عێراق بۆ پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانى نه‌وت پاڵاوگه‌یه‌ك ده‌كڕێت

هەواڵ / ئابوری :: 20/04/2018‌ :: 331‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
حكومه‌تى عێراق ئاشكرايكرد، به‌نیازن پاڵاوگه‌ى نەوتی (لاسامیر)ى مه‌غریبى بكڕن و به‌گه‌ڕيبخەنه‌وه‌، کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ و نیوه وه‌ستاوە.


ئاژانسى هه‌واڵى رۆیته‌رز له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌ وه‌فدێكى عێراق سه‌ردانى پاڵاوگه‌كه‌یان كردوه‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى تواناى ته‌كنیكى و داراییه‌كانى پاڵاوگه‌كه‌، كه‌ رۆژانه‌ تواناى پاڵاوتنى 200 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى هه‌یه‌.

عێراق له‌ رێگه‌ى ئه‌م داواكارییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گروپى كۆمپانیاكانى ئه‌لعتێبى ئیماراتى كێبڕكێ ده‌كات كه‌ ئه‌ویش ده‌یه‌وێت ئه‌و پاڵاوگه‌ مه‌غریبیه‌ بكڕێت و به‌گه‌ڕيبخاته‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى كۆمپانیا ئیماراتیه‌كه‌ پاڵاوگه‌یه‌كى له‌ ئه‌مریكاى باشورى وه‌ستاند.

لاسامیر كه‌ رۆژانه‌ تواناى پاڵاوتنى 200 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى هه‌یه‌، ساڵى 2015 به‌بڕیارێكى دادى باڵاى مه‌غریب داخرا و خرایه‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌، حكومه‌تى مه‌غریبیش رایگه‌یاند پاڵاوگه‌كه‌ بڕ‌ى 13 ملیار درهه‌م پاره‌ى باج قه‌رزاره‌ و كۆى قه‌رزه‌كانیشى گه‌یشتۆته‌ 44 ملیار درهه‌م.

سه‌رچاوه‌یه‌كى یاسایی له‌ وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق به‌ ئاژانسى هه‌واڵى رۆیته‌رزى راگه‌یاندوه‌ به‌غدا ده‌یه‌وێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانى به‌رهه‌مى نه‌وتى كه‌ركوك، پاڵاوگه‌ى لاسامیرى مه‌غریب بكرێت، كه‌ به‌هاكه‌ى به‌ 200 بۆ 300 ملیۆن دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت.   

لاسامیر تاكه‌ پاڵاوگه‌ى وڵاتى مه‌غریبه‌ دواى دابه‌زینى نرخه‌كانى نه‌وت له‌ ساڵى 2015 روبه‌رووى زیانێكى گه‌وره‌ بوه‌وه‌ و دواتر حكومه‌تى مه‌غریب به‌هۆى كه‌ڵه‌كه‌بوونى قه‌رزه‌كانى دایخست.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure