بایدەمیر:بەبڕیاری دورخستنەوەم لە ئەندامێتی پەرلەمان سەلماندیان داکۆکی لە دیکتاتۆریەت دەکەن

هەواڵ / کوردستانی :: 19/04/2018‌ :: 245‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
عوسمان بایدەمیر، نوێنەری شاری (روحا) لە پەرلەمانی تورکیا کە بەبڕیاری پەرلەمان لە ئەندامێتی دورخرایەوە، رایگەیاند "شانازی بە بڕیارەکەوە دەکات".

 
بایدەمیر لە لێدوانێکیدا بۆ بەشی تورکیی (BBC) وتی "یەک زەڕڕە خەمبار نیم لە بڕیارەکە و بەپێچەوانەوە شانازی پێوە دەکەم بڕیارەکە دەریدەخات کە ئەوان داکۆکی لە دیکتاتۆریەت دەکەن، نیشانی دەدات کە ئاکەپە داکۆکی لە فاشیزم دەکات و هەموو پردەکانی پێکەوە ژیان لەناو دەبەن".

بایدەمیر وتیشی "ئاکەپە بەو بڕیارە دەری دەخات کە چەند لە ئاشتی و دیموکراسی و ئازادی دەترسێت".

عوسمان بایدەمیر راشیگەیاند "کە ئێستا پارێزبەندی لەسەر هەڵگیراوە و بەگوێرەی ئەو داوایانەی لەسەری تۆمار کراون، داوا دەکرێت نزیکەی ٣٠٠ ساڵ سزای زیندانی بەسەردا بسەپێندرێت".

وتیشی "ئەوە ناو دەبرێت بە دیموکراسیەتی ئاکەپە و کەس لەیادی نەچێت رۆژێک دێت خۆشیان بەو یاسایانەی دەریان کردووە، دادگایی بکرێن".

ئەمڕۆ پەرلەمانی تورکیا بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری دا هەردوو پەرلەمانتاری هەدەپە (عوسمان بایدەمیر و سەلام ئرماک) لە ئەندامێتی پەرلەمان دوور بخاتەوە بەوەش ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی هەدەپە کە تا ئێستا ئەندامێتیان لێسەندراوەتەوە بوو بە ١١ ئەندام و بەوەش ژمارەی ئەندامانی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا دابەزی بۆ ٤٨ ئەندام.

وەرگێڕانی: کامەران ئەحمەد   



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure