مه‌راسیمى یادى رۆژنامه‌گه‌رى دواخرا

هەواڵ / کوردستان :: 21/04/2018‌ :: 325‌ جار بینراوە

تاگ :: میدیا

دواڕۆژ، رێژنه‌ عه‌لى
لقی سلێمانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌، مه‌راسیمى یادكردنه‌وه‌ى رۆژنامه‌گه‌ری كوردییان بۆ دواى هه‌ڵبژاردنه‌كان دواخستووه‌.


كاروان ئه‌نوه‌ر، سكرتێرى لقى سلێمانى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌ى بۆ دواڕۆژ ناردووه‌ رایگه‌یاندووه‌ "له‌ناو گێژاوی ئه‌م هه‌موو كێشه‌و قه‌یرانانه‌ی میدیادا ده‌ستمان له‌سه‌ر دڵمانه‌ نه‌ك له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا میدیا ببێته‌ هۆكارێك بۆ تێكدانی یه‌كڕیزی نیشتمانی و كه‌تنێك له‌ده‌ستی بقه‌ومێت، كه‌ ئیتر نه‌توانین رووی سوور بۆ میدیا بگه‌ڕێنینه‌وه‌".

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌ "زۆر به‌ وردی و له‌نزیكه‌وه‌ چاودێری ره‌وشی میدیا و كاره‌كانی ده‌كه‌ین و هه‌ر له‌م پێناوه‌شدا سه‌رجه‌م چالاكی و مه‌راسیمه‌كانی ئه‌م یاده‌مان دواخست بۆ واده‌ی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان، تا له‌ ژینگه‌یه‌كی هێمن و بارێكی ده‌روونی جێگردا، سه‌رجه‌م چالاكیه‌كانی لقه‌كه‌مان به‌ زنجیره‌یه‌ك كۆڕو رێزلێنان و دیاریه‌وه‌ بۆ كه‌ناڵه‌كان و میدیاكاران سازبكه‌ین".

هه‌ر له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌دا، كاروان ئه‌نوه‌ر روونیكردۆته‌وه‌ "ته‌مه‌نی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی كه‌ ده‌بێته‌ 120 ساڵ، ئه‌م ژماره‌یه‌ كه‌م نییه‌ بۆ داهێنان و نوێخوازی و باشتركردنی گوزه‌رانی میدیاكاران، كه‌چی هێشتا وێڵین به‌دوای پێناسێكی گونجاودا بۆ میدیاكه‌مان، هێشتا توێژی رۆژنامه‌نووسان له‌ هه‌ژارترینه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ن، هێشتا میدیاكان له‌به‌رژه‌وه‌ندی خاوه‌نه‌كانیان وه‌ك به‌رهه‌می تایبه‌ت و تاكه‌كه‌س به‌كار ده‌هێنرێن".

له‌ كۆتاییشدا ده‌ڵێت "له‌دوای تێپه‌ڕبوونی 120 ساڵ پشكێكی ئه‌م كه‌مته‌رخه‌مییه‌ و ئه‌م گله‌ییانه‌مان به‌رده‌كه‌وێت، بۆیه‌ خۆمان به‌كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانین له‌ئاست ئه‌و كه‌لێن و كه‌موكوڕییانه‌ی كه‌ میدیای كوردی ئه‌مڕۆ به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت".

سبه‌ینێ 22ى نیسان 120 ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر ده‌رچوونى یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ى كوردى به‌ناوى (كوردستان) كه‌ له‌لایه‌ن میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان ده‌رچوو، ساڵانه‌ش یادى ئه‌و رۆژه‌ ده‌كرێته‌وه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure