پارەی مووچە له‌ به‌غداوه‌ گەیشتە هەرێم

هەواڵ / ئابوری :: 19/04/2018‌ :: 37402‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
دوای تێپەڕبوونی یەک مانگ بەسەر ناردنی بڕی ٣١٧ ملیار دینار وەک موچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە وەجبەی یەکەمی پارەی موچەی مانگی شوبات گەیشتە هەرێمی کوردستان، سەرچاوەیەکیش دەڵێت "بڕە پاره‌كه‌ گەیشتووە، بەڵام هیچ فه‌رمانێک بۆ جوڵەپێکردن یان خەرجکردنی نیە".


سەرچاوەیەکی تایبەت لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، تایبەت بۆ دواڕۆژ، وتی" بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٩ نیسانی ٢٠١٨ وەجبەی یەکەمی پارەی مووچەی فەرمانبەران وەک مووچەی مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٨ لە چوارچێوەی ٣١٧ ملیار دینارەکە گەیشتووە بە بانکەکەمان بەڵام بریاری خەرج و جوڵەی نەدراوە".

وتیشی "بڕیارە هەفتەی داهاتوو بڕەکەی تریش بگات و ببێت بە ٣١٧ ملیار دینار و بە فرمانێکیش دەخرێتە سەر ژمارە حیسابی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم و ئەوانیش وەک مووچە بەپێی پلانی خۆیان دابەشی دەکەن ئەوە پەیوەندی بە ئێمەوە نیە.

بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ، حکومەتی هەرێم کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران مانگانە پشت بە سێ سەرچاوە دەبەستێت ئەوانیش، ئەو پارەیەی لە بەغداوە دەنیردرێت کە ٣١٧ ملیار دینارە و بڕی ٢٤ ملیار دینار کە ئەمریکا وەک هاوکاری مووچە دەیدات بە وەزارەتی پێشمەرگە و  داھاتی فرۆشی نەوتی ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ داهاتی ناوخۆ.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure