سوپاسالار: به‌غدا ده‌یه‌وێت پێشمه‌رگه‌ به‌بێ ده‌سه‌ڵات بگه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان

هەواڵ / کوردستان :: 23/04/2018‌ :: 492‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
سوپاسالاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاشكرایده‌كات، هاوكارییه‌كانی حكومه‌تی ئەمریكا بۆ پێشمه‌رگه‌ گۆڕاوه‌ و له‌كۆی هه‌شت لیوای هه‌ڵوه‌شاوه‌ش ته‌نها یه‌ك لیوا یه‌كیان نه‌گرتۆته‌وه‌.

جەمال ئیمنكی، سوپاسالاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "لە كۆی 8 لیوای هه‌ڵوه‌شاوه‌ له‌ دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبەری پارساڵ ته‌نها یه‌ك لیوا یەكنه‌خراوه‌تەوە و چاكسازییش لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا بەردەوامە و به‌مزووانه‌ش پێداچوونه‌وه‌ و گۆڕانكاری له‌ هه‌یكه‌لی لیواكان ئه‌نجامده‌ده‌ن و پاشان ده‌ستده‌كه‌ن به‌ ڕاگه‌یاندنی یه‌كگرتنه‌وه‌ی ته‌واوی لیوا هه‌ڵوه‌شاوه‌كان".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، شێوازی هاوكارییەكانی حكومه‌تی ئەمریکا بۆ پێشمه‌رگه‌ گۆڕاوە، لە پێدانی چەك و تەقەمەنییه‌وه‌ بۆته‌ هاوكاری دارایی مانگانه‌ و دەستەبەركردنی مەشق و راهێنان و دروستكردنی نەخۆشخانەی سەربازی له‌گه‌ڵ دروستكردنی چەند باڵه‌خانه‌ و وەرشەیەكی تایبه‌ت بە چەك و تەقەمەنی.       

له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان سوپاسالار، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هیچ دانووستانێكی فەرمی لەئارادا نییە، به‌ڵام له‌باره‌ی جموجۆڵی گروپی داعش لە ناوچەكانی ماددەی 140 گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان كراوه‌.

ئاشكراشیكرد، حكومەتی عێراق داوایكردووه‌ ناوەندی هەماهەنگیی هاوبەش دروستبكرێت لەناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، بەڵام وەك وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ دروستكردنی ژووری هەماهەنگیی هاوبەشمان ڕەتكردەوە، چونكه‌ به‌غدا ده‌یه‌وێ پێشمه‌رگه‌ بێ ده‌سه‌ڵات بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان نایانەوێت چەند ئەفسەرێكی كورد بەبێ دەسەڵات بچن و بەشداربن لەو ناوەندانەدا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure