وته‌بێژى پارتى: سلێمانی قۆرخکاریی سیاسى لەهیچ لایه‌نێك قبوڵ نه‌كردووه‌

هەواڵ / کوردستان :: 18/04/2018‌ :: 339‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێژنه‌ عه‌لى
وته‌بێژى پارتى دیموکراتی کوردستان له‌ پارێزگاى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وان بڕیاریانداوه‌ بانگه‌شه‌یه‌كى هاوچه‌رخ و مۆدێرن بكه‌ن، دەڵێت "سلێمانی له‌ مێژووى خۆیدا قۆرخکاری سیاسى لە هیچ لایه‌نێك قبوڵ نه‌كردووه‌".


عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن، وته‌بێژى سه‌ركردایه‌تى پارتى له‌ پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "به‌گشتى شارى سلێمانى مه‌ركه‌زى ململانێى هێزه‌كانه‌ له‌ كوردستان، به‌ڵام واقیعى مه‌یدانیى سلێمانیش سروشتێكى فره‌یی هه‌یه‌، واته‌ ئه‌م شاره‌ له‌ مێژووى خۆیدا قۆرخکاری سیاسى لە هیچ لایه‌نێك قبوڵ نه‌كردووه‌".

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، هیوادارن هیچ لایه‌نێكى سیاسى بیر له‌ قۆرخکاری فه‌زاى سیاسى سلێمانى نه‌كاته‌وه‌، به‌ڵكو فه‌زایه‌كى ئازاد بخولقێنن بۆ ململانێیه‌كى عه‌قڵانى له‌سه‌ر بنه‌ماى ئیراده‌ى خه‌ڵكى كوردستان، چونكه‌ دواجار سه‌نگ و قه‌باره‌ى هێزه‌كان، ده‌نگ و ئیراده‌ى خه‌ڵك دیاریده‌كات.

سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تى بانگه‌شه‌ى پارتى له‌ سلێمانى، عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن وتى "تائێستا به‌گشتى نه‌چووینه‌ته‌ نێو گۆڕه‌پانه‌كانى شار تا بزانین هه‌ڵوێسته‌كان چۆنن، به‌ڵام به‌گشتى پێشبینى ده‌كه‌ین خه‌ڵك ته‌فه‌هومێكى هه‌یه‌ بۆ یه‌كترقبوڵكردن، ئه‌وه‌ى یه‌كدى قبوڵ ناكات ره‌نگه‌ زمانى زبرى هه‌ندێك هێزى سیاسییه‌ كه‌ له‌ میدیاكانه‌وه‌ هێرشده‌كه‌نه‌سه‌ر یه‌كتر، ئه‌گینا خه‌ڵك ئه‌زموونى له‌ شه‌ڕه‌ په‌ڕۆ و یه‌كترسڕینه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌".

وتیشى "ئێمه‌ بڕیارمانداوه‌ بانگه‌شه‌مان به‌شێوه‌ى هاوچه‌رخ و مه‌ده‌نییانه‌ بێت و دووربین له‌ گرژكردنى میدیا و زمانى زبر و گرژكردنى ده‌روونى خه‌ڵك، دووربین له‌ كه‌ژاوه‌ى ئوتومبێل له‌ ناو شار بۆ جه‌نجاڵى له‌نێو شه‌قام و ترافیكه‌كان، دوورده‌بین له‌ شه‌ڕه‌ په‌ڕۆیه‌ك كه‌ ببێته‌ هۆى نیگه‌رانى و ئازاردانى دڵى خه‌ڵك".

هه‌روه‌ها باسیله‌وه‌شكرد "به‌گشتى رێز له‌ ئیراده‌و هه‌ست و ده‌روونى ماندووى خه‌ڵكى شاره‌كه‌مان ده‌گرین، رێز له‌ سیماى فره‌یى سلێمانى ده‌گرین و هیوادارین هه‌ر به‌و فره‌ییه‌ لایه‌نه‌كان له‌ ئاستى ئیلتیزام بن، ده‌زگا ئه‌منییه‌كانیش له‌ ئاستى پاراستنى ئه‌منیه‌تى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى خه‌ڵك بن".

بڕیاره‌ رۆژى 12ى ئایارى 2018 هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق بكرێت و له‌ رۆژى 14ى نیسانیش بانگه‌شه‌ ده‌ستى پێكردووه‌ و 25 رۆژ ده‌خایه‌نێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure