به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ى بۆری نەوتی هه‌رێم تورکیا کلیلی چارەسەری کێشەکانی نێوان هه‌ولێرو بەغدایە

هەواڵ / ئابوری :: 23/04/2018‌ :: 316‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
سەرۆکی لیژنه‌ی‌ پیشەسازی و وزە رایدەگەیەنێت "کلیلی چارەسەری زۆربەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، بۆری کەرکوک-تورکیایە، کە نەوتی ئەو شارەی لێوە هەناردە دەکرێت، چونکە ئەگەر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ئەوا کێشەی نەوت و بودجە چارەسەر دەبێت و هەرێمیش سودمەندی یەکەمە".


 شێركۆ جه‌وده‌ت، سەرۆکی لیژنه‌ی‌ پیشەسازی و وزە له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان، بۆ دواڕۆژ وتی "دوای رووداوەکانی کۆتایی ساڵی رابردوو هاتنی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ سنوری مادەدەی ١٤٠ هەناردەی نەوت لەرێگای بۆری کەرکوک تورکیا وەستاوە، وایکردووە گفتوگۆ و کێشەکان بە هەڵپەسێردراوی بمێننەوە، بۆیە ئەو بۆرییە کلیلی چارەسەری زۆربەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقە".

جەودەت روونیکردەوە، ئەگەر بەغدا لەگەڵ هەرێم بگاتە ئەو رێککەوتنەی کە نەوتی کەرکوک لەرێگای بۆری هەرێم بۆ تورکیا بگوازرێتەوە و پارەکەی بگەڕێتەوە بەغدا ئەوا ده‌بێته‌ هه‌نگاوێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ به‌شێكی زۆری له‌و كێشانه‌ی‌ كه‌ له‌نێوان حكومه‌تی‌ عێراق و حكومه‌تی‌ هه‌رێم، بەتایبەت پرسی نەوت و بودجە.

لەبارەی کێشەکانەوە وتی "جگە لەوەی داهات بۆ هەرێم زیاددەکات و کۆمپانیاکان کارەکانیان دەکەن حكومه‌تی‌ هه‌رێم کرێی گواستنەوەی نەوتەکە‌ له ‌حكومه‌تی‌ بەغدا وەردەگرێت و دەبێتە سەرچاوەیەکی تری داهات بۆ هەرێمی کوردستان وادەکات لە ‌بواری‌ دارایی هه‌رێم و بەغدا زیاتر لەیەک بگەن و کێشەکان چاره‌سه‌ر بن".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure