه‌ بیه‌وێت ریكلامى بۆ نه‌كات بڕێك پاره‌ى زۆرى لێ داوا بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كاندیدێكى تریش كه‌ له‌ كه‌ناڵه‌كه‌وه‌ نزیكه‌ به‌بێ به‌رامبه‌ر بۆى بكرێت، بۆیه‌ میدیاى به‌رپرسیار ئه‌گه‌ر بێلایه‌ن بێت پێویسته‌ له‌یه‌ك دوورى به‌رامبه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كان بوه‌ستێت و چاودێریى سه‌رپێچییه‌كان بكات. هه‌میشه‌ ده‌ڵێین كارى میدیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى گشتییه‌، ده‌بێت دروشمى به‌دیهێنانى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى له‌ مێشكى میدیاكاردا هه‌بێت، نابێت كه‌سێك بكات به‌ پاڵه‌وان یان كه‌سێكى به‌توانا له‌ لیستێكى تر هه‌وڵى تۆمه‌ت دروستكردنى بۆ بدات، له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا پێویسته‌ بابه‌تیانه‌ كاربكات بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك به‌رچاوى روون بێت.

دواڕۆژ: پێتوایه‌ میدیا بتوانێت كاریگه‌ریى له‌سه‌ر ده‌نگده‌ر هه‌بێت و ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كى تردا بگۆڕێت؟
سامان فه‌وزى
: له‌ وڵاتى دیموكراسیدا میدیا گاریگه‌ریى هه‌یه‌ له‌سه‌ر گۆڕینى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان، بۆیه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ گرنگییه‌وه‌ كار له‌سه‌ر میدیا ده‌كه‌ن، به‌و پێیه‌ى ده‌نگى هاووڵاتى به‌ كاتژمێر له‌ گۆڕاندایه‌، كاتێك تۆمه‌ت یان ئابڕوچوونێك له‌سه‌ر  لیستێك بڵاوده‌كرێته‌وه‌ ره‌نگه‌ ده‌نگى بگۆڕێت، به‌ڵام هه‌رێمى كوردستان به‌شێكى زۆرى ده‌نگه‌كان یه‌كلایى بوونه‌ته‌وه‌، ته‌نها به‌شێكى كه‌مى ماوه‌ كه‌ میدیا كاریگه‌ریى له‌سه‌ر هه‌یه‌. له‌ وڵاتانى دیموكراسیدا به‌كارهێنانى میدیا و پاره‌ بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن تا سنوورێكى دیاریكراو رێگه‌ى پێده‌درێت، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رفه‌تى خۆناساندن بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان بێته‌ پێشه‌وه‌. 

دواڕۆژ: ئایا هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌یت كارى میدیاكان له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا ساده‌ و ته‌قلیدیه‌، یاخود تازه‌گه‌ریى تێدایه‌؟
سامان فه‌وزى: ته‌له‌فزیۆن و سۆشیال میدیا پێش هه‌موو ده‌زگاكانى تر كه‌وتووه‌، به‌ڵام جیاوازیى نییه‌ له‌ رووى هونه‌رییه‌وه‌ له‌ ئێستا و هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشوودا، به‌ڵكو جیاوازییه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌  پێشێلكاریى ئیتیكى رۆژنامه‌نووسی كراوه‌، هه‌ندێكجار داهێنان له‌ جۆرى پێشێلكارییه‌كان ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت له‌ دروستكردنى سایتى سێبه‌ر و وه‌همى بۆ لێدان له‌ لیستێك یان كاندیده‌كان.

دواڕۆژ: ده‌گونجێت كه‌ناڵى سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن له‌ماوه‌ى هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا به‌ گرێبه‌ست ته‌نها كار بۆ لیستێكى دیاریكراو بكات؟
سامان فه‌وزى
: له‌ هه‌ندێك وڵات لایه‌ن ته‌له‌فزیۆنیان نییه‌، كه‌ناڵه‌كان به‌و شێوازه‌ى كوردستان دابه‌شنه‌بووه‌ به‌سه‌ر لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا، بۆیه‌ له‌كاتى بانگه‌شه‌دا گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كه‌ناڵێكى ئه‌هلى ده‌كات بۆئه‌وه‌ى ماوه‌یه‌ك شاشه‌كه‌ى ته‌رخان بكات بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن، بۆیه‌ پێویستى به‌ دامه‌زراندنى كه‌ناڵ نابێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌ناڵێكى ئه‌هلى بێلایه‌ن گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ لایه‌نێك بكات له‌م ماوه‌یه‌دا ئه‌مه‌ گومان ده‌خاته‌سه‌ر بێلایه‌نبوونى كه‌ناڵه‌كه‌ له‌ داهاتوودا، پێویسته‌ ده‌رفه‌ت به‌ لایه‌نه‌كانى تریش بدات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە