سەندیکای رۆژنامەنووسان: ئامارى پێشێلکارییەکان مایەى نیگەرانییە

هەواڵ / کوردستان :: 22/04/2018‌ :: 328‌ جار بینراوە

تاگ :: میدیا

دواڕۆژ
ئەمڕۆ 22ی نیسانی 2018 لە یادى (120) ساڵەى ڕۆژنامەگەرى کوردیدا، سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە هێشتا ئاماری پێشێلکارییەکانی بەرامبەر رۆژنامەنووسان مایەی نیگەرانییە.

دەقی راگەیەنراوەکە:

 
بەیاننامەى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان
لە یادى (120) ساڵەى ڕۆژنامەگەرى کوردی دا
ڕۆژنامەنووسانى ئازیز


ئەمڕۆ لێرە کۆبوینەتەوە بۆ ڕێزگرتن لە (120) ساڵەى ڕۆژنامەگەرى کوردى، بۆ یادکردنەوەى مێژوو، سیمبوڵ و ڕێنسانسێک و شۆڕشێکى ڕاگەیاندن، فکرى، نیشتمانى و نەتەوەیی لەسەر دەستى میقداد مەدحەت بەدرخان و بنەماڵەکەى، بە دەرچوونى یەکەمین ڕۆژنامەى کوردستان لە 22 نیسانى 1898.

ئەم ڕێنسانسە فەرهەنگییە لە هەلوومەرجێکدا خۆی ڕاگەیاند، کە وڵاتانى زلهێز و نەیارانى گەلى کورد لەوپەڕى بەهێزیدا بوون، یان لەلایەن دەوڵەتە زلهێزەکانەوە پشتیوانى سیاسی و سەربازى، تەنانەت فەرهەنگى و ڕۆژنامەوانیش دەکران.

بەڵام لەو هەلوومەرجە دژوارەى سەردەمى ئیمپڕاتۆریەتى عوسمانى و سەفەوى، سەردەمى ترس و فۆبیا و خەفەقانى ئەواندا، نەک ڕێگەیان نەدەدا کورد تەعبیر لە خواستەکانى خۆى بکات، تەنانەت بە دەیان نوسەر، رۆشنبیر و سیاسی کوردیان تیرۆر کرد و تەنانەت هەوڵى تیرۆرکردنى میقداد بەردخانیان دا بۆیە بە ناچارى پەنای بردە بەر دەرەوە و لە تاراوگە ڕۆژنامەکەى دەرکرد.

ڕۆژنامەنووسانى ئازیز و خۆشەویست

بەڵام ئەم هەوڵانەى وڵاتانى داگیرکار بەرامبەر گەلى کورد، هەرگیزاو هەرگیز بە ئێستاشەوە نەیتوانى و ناتوانێ ئەم خەون، خولیا و مافە سادە بۆ ژیان و تێکۆشان و ڕۆژنامەوانى و ئازادى لێ زەوت بکات و لێ بسێننەوە، باشترین بەڵگە و فاکت، هەر ئەو ئامادەگییەى ئێوەیە لەم مەیدانەدا، ئەو ئەفراندنەیە، کە ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران لە دواى ڕاپەرین بونیادیان ناوە بە دەرکەوتنى، ئەو سەدان کەناڵە، کە لە هەرێمى کوردستان پەخش دەکەن و ئەو هەزاران ڕۆژنامەنووس و میدیاکارانەیە، کە ڕۆڵى گەورەیان هەبوو لە فەراهەمکردنى ئازادیدا.

ڕۆژنامەگەرى کوردى ڕۆڵى گەورەى بینیوە و هەنگاوى گەورەى ناوە لە پراکتیزەکردنى دیموکراسی و فەراهەمکردنى ئازادیدا و یەکێک بوە لە پایەکانى دیموکراسی و فەراهەمکردنى خواستەکانى خەڵک.

بەڵام ئەوەش ڕاستە، کە هێشتا یاساکانى کارى ڕۆژنامەنوسی ژمارە (35) ساڵى 2007 و یاسای مافى بەدەستهێنانى زانیارى ژمارە (11) ساڵى 2013، یاساى مافى خانەنیشینی ڕۆژنامەنووسان جێبەجێنەکراوە و کارى ڕۆژنامەنووسی وەکو پیشە سەیر ناکرێت و بە حرفیەیی نەکراوە.

هێشتا تیرۆرى ڕۆژنامەنووسان بەردەوامە و بکوژەکانیان دیارى نەکراون و بە سزاى تاوانەکانیان نەگەیشتوون، خوێنى بە ناحەق ڕژاوى (عەبدولستار تاهیر شەریف، سۆران مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانى، ویداد حوسێن) ونە و بکەرانیان مەعلوم نین، وەڵامێک بە خانەوادە و کەسووکارى چاوەڕوانى ئەم قەڵەمە ئازاد و ئازادانە نییە.

هێشتا ئامارى پێشێلکارییەکان مایەى نیگەرانییە و ساڵ بە ساڵ ڕێژەکانیان زۆرتر و زیاتر کەڵەکە دەبن و ڕێگرى و ئاستەنگ لەم ناوچە یان ئەو ناوچە بۆ ڕۆژنامەنووسان دێتە پێش و ڕێز لە پیشەى ڕۆژنامەنووس ناگیرێت.

ئامارەکان دەڵێن لە 1/1/2008 تا 22/4/2018 (1383) پێشلێلکارى بەرامبەر زیاتر لە (1000) ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراون، بەبێ ئەوەى کەمترین کەس و لایەنى پەیوەندیدار سزا درابن، ئەمەش ساڵ بە ساڵ نیگەرانى ئێمە لە وەزارەتى ناوخۆ و لایەنە ئەمنییەکان زۆرتر دەکات.

ڕۆژنامەنووسانى ئازاد و خاوەن قەڵەم  

ئەنجوومەنى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسان، نیگەرانە لەو پێشێلکاریانە و بەتایبەتى بەمدواییە لە کاتى خۆپیشاندانەکانى مامۆستایان لە هەرێمى کوردستان ڕوویدا، بەتایبەت لە شارى هەولێر زۆرترین پێشێلکارى ڕوویدا و سوکایەتى بە بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان کرا.

بۆیە بەڵێن دەدەین بەردەوام لە پشت خواست و داواکانتانەوە بین بۆ پاراستنى مافەکانتان و بەدیهێنانى ئازادى و زۆرتر و فەراهەمکردنى خواست و داواکارییەکانتان.

کەناڵەکانى ڕاگەیاندن و میدیاکارانى بەڕێز

ئەمساڵ لە کاتێکدا یادى (120) ساڵەى ڕۆژنامەگەرى دەکەینەوە، کە خەریکى بانگەشەى هەڵبژاردنین بۆ ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق.

بۆیە جیالەوەى پێویستە کەناڵەکانى ڕاگەیاندن و میدیاکاران بەپێى پرەنسیپەکانى کارى ڕۆژنامەوانى مامەڵە بکەن و ڕێز لە فکر و ئایدۆلۆژیاى جیاواز یەک بگرن، پێویستە هانى خەڵکى کوردستان بدرێت وەکو پرسێکى نیشتمانى و نەتەوەیی سەیر بکرێت و لە هەمانکاتدا لەسەر حکومەتى عێراق و هەرێم و لایەنەکان پێویستە ڕێز لە میدیاکاران بگرن و هاوکاریان بکەن و پێشێلکاریان دەرهەق ئەنجام نەدەن، بەتایبەت لە ڕۆژى دەنگداندا، کە ئەزمونێکى خراپمان هەیە لە مامەڵەى دەزگا ئەمنییەکانى بەغدا و هەولێر لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا.

ڕۆژنامەنووسانى بەڕێز

بۆ چارەسەرى گرفتەکانى بەردەم ڕۆژنامەنووسان لە کوردستان داوا دەکەین، بە پەلە کۆنگرەی سەندیکاى ڕۆژنامەنووسان شەفاف و ڕوون ببەسترێت بۆ چاکسازى لە سەندیکاى ڕۆژنامەنووسان.

هیوادارین یادى (120) ساڵەى ڕۆژنامەگەرى کوردى، ببێتە سەرەتایەکى باشتر بۆ کوردستان و بەتایبەتى بۆ ڕۆژنامەنووسان و بۆ چاککردنى بارودۆخى سەندیکاکەتان.

بەرز و بەڕێز بێت یادى (120) ساڵەى ڕۆژنامەگەرى کوردى
ئەنجوومەنى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان
22 نیسانى 2018



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure