حزبى زه‌حمه‌تكێشان به‌ڕەسمى ده‌چێته‌ پاڵ لیستى هاوپه‌یمانى

هەواڵ / کوردستان :: 20/04/2018‌ :: 885‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
وابڕیاره‌ سبه‌ى شه‌ممه‌ 21ی نیسان حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان به‌ڕەسمى بچێته‌ پاڵ قه‌واره‌ى هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى و پرسى یه‌كگرتنى ئه‌و حزبه‌ش له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌كان.


به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، وابڕیاره‌ حزبى زه‌حمه‌تكێشان له‌ مه‌راسیمێكدا به‌ڕەسمى بچنه‌ پاڵ لیستى هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى.

دواڕۆژ زانیویه‌تى، پرسى یه‌كگرتنى هه‌ردوو حزبه‌كه‌، له‌ لایه‌ن سه‌ركردایه‌تى حزبی زەحمەتکێشان به‌ڕەسمى گفتوگۆی له‌سه‌ركراوه‌، بڕیاریشدراوه‌ ئه‌و پرسه‌ تا دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى 12ى ئایار دوابخرێت.

نیشتمان كه‌مال، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "له‌ قۆناغى یه‌كه‌مدا كه‌ ده‌كاته‌ ڕۆژى شه‌ممه‌ى داهاتوو به‌ڕەسمى پاڵپشتى خۆیان بۆ به‌رنامه‌ى لیستى هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و داده‌په‌روه‌رى ڕاده‌گه‌یەنن، له‌ماوه‌ى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنیشدا هه‌وڵى سه‌رخستنى كاندیده‌كانى ئه‌و لیسته‌ ده‌ده‌ن".

وتیشى "پرسى یه‌كگرتنى یه‌كجارى هه‌ردوو حزبه‌كه‌ ده‌بێ له‌ لایه‌ن سه‌ركردایه‌تى حزبه‌وه‌ یه‌كلاییبكرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ یه‌كلابوەته‌وه‌ له‌م هه‌ڵبژارنه‌دا چوونه‌ته‌ ناو لیستى هاوپه‌یمانیه‌وە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure