بانكى رافیده‌ین قه‌رزى ئۆتۆمبیل كڕین ده‌داته‌ هاوڵاتیان و فه‌رمانبه‌ران

هەواڵ / ئابوری :: 22/04/2018‌ :: 13937‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
بانكى رافیده‌ین رایده‌گه‌یه‌نێت، پێدانى قه‌رزى كڕینى ئۆتۆمبێلى نوێیان به‌ هاوڵاتیان و فه‌رمانبه‌ران ده‌ستپێكردووه‌، قه‌رزه‌كه‌ش به‌ قیست و له‌ماوه‌ى پێنج ساڵدا وه‌رده‌گیرێته‌وه‌.


نووسینگه‌ى رۆژنامه‌وانى بانكى رافیده‌ین ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 22ى نیسانى 2018 له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، بڕیاردراوه‌ به‌ ده‌ستپێكردنى پێدانى قه‌رزى كڕینى ئۆتۆمبیلى نوێ به‌هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌، به‌ هاوڵاتیان و فه‌رمانبه‌ران، به‌ قیست له‌ڕێگه‌ى لقه‌كانیانه‌وه‌ كه‌ تایبه‌ت كراوه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.

رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، ماوه‌ى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى قه‌رزه‌كه‌ ده‌گاته‌ پێنج ساڵ به‌ سێ مانگى ماوه‌ى پیشتگوێخراویشه‌وه‌.

بانكى رافیده‌ین ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردوه‌، چه‌ند كۆمپانیایه‌ك دیاریكراوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌پێى ستانداردى جیهانى، كۆمپانیاكانیش (ئیبداع به‌عاج، عه‌تائ ئه‌لڕحمان، كۆمپانیاى ئه‌لموته‌حید بۆ بازرگانى ئۆتۆمبیل، سه‌ما غه‌ربییه‌، وه‌هج سوره‌یا، نه‌هج ئه‌لعێراق، شیرین، ئه‌نوار بابل، ساز، ته‌ریق لئه‌قواس، كۆمپانیاى گشتى بۆ بازرگانى ئۆتۆمبیل و كه‌لوپه‌ل و كۆمپانیاى گشتى بۆ بازرگانى كردنى ئۆتۆمبیل و ئامێره‌كان).

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، هه‌ندێك له‌و كۆمپانیانه‌ تایبه‌تن به‌ ئۆتۆمبێلى كۆرى و ژاپۆنى و چینى و ئه‌مریكییه‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure