"ئه‌وانه‌ى دەڵێن سلێمانى له‌ دواى سه‌رجه‌م پارێزگاكانه‌وه‌یه‌ له‌ وه‌به‌رهێنان راست نییه‌"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 19/04/2018‌ :: 719‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادى
له‌ ماوه‌ى چه‌ند ساڵى رابردوو به‌بڕى سه‌رمایه‌ى زیاتر له‌ 48 ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێم كراوه‌ و له‌ دواى هه‌ولێریش سلێمانى پله‌ى دووه‌مى هه‌یه‌، هاوكات 6 ملیار دۆلار بڕى ئه‌و سه‌رمایه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌ره‌ بیانییه‌كانه‌وه‌ خراوه‌ته‌گه‌ڕ كه‌ زۆرترینیان ئیمارانى و توركییه‌، له‌م ڕوه‌وه‌ به‌پێى داتاكانى وه‌به‌رهێنان، هه‌ولێر پله‌ى یه‌كه‌مى هه‌یه‌ و دهۆك دووه‌مه‌ و سلێمانیش كه‌مترین وه‌به‌رهێنى بیانى رووى تێكردووه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى لێكۆڵینه‌وه‌ و زانیارى له‌ ده‌سته‌ى گشتى وه‌به‌رهێنان، ئه‌وانه‌ى باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن سلێمانى له‌ دواى سه‌رجه‌م پارێزگاكانه‌وه‌یه‌ له‌ وه‌به‌رهێنان راست نییه‌.


سه‌ربه‌ست خدر، به‌ڕێوه‌به‌رى لێكۆڵینه‌وه‌ و زانیارى له‌ ده‌سته‌ى گشتى وه‌به‌رهێنانى هه‌رێم بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت "له‌ ساڵى 2006 تا 2018 به سه‌رمایه‌ى 48 ملیار و 525 ملیۆن دۆلار 803 پڕۆژه‌ مۆڵه‌تى پێدراوه‌، جگه‌له‌وه‌ى 100 مۆڵه‌تیش هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌".

له‌ پارێزگاى هه‌ولێر 353 مۆڵه‌ت دراوه‌ به‌ پڕۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان، كۆى ئه‌م سه‌رمایه‌ى له‌ وه‌به‌رهێناندا خراوه‌ته‌گه‌ڕ نزیكه‌ى 26 ملیار و 647 ملیۆن دۆلاره‌، به‌شێوه‌یه‌كى گشتى له‌دواى هه‌ولێر، سلێمانى پله‌ى دووه‌مى هه‌یه‌ له‌ وه‌به‌رهێناندا، به‌و پێیه‌ى 218 مۆڵه‌ت به‌بڕى سه‌رمایه‌ى 15 ملیار و 447 ملیۆن دۆلار كاریان تێداكراوه‌، هاوكات له‌ دهۆكیش به‌ سه‌رمایه‌ى 6 ملیار و 430 ملیۆن دۆلار مۆڵه‌تى وه‌به‌رهێنان دراوه‌ به‌  232 پڕۆژه‌ى جۆراوجۆر.

به‌م پێیه‌ له‌ وه‌به‌رهێناندا هه‌ولێر له‌ پله‌ى یه‌كه‌مدایه‌ و سلێمانى پله‌ى دووه‌م، دهۆكیش سێیه‌مه‌، به‌ڵام به‌پێى وته‌ى سه‌ربه‌ست خدر، به‌ڕێوه‌به‌رى لێكۆڵینه‌وه‌ و زانیارى له‌ ده‌سته‌ى گشتى وه‌به‌رهێنان، ئه‌وانه‌ى باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن سلێمانى له‌ دواى سه‌رجه‌م پارێزگاكانه‌وه‌یه‌ له‌ وه‌به‌رهێنان راست نییه‌ و پله‌ى دووه‌مى هه‌یه‌، به‌ڵكو له‌ ژماره‌ى پڕۆژه‌ پیشه‌سازییه‌كاندا له‌ پله‌ى یه‌كه‌مدایه‌.

جگه‌ له‌ وه‌به‌رهێنه‌ره‌ خۆماڵییه‌كان، له‌ چه‌ند ساڵى رابردوودا، وه‌به‌رهێنه‌ره‌ بیانییه‌كان به‌مه‌به‌ستى وه‌به‌رهێنان روویان له‌ هه‌رێمى كوردستان كردوه‌، به‌ڵام دواى دروستبوونى قه‌یرانى دارایى و هاتنى داعش، به‌شێكى زۆریان پاشه‌كشه‌یان كرد. 

له‌ 2006وه‌ تا 2018، وه‌به‌رهێنه‌ره‌ بیانییه‌كان 6 ملیار و 154 ملیۆن دۆلاریان له‌ 46 پڕۆژه‌دا خستۆته‌گه‌ڕ، پشكى شێریش به‌ر وه‌به‌رهێنه‌ره‌ توركى و ئیماراتییه‌كان كه‌وتووه‌.

له‌ هه‌ولێر 35 پڕۆژه‌ له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌ره‌ بیانییه‌كانه‌وه‌ كارى تێداكراوه‌، به‌بڕى سه‌رمایه‌ى 4 ملیار و 791 ملیۆن دۆلار، هاوكات 10 پرۆژه‌ى دیكه‌یان له‌ دهۆك جێبه‌جێ كردووه‌ به‌ سه‌رمایه‌ى یه‌ك ملیار و 343 ملیۆن دۆلاره‌، به‌ڵام له‌ سلێمانى ته‌نها یه‌ك پڕۆژه‌ كه‌ له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌ره‌ بیانییه‌كانه‌وه‌ پێشكه‌شكراوه‌ مۆڵه‌تى پێ دراوه‌، ئه‌ویش سه‌رمایه‌كه‌ى ته‌نها 20 ملیۆن دۆلار بووه‌، به‌پێى ووته‌ى به‌رپرسانى وه‌به‌رهێنان له‌ سلێمانى پرۆژه‌كه‌ش جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، هاوكات له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌ره‌ خۆماڵییه‌كانه‌وه‌ 725 پڕۆژه‌ كارى تێدا كراوه‌، سه‌رمایه‌كه‌شى 38 ملیار و 170 ملیۆن دۆلار بووه‌.
 
سه‌باره‌ت به‌ هۆكاره‌كانى كه‌مى وه‌به‌رهێنان له‌ سلێمانى و روونه‌كردنى وه‌به‌رهێنه‌رانى بیانى له‌ سلێمانى فه‌رمان غه‌ریب، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى وه‌به‌رهێنانى سلێمانى بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو، یه‌كه‌م به‌هۆى ئه‌وه‌ى نوێنه‌رایه‌تیه‌كانى وڵاتان سه‌رجه‌میان له‌ هه‌ولێرن، ته‌نها كونسوڵى ئێرانى و نوسینگه‌یه‌كى وڵاتى توركیا له‌ سلێمانى هه‌یه‌، هۆكارى دووه‌م فرسه‌ته‌كانى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌ولێر زیاترن، بۆ ئه‌وه‌ى وه‌به‌رهێنێك له‌ سلێمانى 10 دۆنم زه‌وى ده‌ست بكه‌وێت كێشه‌ى زۆرمان دێته‌ به‌رده‌م، چونكه‌ جوگرافیاكه‌ى سه‌خته‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كاركردن له‌سه‌ر زه‌وى هه‌ولێر ئاسانتره‌.

هۆكارى سێیه‌م بوونى وه‌زاره‌ت و ده‌زگاكانى حكومه‌ته‌ له‌و شاره‌، وه‌به‌رهێنه‌ره‌ بیانی و خۆماڵییه‌كان وا بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ رۆتین كه‌م ده‌كاته‌وه‌، له‌راستیشدا وایه‌، كاتێك وه‌به‌رهێنه‌رێك له‌ سلێمانى پڕۆژه‌یه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات ته‌نها بۆ ره‌زامه‌ندى سه‌ره‌تایى ده‌بێت بینێرین بۆ هه‌ولێر دواى ناردنه‌وه‌ى ده‌بێت ره‌زامه‌ندى فه‌رمانگه‌كانى بۆ وه‌ربگرینه‌وه‌ و دوباره‌ بینێرینه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، بۆیه‌ كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ره‌ بیانییه‌كان رووناكه‌نه‌ سلێمانى.

به‌ وته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى وه‌به‌رهێنانى سلێمانى، له‌ 2013دا نزیكه‌ى 40 مۆڵه‌تى پڕۆژه‌ى جۆراوجۆ له‌ سلێمانى دراوه‌، چونكه‌ ئه‌وكات  سه‌رجه‌مى ده‌سه‌ڵاته‌كان لاى خۆمایان بووه‌، جگه‌له‌وه‌ش ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وه‌ى نییه‌ به‌ وه‌به‌رهێنه‌رێك بڵێت ده‌بێت له‌ فڵان شار ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بكه‌یت، چونكه‌ وه‌به‌رهێن ئازاده‌، بۆیه‌ سه‌رجه‌م هۆكاره‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پلانى حكومه‌ت، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كان شۆڕ بكاته‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان، به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا نه‌ده‌بوو.

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ سامان عاره‌ب، به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانى هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "له‌ دواى 2014وه‌ وه‌به‌رهێنه‌ره‌ بیانییه‌كان پاشه‌كشێى به‌رچاویان كرد له‌ هه‌ولێر، به‌ڵام له‌ئێستادا زۆربه‌ى كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ره‌ توركى و هیندى و به‌ریتانى و ئه‌وروپییه‌كان روویان كردووه‌ته‌وه‌ هه‌ولێر، ژماره‌یه‌كى زۆر پرۆژه‌ش پێشكه‌ش كراوه‌ بۆ پێدانى مۆڵه‌ت و زه‌وى".

به‌ڕێوه‌به‌رى وه‌به‌رهێنانى هه‌ولێر وتیشى "كۆمه‌ڵێك هۆكارى وایكردووه‌ وه‌به‌رهێنه‌ره‌ بیانییه‌كان زیاتر روو له‌ هه‌ولێر بكه‌ن، ئه‌وانیش بوونى نوێنه‌رایه‌تى و وه‌زاره‌ته‌كانه‌، به‌ڵام جیاوازى ناكرێت له‌ مامه‌ڵه‌ى مۆڵه‌تى پڕۆژه‌كان له‌نێوان هه‌ولێر و سلێمانى، ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ سلێمانى دورتره‌ و كارى پێدانى مۆڵه‌تى پڕۆژه‌كانى وه‌ك هه‌ولێر خێرا نییه‌.

سامان عاره‌ب باسى له‌وه‌شكرد، لێسه‌ندنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان كێشه‌ى زۆرى بۆ دروست كردوین، چونكه‌ ئه‌وكاته‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان شۆڕ كرابوونه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ى مۆڵه‌تى پڕۆژه‌كان به‌خێراى جێبه‌جێ ده‌كرا و رۆتینات نه‌بوو.

قه‌یرانى دارایى و شه‌ڕى داعش بوونه‌ هۆى داڕمان و پاشه‌كشێى گه‌وره‌ى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێم، به‌هۆى ترس و دڵه‌ڕاوكێ لاى سه‌رمایه‌دارانى بیانى و ناوخۆى، به‌پێى داتاكانى به‌ڕێوه‌به‌رى لێكۆڵینه‌وه‌ و زانیارى له‌ ده‌سته‌ى گشتى وه‌به‌رهێنانى هه‌رێم، له‌ماوه‌ى چوار ساڵى قه‌یرانى دارایى تائێستا 196 مۆڵه‌ت دراوه‌ به‌ پڕۆژه‌كان به‌بڕى سه‌رمایه‌ى 12 ملیار و 568 ملیۆن دۆلار، له‌ دوو ساڵى رابردوودا زیاتر له‌ 500 پرۆپۆزه‌ڵى پڕۆژه‌ پێشكه‌ش به‌ ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان كراوه‌ و 300 یان په‌سه‌ندكراون، له‌ئێستادا سه‌رجه‌میان له‌ شاره‌كان له‌ ژێر مامه‌ڵه‌دان، به‌ به‌رده‌وام پرۆژه‌ مۆڵه‌تى پێده‌درێت، به‌ڵام هۆكارى دواكه‌وتى پێدانى مۆڵه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خودى وه‌به‌رهێنه‌ر یان رۆتینى دام وده‌زگاكانى حكومه‌ت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure