ئاواره‌ كه‌ركوكییه‌كانی نیشته‌جێی هه‌رێم ده‌توانن ده‌نگبده‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 20/04/2018‌ :: 306‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بڕیاریدا به‌ كردنه‌وه‌ی بنكه‌ی ده‌نگدان له‌سه‌رجه‌م شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌و كه‌ركوكییانه‌ی له‌ئێستادا ئاواره‌ی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك-ن.

رزگار حاجی حه‌مه‌، جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان بڕیاریداوه‌ به‌كردنه‌وه‌ی بنكه‌ی ده‌نگدان بۆ ئاواره‌كانی نیشته‌جێی نێو كه‌مپ و شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان".

وتیشی "بڕیاره‌كه‌ ئاواره‌كانی كه‌ركوك، موسڵ، ئه‌نبار و شاره‌كانی دیكه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ هێشتا له‌كه‌مپه‌كاندان یاخود له‌نێو شار و شارۆچكه‌كاندا نیشته‌جێن".

جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆن رونشیكرده‌وه‌، پرۆسه‌ی ده‌نگدانی ئاواره‌كانیش هه‌مان میكانیزمی گشتییه‌ و پێویسته‌ هه‌ر ده‌نگده‌رێك هه‌ڵگری كارتی ده‌نگدان و به‌ڵگه‌یه‌كی دیكه‌ی تایبه‌تی خۆی بێت.

به‌هۆی روداوه‌كانی 16ى ئۆكتۆبه‌ر و رۆژانی دواتر ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵكی كه‌ركوك ئاواره‌ی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوون، كه‌ به‌پێی ئاماره‌ نافه‌رمییه‌كان زۆرترین كه‌ركوكی له‌ هه‌ولێر هێشتا ماونه‌ته‌وه‌ و ژماره‌یان زیاتر له‌ 8 هه‌زار خێزان ده‌بێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure