شاندێکی حکومی و بازرگانی بەرەو بریتانیا بەڕێکەوتن

هەواڵ / ئابوری :: 23/04/2018‌ :: 295‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

رۆژی یەکشەممە 22ی نیسان، شاندێکی حکومی و بازرگانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە دیدارێکی بازرگانی لەژێر ناوی "پێکەوە عێراق بنیات دەنێین" بەرەو بریتانیا بەڕێکەوتن.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە لێدوانێکدا بە دواڕۆژی وت "شاندێکمان لە هەولێرەوە بەرەو بریتانیا بۆ بەشداریکردن لە دیداری بازرگانی لەنێوان بازرگانانی عێراق و بریتانیا و گفتوگۆکردن لەسەر ھەلی بازرگانی لە عێراق بەڕێکەوتن".

وتیشی "دیدارەکە چەند لایەنێکی ھەمەجۆری بازرگانی لەخۆی دەگرێت لەوانە، بازرگانی گشتی، ھەناردە و ھاوردەکردن، بیناسازی، خواردەمەنی و کشتوکاڵ، سیستمی دارایی و ئـاڵوگۆڕی دراو، گەشتکردن و هـۆتێل، گواستنەوە، کەرەستەی تەندروستی، کەرەستەی ئـەلیکترۆنی، کەرەستەی بیناسازی و پیشەسازی".

ئاماژەی بەوەشدا، بەشداربوانی دیدارەکە پێکھاتون لە بازرگانان و نوێنەرانی ژوری بازرگانی و پیشەسازییەکانی عێراق و بریتانیا وە لەلایەن ئـەنجومەنی بازرگانی عێراقی-بریتانی ڕێکخراوە.

شاندەکەی ھەرێم پێکھاتوە لە سەرۆکی یەکێتی ژورە بازرگانییەکان و سەرۆکەکانی ژورە بازرگانییەکانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و قایمقایمی سلێمانی و پارێزگاری ھەولێر و چەند بازرگانێکی کوردستان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure