به‌سه‌دان تۆمه‌تبارى كه‌یسى گه‌نده‌ڵى به‌ر لێبوردنى گشتى ده‌كه‌ون

هەواڵ / کوردستان :: 18/04/2018‌ :: 241‌ جار بینراوە

تاگ :: داد

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لى  
به‌هۆى نه‌بوونى پێناسه‌یه‌كى دیاریكراو بۆ كه‌یسى گه‌نده‌ڵى، ئه‌و كه‌سانه‌ى تۆمه‌تبارن به‌ ده‌ستدرێژى بۆسه‌ر موڵكى گشتى به‌ر یاسای لێبوردنى گشتى ده‌كه‌ون، به‌رپرسێكی ده‌ستپاكیش داواده‌كات پێداچوونه‌وه‌ به‌و كه‌یسانه‌دا بكرێت.


به‌پێى یاساى لێبوردنى گشتى له‌ ماده‌ى 9 و بڕگه‌ى چواره‌مدا هاتووه‌ كه‌ تۆمه‌تبارانى گه‌نده‌ڵى و ئه‌و حوكمانه‌ى كه‌ له‌ یاساى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى ژماره‌ى 3ى ساڵى 2011ى هه‌مواركراودا هاتووه‌ سه‌رجه‌م تاوانه‌كانى لێبووردنى گشتى نایانگرێته‌وه‌.

به‌شیر مشیر، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى له‌ ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، له‌دواى جێبه‌جێكردنى یاساى لێبوردنى گشتى، له‌ دادگاكان كێشه‌یه‌ك دروستبووه‌، بۆ ئه‌وانه‌ى كه‌ تۆمه‌تبارن به‌ ده‌ستدرێژى بۆ سه‌ر موڵكى گشتى. 

ئه‌و به‌رپرسه‌ى ده‌ستپاكى هه‌رێم وتیشى "تاوه‌كو ئێستا پێناسه‌یه‌كى دیاریكراوى یاسایى نییه‌ بۆ گه‌نده‌ڵى، هه‌ربۆیه‌ له‌ دادگاكانى هه‌رێم خه‌ریكه‌ به‌ناوى لێبووردنى گشتى ئه‌وانه‌ى تۆمه‌تبارن به‌ كه‌یسى گه‌نده‌ڵى كه‌یسه‌كانیان دابخرێت و به‌ر لێبووردنى گشتى ده‌كه‌ون". 

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى هه‌رێم سكاڵاى پێداچوونه‌وه‌ى ئاڕاسته‌ى دادگاكان كردووه‌ كه‌ نابێت ئه‌و كه‌یسانه‌ دابخرێن، چونكه‌ كێشه‌یه‌كى زۆر بۆ ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى دروستده‌كات و سه‌دان كه‌س كه‌ سكاڵایان له‌سه‌ره‌ به‌هۆى بڕیارى دادگاكانه‌وه‌ به‌ر لێبوودنى گشتى ده‌كه‌ون. 

له‌ كۆتایی مانگی كانونی یه‌كه‌می پارساڵدا سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان یاسای ژماره‌ (3)ی ساڵی 2017ی لێبوردنی گشتی ده‌ركرد، به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ش به‌ هه‌زاران كه‌س له‌ هه‌رێم به‌ر یاسای لێبوردنی گشتی ده‌كه‌ون.

به‌پێى ئامارێكى داواكارى گشتى هه‌رێم، له‌ ساڵى 2017دا دوو هه‌زار و 100 سكاڵا له‌ سه‌ر كه‌یسى ده‌ستدرێژى بۆسه‌ر موڵكى گشتى تۆماركراوه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure