سێ‌ باندی هاوردەی دەرمانی ساختە دەستگیردەكرێن

هەواڵ / کوردستان :: 17/04/2018‌ :: 371‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچەر عەلی 
بەڕێوەبەری كوالێتی دەرمان رایدەگەیەنێت "سێ‌ باندیان دەستگیركردووە كە دەرمانی ساختەیان هاوردەی هەرێمی كوردستان كردووە". 

گۆران میرزا، بەڕێوەبەری كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی بە دواڕۆژی راگەیاند "سێ‌ باندی هاوردەكردنی دەرمانی ساختەیان دەستگیركردووە كە دەرمانی ساختەیان هێناوەتە شارەكانی هەرێمی كوردستان". 

بەڕێوەبەری كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەرمان وتیشی "ئەو كەسانەی دەرمانی ساختەیان هاوردەكردووە، پێشتر لەژێر چاودێری دەزگا ئەمنییەکاندا بوون و دوای دەستگیركردنیان دراونەتە دادگا". 

گۆران میرزا ئاماژەی بەوەشكرد، سەرەتا كەسی یەكەمی باندەكان دەستگیركراون و دواتر لەڕێگەی ئەوانەوە ئەندامانی باندەكان دەستگیركران كە دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوەو لەدادگا دۆسیەی تایبەتیان بۆ كراوەتەوە.

لەبارەی سزای ئەو باندانە ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، جۆری سزاكان دادگا بڕیاری لەسەر دەدات، ئەوەی كە بەلای ئێمەشەوە گرنگە هیچ بازرگانێكی نایاسایی دەرمان گەر بە بەڵگە لەسەری ساغ بێتەوە دەرمانی ساختەی هاوردە كردووەو پێچەوانەی رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی هاوردە كردنی دەرمان كار بكات، بەزووترین كات دەستگیر دەكرێ و سزا دەدرێت. 

بەرپرسەكەی وەزارەتی تەندروستی ئاشكراشیدەكات، لە هەرێمی كوردستان باندەكانی هێنانی دەرمانی ساختە زوو دەستگیر دەكرێن، بەڵام لە شارەكانی تری عێراق بۆشاییەكی زۆر هەیە و بەشێكی ئەو دەرمانانە لە سنورەكانی عێراقەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن.  



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure