ناسۆری برا ئەرمەنیەكان

هەواڵ / چاوی تۆ :: 22/04/2018‌ :: 277‌ جار بینراوە

عەلی مەحمود  محەمەد 

كە دەچیتە مۆنمێنتی جینۆساید لە شاری یەریڤان, پڕە لە وێنەی سەرۆك عەشیرەتە  كوردەكان كە بەشدار بوونە  لە جینۆسایدی  ئەرمەنەكان, ئەو وێنانە بوونەتە بەشێك لە زاكیرەی ئەو گەلە, بە سانایی ناسڕێتەوە, لەبەردەم  هەڵوێستدا راماندەگرێت, نایشبێت تا كۆتایی سەرمان لە ژێر لمدا بشارینەوە لە ترسی هەڵوێست دەربڕین, پێویستە هەنگاو بنێین بۆ سڕینەوەی شوێنەوارەكانى رابردوو, ئەویش داننانە بە راستیەكان وەك ئەوەی لە حەقیقەتدا هەیە نەك  وەك ئەوەی دەمانەوێت و پینەوپەڕۆی بكەین, یاخود ئەوەی ناسیۆنالستەكانى هەردوولا كردوویانە  بە مەیدانی شەڕی موقەدەسە پووچەكانیان. دەبێت رێگا لە ناسیۆنالیزمی هەردوولا بگرین نەوت بە ئاگری رابردوودا بكەن, ئەوان لە پاڵ توركیا سەرۆك عەشیرەتە  كوردەكانی باكور و سەرۆك عەشیرەتە عەرەبەكانی سوریا بە هاوبەش-ی تاوان دەزانن. 

نكۆڵیكردن بۆخۆی درێژەدانە بە تاوان, رێگەگرتنە لە سارێژبوونی بیرینەكانی رابردوو, درێژەدانە بە شەڕی باووباپیران بە نەوەی نوێ. گەلی كورد بەرپرسیارێتی یاسایی هەڵناگرێت بەرامبەر بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەكان, بەڵام دەبێت بەرپرسیارێتی تاوانی هەندێك لە هاووڵاتیانه‌ی بگرێتەئەستۆ كە هاوكاری سوپای عوسمانی بوونە لە تاوانەكە, دەبێت دان بە حەقیقەتی یاسایی تاوانەكەدا بنێت و لەبری ئەو كوردە خۆفرۆشانەی بەشدار بوونە لە تاوانەكە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی  هەڵبگرێت, دەبێت جێگاوڕێگای مرۆڤەكان لە مێژوودا وەك خۆی نیشان بدرێت.

 نابێت هاشا لە بەشداریی هەندێك لە سەرۆك عەشیرەتە كوردەكان بكرێت لە تاوانەكە, كە هەندێكیان تاوانی قێزەونیان ئەنجامداوە وەك بەشێك لە سوارەی حەمیدیە, بەڵام بەشێوەی سستامتیك كوردەكان بەشدارییان نەكردووە لە تاوانەكەدا, چونكە دەوڵەتیان نەبووە و بڕیار لای ئەوانەوە دەرنەچووە, بۆیە پێویستە تاك لایەنە نابێت سەیری رووداوەكان بكرێت. نابێت هەڵوێستی ناسیۆنالزمە راستگەراكانی پۆڵەندا و فەرەنسا و...هتد دووبارە بكرێتەوە، دامەزرێنەری بەرەی نیشتمانیی فەرەنسی ئینكاری هۆلۆكۆست دەكات, دەڵێت بە بەشێك لە وردەكاریی جەنگی جیهانیی دووەمی دەزانن. تەنانەت لە یاداشتەكانیدا بە توندی داكۆكی لە فلیپ بیتان سەرۆكی حكومەتی فاشی پاشكۆی هیتلەر دەكات لە فەرەنسا, حكومەتی راستگەرای پۆڵەنداش بڕیاری 3 ساڵ زیندانیی بۆ ئەوانە دەركرد كە هەندێك لە هاوكارانی پۆڵەندی نازیەكان بە هاوبەش دادەنێن لە تاوانی هۆلۆكۆستدا, ئەمەش وەك داكۆكی لە كەرامەتی نیشتمانی. ئەمە بۆخۆی  ئینكاریی تاوانی هاوبەشانی نازییەكانە و داكۆكییە لە هاوبەشانی تاوانەكانی نازیەت. دەسەڵاتی شاری سربرنیتشا بەرزترین رێزلێنانی بەخشی بە میلواراد دودیك سەرۆك  ئەركانی سوپای بۆسنە  كە ئینكاریی كۆمەڵكوژیی سربرنیتشا  دەكات.

ئینكاركردنی  تاوان, بۆخۆی درێژە دانە بە تاوان بە شێوەی نەرم, مرۆڤایەتی رۆژ لە دوای رۆژ  دەگات بە حەقیقەتەكانی رابردوو, سەردەمی شاردنەوەی زانیاری و حەقیقەتەكان بەسەرچووە, بۆیە رۆژێك زووتر داننان بە حەقیقەتدا, ئارامبەخشترە و جوانكردنی سیمای گەلە. كریس ئەندەرسن سەرنووسەری گۆڤاری وایەرد رایگەیاند زانیارییە زۆر و زەبەنەكان لە سەردەمی ئینتەرنێت, هەموو راستیەكان ئاشكرا دەكات, پێویست بە زانست و تیۆری ناكات.

نەتەوەپەرستی و ئاینپەرستی چاوی مرۆڤەكان لە ئاست داننان بە راستیەكان و حەقیقەتی مێژوویدا كوێردەكات, مرۆڤایەتی  لە بیركردنەوەدا دەكوژێت, هەڵوەدای پاكیزەیی نەتەوە و ئاینە, بۆیە بە نەنگیی دەزانێت دان بە ناشرینیەكانى رابردوودا بنێت, با ئێمەش  نەكەوینە داوی ناسیۆنالیزمی تورك موتوربەكراو بە ئاینەوە, سەیری هەڵوێستەكانیان بكەن نەك لە شاری  قۆنیای  بگرە لە لاهای و  برۆكسل.

لە 2ی حوزەیرانى2016 بۆندستاغی ئەڵمانیا دانینا بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەكان, پێشتریش بەلجیكا هەمان هەنگاوی نابوو, ئەوەی لای من گرنگە  لە پرۆسەی داننان بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەكان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا و بەلجیكا, بۆچوونی دوو پەرلەمانتاری توركە لە پەرلەمانی ناوەندی ئەڵمانیا و پەرلەمانی هەرێمی برۆكسل لە بەلجیكا, هەردووك بە پاشناوی ئۆزدەمیر ناوەكانیان هاتووە, یەكیان پیاوێكى چەپی ژینگەپارێز و ئەوی دیكە ژنێكی حیجاب لەسەرى نەتەوەیی ئیسلامی, هەردووكیان لەدایكبووی دەرەوەی توركیا و پەروەردەی ژینگەی رۆژئاوا, ئەم دوو ئۆزدەمیرە بە دوو هەڵوێستی پێچەوانە سەبارەت بە دۆسیەی جینۆسایدی ئەرمەن دەناسرێنەوە, یەكیان پێشەنگ لە بواری ناساندنی, بیركردنەوەیەكی مرۆڤدۆستانەی ئینتەرناسیۆنالستانە, ئەوی دیكە سەرسەخت لە ئاست رەتكردنەوەی  حەقیقەتەكان, بە بۆچوونی ئاینی و ناسیۆنالیزمەوە لە ئاست ئەو هەموو وێنە پڕ تاوانە قێزەون و  ئێسك و پروسكە هەڵوێست وەردەگرێت.

جیم ئۆزدەمیر لەدایكبووی 21ی دیسەمبەری 1965ی شاری  باد ئۆراخی ئەڵمانیا, بنەچە چەركەسی توركیا, سەرۆكی لیستی سەوزەكان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا, كە پێشتر لە ساڵی 2007  بە پێی  بڕگەی 301ی دەستوری توركیا سزا درابوو بە تاوانی پێشێلكردنی (یاسای سووكایەتی بە ناسنامەی توركی) بە پێی یاساكە  تاوانە دان بە كۆمەڵكوژیی لە توركیا بنرێت, ج ئۆزدەمیر و چەند پەرلەمانتارێكی پارتەكەی تۆمەتباركران بە پێشێلكردنی ئەو بڕگەیە لە دەستوری وڵات, بەهۆی هەڵوێستیانەوە لە سەر دۆزی ئەرمەن و عەلەویەكان كە هەیانبوو, كە پێشتر بەهەمان تاوان و پێشێلكردنی  هەمان بڕگەی دەستوری توركیا نووسەری گەورەی  ئەرمەنی  هرانت دینك سزا درا و دواتر تیرۆر كرا, هاوكات رۆمانووسی ناسراو ئۆرهان بامۆك هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب بەهەمان بڕگەی دەستور سزادرا, ج ئۆزدەمیر پارتەكەی بەبۆنەی یادی101 ساڵەی وەبیرهێنانەوەی تاوانەكەوە لە 24ی نیسانی2016دا, پرۆژەی ناساندنی تاوانی كۆمەڵكوژیی ئەرمەنیەكانی لە توركیا  بە جینۆساید پێشكەش بە پەرلەمانی ئەڵمانیا  كرد, لە رۆژانی پێش دەنگدانەكە جیم ئۆزدەمیر بەهۆی هەڵوێستە شێلگیرانەكەیەوە لەسەر  دۆسیەكە, دەكەوێتە بەر هەڕەشەی توركە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەكان, لێ  گوێی نەدا بە هەڕەشەكان. لە وتەكەیدا لە پەرلەمان لە چركەساتی پێش دەنگدانەكە وتی:(80-90%ی سەرجەم هاووڵاتیانی ئەرمەن,98%ى پیاوانیان,100%ی پیاوانی ئایینییان لەناوبراون لەو تاوانە) هاوكات لە بەشێكی دیكەى لێدوانەكەی هەمان رۆژی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا  وتی: هەموو ئەو تاوانانەی ئەڵمانیا بەرامبەر بە گەلانی ئەوروپا ئەنجامیداوە دەبێت بە جینۆساید بناسرێت . ج ئۆزدەمیر لە درێژەی بۆچوونەكەیدا رایگەیاند گرنگە دان بە رابردووماندا بنێین, نابێت توركیا شانازیی بە رابردووی  خۆیەوە بكات, دەبێت رابردوو قبووڵ بكرێت وەك خۆی.

تەواو  دژ بەم هەڵوێستە ئەخلاقیانەیەی ج ئۆزدەمیر بەرامبەر بە كۆمەڵكوژی گەلێك كە  گەلەكەی خۆی  ئەنجامی داوە, خاتوو  ئۆزدەمیر  لەدایكبووی 7ی دیسەمبەری 1982ی شایربێكی بەلجیكا, یەكەم پەرلەمانتاری حیجاب لەسەرە لە ئەوروپا, پەرلەمانتار لە پەرلەمانی هەرێمی برۆكسل  لەسەر لیستی پارتی ناوەندی دیموكراسی مرۆڤایەتی (CDH) هەڵوێستێكی دژ بە هەڵوێستەكەی ج ئۆزدەمیر وەردەگرێت, نكۆڵی تەواو لە بوونی تاوانەكە دەكات, ئەو لە یادی 100 ساڵەی ئەم تاوانە قێزەونەدا, لەبەرامبەر ئەوەی رەتیكردەوە وەڵام بە پرسیارەكانی  كەناڵی ئاڕ تی ئێڵ-ی تایبەت بداتەوە سەبارەت بە پرسی  جینۆسایدی ئەرمەنەكان لە توركیا, لە بەرواری29ی ئایاری2015 لە پارتەكەی  دەركرا, ئەمەش رووداوێكی گرنگ و هەنگاوێكی ئەخلاقیانەی گرنگ بوو, لیژنەی ئەخلاقی  پارتی ناوبراو نای. هاوكات لە بەرواری24ی نیسانی2015 كە یادی100ساڵەی تاوانی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان بوو, 6 پەرلەمانتاری بەلجیكی بە ڕەگەز تورك  ئەو رۆژە ئامادەی پەرلەمان نەبوون, بۆ ئەوەی بەشداریی نەكەن لەو  دەقە بێدەنگیەی لە پەرلەمانی بەلجیكا  راگەیەنرا بۆ گیانی پاكی قوربانیانی ئەرمەنی. لە یاده‌وەریی100ساڵەی تاوانەكە, خۆیان دزییەوە.

بە دوای دەركردنی خاتوو ماهینۆر ئۆزدەمیر لە پارتەكەی، توركە ئیسلامی و ناسیۆنالستەكان لە برۆكسل و ئەستەمبوڵ خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان بۆ پشتیوانیكردن لە هەڵوێستەكەی بەڕێوەبرد و وەك قارەمان ناساندیان, تەنانەت ئەردۆگان و كچەكەی (سومەییە) هاتنە سەرخەت و بەتوندی رەخنەیان لە دەركردنی ناوبراو لە پارتی ناوەندی دیموكراسی مرۆڤایەتی CDHگرت, خۆپیشاندەران لەسەر لافیتەكانیان نووسیبویان ماهینۆر ئۆزدەمیر شەرەفمانە.

هەر لەم بارەیەوە رۆژی پێنج شەممە 22ی شوباتی 2018, پەرلەمانی هۆڵەندا بە زۆرینەی142دەنگ لە كۆی150دەنگ, بڕیاری بەجینۆسایدناسینی كەیسی جینۆسایدی ئەرمەنی دا, هاوكات بڕیاریدا وەزارەتی دەرەوە 5 ساڵ جارێك بەشداریی مەراسیمی ساڵوەگەڕی تاوانەكە بكات. لە دەنگدانەكەدا 3 پەرلەمانتار دژ بە بڕیارەكە  وەستانەوە, ئەوانیش هەرسێكیان تورك بوون"Farid Azarkan,  Tunahan Kuzu, Selçuk Öztürk" لە  پارتی "DENK" ئەمە لە كاتێكدا پارتی ناوبراو خۆی بە چەپ و سۆسیال-دیموكرات دەزانێت و لە9ی فێبریوەری2015 لە پارتی كار-ی هۆڵەندی جیابوەوە. ئەدی دەبێت  هەڵوێستی ناسیۆنالست و ئیسلامییەكان چۆن بێت؟.

ساڵی 2015, 49 پەرلەمانتاری كورد, جینۆسایدی ئەرمەنییان وەك جینۆساید ناسی, بەپێی نامەیەك واژۆیان كردووە, نامەكە دراوە بە چالاكوانانی بواری جینۆسایدی ئەرمەنی, هاوكات لە رۆژی سێشەمە17ی یەنایەری 2018 پەرلەمانی ئەرمینیا دانینا بە جینۆسایدی ئێزدیەكان, دەكرێت ئەم هەنگاوانە  بكرێنە سەرەتایەك بۆ داننان بە حەقیقەتەكانی رابردوودا.

ئیتر ئێمە ئایا سەیری هەڵوێست لەسەر جینۆساید و تاوان  بەرامبەر بە گەلان,  وەك هەڵوێستی ئەخلاقیانەی مرۆڤدۆستانە دەكەین, یان بەرچاو تەسكانە لە روانگەی نەتەوەپەرستی و ئاینی و نكۆڵیكردن لە ناشرینیەكانی رابردوو, وەك ئەو سیاسی و رۆشنبیرانەی نەتەوە سەردەستەكان كە نكۆڵی لە حەقیقەتی تاوانەكانی دەوڵەتەكانیان دەكەن بەرامبەر گەلەكەمان؟ دەمانەوێت ببین بە ئیسماعیل بێشكچی و هادی عەلەوی و كازم حەبیب و... یان  باخچەلی و نموونەكانیان؟ مێژوو پڕە لە هەڵوێستی بەشی دووەم, وەلێ داهاتوو بۆ نموونە ده‌گمەنەكانی بەشی یەكەمە.






  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure