ڤیدیۆ: ژنە پزیشكێك بێبه‌رامبه‌ر هاوكاری تووشبووانی شێرپه‌نجه‌ ده‌كات‎

هەواڵ / ڤیدیۆ :: 24/04/2018‌ :: 215‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
خانمه‌ پزیشكێكی كوردی دانیشتووی دانیمارك ژماره‌یه‌ك مه‌مكی ده‌ستكرد بۆ ئه‌و ئافره‌ته‌ كوردانه‌ دابینده‌كات كه‌ به‌هۆی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌وه‌ مه‌مكیان بڕاوه‌ته‌وه.


دكتۆرە نگین جەعفەر، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ژنان و منداڵبوون و مامۆستای نەشتەرگەری ناوبینی لە زاكۆی ئۆدێنسه‌ی دانیمارك (Odense University hospital) ، كه‌ 10 ساڵه‌ له‌و وڵاته‌ نیشته‌جێیه‌، له‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان.

له‌لێدوانێكدا ئەو پزیشكە به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستا ژماره‌یه‌ك ئافره‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان داوایانكرد هاوكارییان بكه‌م له‌ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی تووشی هاتوون كه‌ شێرپه‌نجه‌ی مه‌مكه".

ئه‌و دكتۆره‌یه‌ وتیشی "ئه‌و ژنانه‌ به‌هۆی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌وه‌ تووشی بڕینه‌وه‌ی مه‌مك بوون، له‌ وڵاتی دانیماركیش مه‌مكی ده‌ستكرد به‌ شێوازێكی زۆر پێشكه‌توو دروست ده‌كرێت، ئه‌و ژنانه‌ی مه‌مكیان بڕاوه‌ته‌وه‌ ده‌توانن به‌كاریبهێنن".

نگین جه‌عفه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، نرخی هه‌ر مه‌مكێكی ده‌ستكرد 700 دۆلاره‌و ‌بێبه‌رامبه‌ر ده‌یبه‌خشێته‌وه‌ به‌ ئافره‌ته‌كان و هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و ئافره‌تانه‌شی كه‌ به‌هۆی به‌كارهێنانی ده‌رزی و ده‌رمانی شێرپه‌نجه‌وه‌ قژیان هه‌ڵوه‌ریوه‌ په‌ڕۆیه‌ك كه‌ به‌ شێوه‌ی كڵاو دروستكراوه‌، بۆ سه‌ری ئه‌و ئافره‌تانه‌ ئه‌ویش به‌ بێبه‌رامبه‌ر پێشكه‌شیان ده‌كرێت.

روونیشیكرده‌وه‌، پێشكه‌شكردنی ئه‌و دوو جۆره‌ كه‌لوپه‌له‌ ده‌بێته‌ هۆكاری ره‌واندنه‌وه‌ی خه‌م و ئه‌و نه‌خۆشییه‌ دروونییه‌ی به‌هۆی بڕاوه‌نه‌ی مه‌مكیانه‌وه‌ تووشیان بووه.

له‌باره‌ی چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌شه‌وه‌ ناوبراو وتی "پێشتر ئه‌و ئافره‌تانه‌ ناوی خۆیان تۆمار كردووه‌و زانیارییه‌كانیان لای ئه‌وان هه‌یه‌ كه‌ گه‌یشتمه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان ئاگاداریان ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و كه‌لوپه‌لانه"‌.

له‌باره‌ی دابینكردنی سه‌رچاوه‌ داراییه‌كی ئه‌م كه‌لوپه‌لانه‌ ڕایگه‌یاند "پاره‌كه‌ له‌لایه‌ن ڕێكخراوه‌ خێرخوازییه‌كانی دانیماركه‌وه‌ دابینكراوه".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە