كۆمسیۆن داوایەك ئاڕاستەی هاووڵاتیان دەكات

هەواڵ / کوردستان :: 24/04/2018‌ :: 927‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
به‌رپرسی ئۆفیسی هه‌ولێری كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، تاوه‌كو ئێستا 222 هه‌زارو 197 هه‌وڵاتی له‌ هه‌ولێر كارتی ده‌نگدانیان وه‌رنه‌گرتووەته‌وە، ده‌ڵێت "له ده‌نگدانی تایبه‌ت 19 هه‌زار كه‌س كارتیان وه‌رنه‌گرتووەته‌وه"‌. 

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 24ی نیسانی 2018، عەلى قادر، بەرِێوەبەرى ئۆفیسىى هەولێرى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کۆبونەوەى ئەمرِۆى ئۆفیسەکەیاندا کارمەندانى کۆمسیۆن بڕیاریانداوه‌ بۆ ئەوەى زۆرترین کارتى دەنگدان بدەنەوە بە هاوڵاتیان دەوامیان كردۆته‌ دوو شەفت به‌جۆرێك له‌ دوای ده‌وامی به‌یانیان شەفتى ئێواران لە کاتژمێر ٦ بۆ ١٠ شەو دەبێت و داواشی له‌ سەرجەم فەرمانگە و رێکخراوەکان كرد هاوکاریيان بكه‌ن تا هاولاتیان کارتى دەنگدان وەربگرنەوە.

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، له‌ ئه‌مڕۆ به‌ دواوه‌ تا ١٠ رۆژى تر هاوڵاتیان بۆیان هەیە کارتەکانیان وه‌ربگرنه‌وه‌ بە پێچەوانەوە کارتەکان دەگەرِێتەوە بەغدا و ئەو کەسانەى کارتى دەنگدان وەرنەگرنەوە مافى دەنگدانیان لەم هەڵبژاردنەو هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان نابێت.

وتیشی "تاوەکو ئێستا ٦٤٧ هەزار و ٣٩٨ کارت كه‌ بایۆمه‌تریان كردووه‌ هاتووه‌ بۆ هه‌ولێرو له‌و رێژه‌یه‌ش ٤٢٥ هەزار و ١٨٠ کارت دابه‌شكراوه‌، ئه‌وه‌ی تاوه‌كو ئێستاش دابه‌شنه‌كراوه‌ بریتیيە لە ٢٢٢ هەزار و ١٧٩ کارت، هه‌روه‌ها رۆژانەش نزیکەى ١٠ بۆ ١١ هەزار کارت دابەشده‌كرێت".

روونیشیكرده‌وه‌، پێویستە لەمرِۆوە دابەشکردنى کارتەکان بکەینە دوو هێندە تاوەکو سەرجەم کارتەکان دابەش بکرێن کە لە ٦٩ بنکە ئەو کارە دەکەن.

له‌ باره‌ی ده‌نگدانی تایبه‌تیش ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، ٧٠ هەزار و ٨٣ کارتیان بۆ هاتۆتەوەو لەم ڕێژه‌یه‌ش ٥١ هەزار کارت دابەش کراوەو ١٩ هەزار کارتى دەنگدان ماوەو داوا لەهێزەکانى ناوخۆو ئه‌منییه‌كان دةكةن په‌له‌ بكه‌ن له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی كارتی ده‌نگدان. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure