ئەحمەد حاجی رەشید: په‌رله‌مانتار به‌پاسه‌وانه‌كانیه‌وه‌ مانگانه‌ 23 ملیۆن دینار وه‌رده‌گرێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 19/04/2018‌ :: 641‌ جار بینراوە
ئەحمەد حاجی رەشید

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
ئه‌حمه‌دى حاجى ڕه‌شید، سه‌رۆكى لیستى كۆمه‌ڵ له‌ پارێزگاى سلێمانى له‌ دیمانه‌یه‌كى دواڕۆژدا ئاشكرایده‌كات، هه‌ر ئه‌ندامێكى په‌رله‌مان له‌ ئێستادا خۆى و پاسه‌وانه‌كانیان بڕى 23 ملیۆن دینار وه‌رده‌گرن، له‌ كاتێكدا له‌ پێشووتردا 38 ملیۆن دینار مووچه‌كه‌یان بوو. ئاماژه‌ به‌وه‌یش ‌ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌یڵێت به‌ زیاده‌وه‌ جێبه‌جێینه‌كرد ده‌ستله‌كارده‌كێشێته‌وه‌.


دواڕۆژ: به‌رنامه‌ی كارت له ‌په‌رله‌مانی عێراق چی ده‌بێت؟
ئه‌حمه‌دى حاجى ڕه‌شید:
بەرنامەی کارم درێژەپێدەری چوارساڵی رابردووم دەبێت لە ئاشکراکردنی راستیەکان و هەوڵی چەسپاندنی پشکی خەڵکی کوردستان لە بودجە، بەشداریی کارام دەبێت لە یاسا داراییەکان بەتایبەت بودجە، هەوڵی فراوانکردنی پەیوەندییەکانم دەدەم لەگەڵ سەرجەم پێکهاتە و لایەنەکان. ئەوەی من دەتوانم بیکەم هۆکارەکەی شارەزاییمە لە ئابوریدا و سەبارەت بە پەرلەمانتارانی پێش خۆم رەنگە ئەم زەمەنەی من جیاواز بێت لەوەی ئەوان.

دواڕۆژ:  ئه‌ی په‌رله‌مانتارانی پێشووی حزبه‌كه‌ت بۆ نه‌یانكرد؟
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید:
هەموو خولێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە، کێ دەڵیت ئەوانەی پێش من شتیان نەکردوە؟ ئێمە لە بارودۆخیکدابووین کە ئەو برایانەی پێش ئێمە زەمینەیانسازکردووە تا ئێمە بتوانین ئەمەی دەکرێت بیکەین، بەڵام کارەکانمان جیاواز بوون.

دواڕۆژ: زۆربه‌ى خه‌ڵك بڕوایان وایه‌ ئێوه‌ومانان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندبوون ده‌چنه‌ په‌رله‌مانى عێراق نه‌ك بۆ به‌رنامه‌ و كار و خزمه‌ت؟
ئه‌حمه‌د حاجى ڕه‌شید
: ئێمە تاکە حیزبین کە بڕى زۆرى مووچەکەمان ڕادەستی کۆمەڵ دەکەین، تەنها بڕی  ٤ملیۆن و نیوی بۆ خۆمان دەبێت.

 دواڕۆژ: ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یڵێت نه‌تكرد ئاماده‌ی ده‌ستله‌كاربكێشیته‌وه؟
ئه‌حمه‌د حاجى ڕه‌شید
: ئەگەر ئەوەی وتومە نەمکردوە، با کەس دەنگم نەداتی. ئەگەر ئەوەی وتم، بەزیادەوە نەمکردبێ، بەڵی دەستلەکاردەکێشمەوە.

دواڕۆژ: مووچه‌ی په‌رله‌مانتارى عێراق چه‌نده‌ و چه‌ند پاسه‌وانیان هه‌یه‌؟  ئه‌گه‌ر ده‌رچووی چی لێده‌كه‌ی؟
ئه‌حمه‌د حاجى ڕه‌شید
: مووچەی پەرلەمانتار دوو قۆناغ بوو، یەکەم جار ۲٦ ملیۆن و نیوی پاسه‌وان و۱۱ملیۆن و نیوی خۆمان واتە ۳۸ ملیۆن دەهاتە حسابەکەمان، بڕی 4 ملیۆن و نیوی بۆ خۆمان و ئەوی تری دەگەڕایەوە بۆ کۆمەڵ و پاسه‌وانه‌كان. قۆناغی دوای ئەوە پاسه‌وانه‌كان ژمارەیان لە ۳٠ پاسه‌وانه‌وه‌ بوو بە ۱٦ پاسه‌وان، مووچەی پەرلەمانتاریش کەمی کرد، مووچەی پاسه‌وان بوو بە ۱٦ ملیۆن دینار و مووچەی خۆیشمان نزیکەی ۷ ملیۆن. بە تێکڕا ۲۳ ملیۆن  دێتە سه‌ر حسابمان. ئێساش هەر مووچەکەمان وەك خۆیەتی چونکە کاتی خۆی لێژنەیەك دایناوە کە بگونجیت بۆ پەرلەمانتار و پێداویستێەکان، لە خوا بەزیاد بێت بە رەفاهیەت پێی دەژین.

دواڕۆژ: له‌ماوه‌ی ئه‌م 25 رۆژه‌ی بانگه‌شه‌دا زۆر سووكایه‌تی به‌ وێنه ‌و دروشمه‌كان ده‌كرێت له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئایا پێتوانییه‌ ئه‌مه‌ ده‌ره‌نجامى ئه‌وه‌ بێت كه‌ خه‌ڵك بێزاربووه‌ له‌ په‌رله‌مانتار و به‌ڵێنه‌كانى؟
ئه‌حمه‌د حاجى ڕه‌شید
: وایه،‌ به‌ڵام دڕاندی پۆستەر و سووکایەتی، هەمووی لە بێزاریدا نییە هەندێکی لایەنە سیاسیەکان بەرانبەر بەیەکتر دەیکەن.

دواڕۆژ: ئه‌مه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقه‌ كه‌چی باسى گۆڕینی سیستم و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، قسه‌ت له‌سه‌ر ئه‌مه چییه‌‌؟ 
ئه‌حمه‌د حاجى ڕه‌شید
: هه‌ندێكیان بۆ موزایه‌ده ‌و هه‌ندێكیش له‌ نه‌زانیه‌وه‌. لەوە دەچێت هاوڕابم گۆڕانکاریی هەندێکی پەیوەندیی بە پەرلەمانی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ کە سەنگی هەر کوتلەیەك هاتە خوار ئۆتۆماتیکی لە هەرێمیش سەنگی دێتە خوار.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure