كۆمسیۆن له‌باره‌ى ئامێره‌كانی ده‌نگدان هۆشدارى ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 19/04/2018‌ :: 640‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆیى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، هۆشدارى ده‌داته‌، قه‌واره‌ سیاسییه‌كانى به‌شداربووى هه‌ڵبژاردنه‌كان و فه‌رمانبه‌رانى كۆمسیۆن و ده‌نگده‌رانیش.


كۆمسیۆنی باڵاى سه‌ربه‌خۆیى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا ده‌ڵێت "به‌مه‌به‌ستى دروستیى و پاكێتیى پرۆسه‌ى ده‌نگدان، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئامێرى ژماردن و جیاكردنه‌وه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌، بۆ ئه‌وه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى ته‌ندروست له‌ رۆژى ده‌نگداندا به‌كاربهێنرێت، كۆمیسۆن چه‌ند رێوشوێنێك ده‌گرێته‌به‌ر".

كۆمیسیۆن له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات هه‌رلایه‌ن و هاوپه‌یمانى و كاندیدێك ئامێرى جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنه‌كه‌ یان ئامێرى لێكۆڵینه‌وه‌كان تێكبدات، یان هه‌وڵى خراپكردنى بدات، ئه‌وا ئه‌نجامه‌كانى له‌و پارێزگایه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه‌، ره‌وانه‌ى دادگا ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ى رێوشێنى یاسایى له‌ دژى بگیردرێته‌به‌ر.

له‌ خاڵێكى ترى به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ "هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكى كۆمسیۆن، له‌ناویان فه‌رمانبه‌رانى تۆمار و ده‌نگدان و وێستگه‌كان و ئه‌وانه‌ى كرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ كراوه‌، یارى به‌ ئامێرى هه‌ژماركردن و جیاكردنه‌وه‌كان بكات، یان هه‌وڵى تێكدان و شكاندنیان بدات، له‌سه‌ركاره‌كه‌ى ده‌رده‌كرێت، هه‌روه‌ها ره‌وانه‌ى دادگا ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ى رێوشوێنى یاسایى له‌دژى بگیردرێته‌به‌ر".

هۆشدارییه‌كى ترى كۆمسیۆن ئاراسته‌ى ده‌نگده‌ران كراوه‌، ده‌ڵێت "هه‌ر ده‌نگده‌رێك ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر بسه‌لمێنرێت كه‌ یان تێوه‌بگلێت له‌ شكاندن و یاریكردن و هه‌وڵدان بۆ خراپكردنى ئامێره‌كان، به‌تایبه‌ت ئامێرى جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردن، هه‌واڵه‌ى دادگا ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ى رێوشوێنى یاسایى پێویست له‌به‌رامبه‌رى بگیرێته‌به‌ر".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure