شێوازى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت و كاره‌با مه‌ترسی له‌سه‌ر ژینگه‌ى هه‌رێم دروستده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 17/04/2018‌ :: 555‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
پسپۆران و به‌رپرسانى ژینگه‌ پێیانوایه‌، شێوازى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با و ده‌رهێنانى نه‌وت و غازى سروشتى له‌ هه‌رێمى كوردستان، هۆكارى سه‌ره‌كى پیسبوونى ژینگه‌ن و هیچ پێوه‌رێكى ژینگه‌یش له‌وباره‌یه‌وه‌ جێبه‌جێناكرێت.


به‌پێی بڕگه‌ی 3 له‌مادده‌ی 26ى یاسای ژماره‌ 22ی ساڵی 2007ی نه‌وت‌ و گازی هه‌رێمی كوردستان، ده‌بێت وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان پابه‌ندبكات به‌ پاراستنی ته‌ندروستی گشتی خه‌ڵك‌ و ژینگه‌ی ئه‌و ناوچانه‌‌ی نه‌وتی لێبه‌رهه‌م ده‌هێنن‌ و راهێنانی هاوڵاتیانی كوردستان له‌ كۆمپانیاكان تا فێری شاره‌زای بن‌ بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری به‌ناوچه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی، به‌ڵام كۆمپانیاكان تائێستا به‌رێژه‌یه‌كی كه‌م چوونه‌ته‌ ژێرباری ئه‌م به‌نده‌ یاسایانه‌.

به‌پێى وته‌ى به‌رپرسانى ژینگه‌ زۆرێك له‌ كۆمپانیاكانی نه‌وت پابه‌ندی یاسای نه‌وت‌ و گازی هه‌رێم نه‌بوون‌ و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانیش چاوپۆشی لێكردوون و زۆرێك له‌و كۆمپانیایانه‌ پابه‌ندنی بڕگه‌ و ماده‌كانی یاسای نه‌وت و گاز نابن.

حاكم سه‌مه‌د ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی پاراستن‌ و چاككردنی ژینگه‌ی هه‌رێم بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌وان چاودێری هه‌موو كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ژینگه‌ی هه‌رێم، بۆ ئه‌وه‌ش چه‌ندین رێنمایان هه‌یه تا كه‌مترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژینگه‌ دروستبكه‌ن‌‌.

روونیشیكرده‌وه‌، تائێستا جگه‌ له‌ پاڵاوگه‌كانی نه‌وت نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌م رێنمایانه‌ به‌سه‌ر هه‌موو كۆمپانیاكانی دۆزینه‌وه‌ و ده‌رهێنانی نه‌وت جێبه‌جێبكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م كۆمپانیایانه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ستن به‌وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان.

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی پاراستن‌ و چاككردنی ژینگه‌ی هه‌رێم هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ له‌سه‌ر پابه‌ندنه‌بوون به‌ پاراستنی ژینگه‌ چه‌ند پاڵاوگه‌یه‌كی نه‌وتیان سزاداوه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی ئه‌و پاڵاوگانه‌ بخاته‌ڕوو، به‌ڵام هیچ كۆمپانیایه‌كی نه‌وتیان سزانه‌داوه‌.

ده‌شڵێت "نابێت پێشكه‌وتن‌ و بونیاتنانی وڵات له‌سه‌ر حسابی ژینگه‌ بێت، بۆیه‌ له‌مه‌ودوا كاری جددی ده‌كه‌ین بۆ پابه‌ندكردنی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان به‌جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كانی پاراستنی ژینگه‌ و مه‌رجی قورستریش داده‌نێین له‌وانه‌ش ده‌بێت لوله‌كێشه‌كانیان به‌رزتربن‌ و فلته‌ری پێشكه‌وتووش دابنێن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مترین گازی ژه‌هراوی تێكه‌ڵ به‌هه‌وا بێت‌".

پسپۆڕانى بوارى ژینگه‌ و سه‌لامه‌تى هۆشدارى ده‌ده‌ن به‌هۆى زیادبوونى زیانه‌ ژینگه‌ییه‌كانى ده‌رهێنانى نه‌وت و غازى هه‌رێمى كوردستان و ئاماژه‌شبه‌وه‌ده‌كه‌ن، ساڵانه‌ زیانه‌ ژینگه‌ییه‌كانى نه‌وت و غاز ده‌یان ملیۆن دۆلاره‌.

د. عبدالخالق مه‌حه‌مه‌د، پسپۆڕى بوارى كارگێرى ئه‌ندازیارى و سه‌لامه‌تى ژینگه‌یى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "له‌ نێوان ساڵانى 2008 بۆ 2017، واته‌ له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ركه‌وتنى پڕۆژه‌ نه‌وتییه‌كان تائێستا، گه‌لێك رووداوى ژینگه‌یى له‌ بوارى پیسبوونى هه‌ریه‌ك له‌ هه‌وا و ئاوى سه‌ر زه‌ویى و ژێر زه‌وى و خاك و خۆڵى هه‌رێمى كوردستان تۆماركراوه‌ له‌گه‌ڵ به‌فیڕۆچوونى زه‌وى نیشته‌جێبوون و كشتوكاڵى".

ئه‌و پسپۆره‌ى بوارى سه‌لامه‌تى ژینگه‌یى، ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو، پرۆسه‌كانى ده‌رهێنانى نه‌وت و غاز له‌ لایه‌ن كۆمپانیاكان بوونه‌ته‌ هۆكارى پیسبوونى ژینگه‌یى هه‌رێمى كوردستان، له‌ هه‌مانكاتدا نه‌بوونى مۆدێلى سه‌لامه‌تى ژینگه‌یى دۆخه‌كه‌ى زیاتر ئاڵۆزكردووه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ساڵانه‌ ده‌یان ملیۆن دۆلار زیان به‌ ژینگه‌یى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌وێت به‌هۆى نه‌وت و غازه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامى پیسبوونى هه‌وا و ئاو و خاك و ماده‌كانى ناو هه‌رێم.

پسپۆڕه‌كه‌ى بوارى ژینگه‌، داوا له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات جۆره‌كانى پیسبوونى ژینگه‌ دیاریبكات له‌گه‌ڵ جۆره‌كانى تێچوو زیانه‌ مرۆیى و ماددى و داراییه‌كانى كه‌ به‌ر هه‌رێم ده‌كه‌ون له‌ ئه‌نجامى كرده‌وه‌كانى نه‌وت و گاز.

ناوبراو، وتیشى "پێویسته‌ ته‌شریعاتى یاسایى له‌باره‌ى پاراستنى ژینگه‌ له‌ كه‌رتى نه‌وت و غازدا بكرێت، له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنى مۆدێلى سه‌ڵامه‌تى ژینگه‌یى، ئه‌ویش به‌ فشارخستنه‌سه‌ر كۆمپانیاكانى نه‌وت و غاز و به‌ پابه‌ندكردنیان به‌ ئه‌ركى جێبه‌جێكردنى مۆدێلى سه‌لامه‌تى و كه‌مكردنه‌وه‌ى زیانه‌ ژینگه‌ییه‌كان".

لاى خۆیه‌وه‌ زانا موكریانى، ئه‌ندازیارى پرۆسه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت له‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ دواڕۆژ، سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌رى كۆڵینى بیرى نه‌وت له‌سه‌ر ئاوى ژێر زه‌وى هۆشدارى پیسبوونى ئاو ده‌دات، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى رێژه‌یى.

موكریانى، روونیكرده‌وه‌، به‌هۆى مه‌ترسییه‌كانى بیرى نه‌وت و پرسى لۆجیستیكى و سه‌لامه‌تى خه‌ڵك، ناتوانن كۆلین له‌ ناو شاره‌كان بكه‌ن، بۆیه‌ له‌ حاڵه‌تى پیسبوونى ئاوى ژێر زه‌وى به‌هۆى نه‌وته‌وه‌ به‌پێى جۆر و رێژه‌كه‌ى ده‌توانرێت چاره‌سه‌رى بۆ بكرێت.

پسپۆرانى بوارى ژینگه‌ هۆشدارى ده‌ده‌ن له‌ باره‌ى سیسته‌مى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با له‌ هه‌رێمى كوردستان، ده‌سته‌ى پاراستن و چاككردنى ژینگه‌ى هه‌رێمى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، زیاتر له‌ 90% كاره‌باى هه‌رێمى كوردستان له‌ رێگه‌ى غازى سروشتى و گازوایله‌وه‌ به‌رهه‌مده‌هێنرێت.

زۆرێك له‌ پرۆژه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با له‌ جیهان، پشت به‌ سه‌رچاوه‌ى جیاجیا ده‌به‌ستن و، بۆ هه‌ر وڵات و شوێنه‌ك جۆره‌ ستانداردێك هه‌یه‌ بۆ به‌گه‌رخستنى وێستگه‌كانى كاره‌با، كه‌ به‌شی زۆری ستاندارده‌كان له‌پێناو پاراستنى ژینگه‌یی و كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجیه‌، له‌ هه‌رێمى كوردستان سیسته‌مى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با پشت به‌ هه‌ر سێ وێستگه‌ی گاز و دوو به‌نداوی كارۆئاوی دووكان و ده‌ربه‌ندیخان به‌ستووه‌.

د.دڵشاد ئیسماعل، پسپۆڕى بوارى ژینگه‌ له‌ باره‌ى زیانه‌كانى شێوازى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با له‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ده‌خاته‌ڕوو، به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با له‌رێگه‌ى گازوایل، زیانى زۆر زیاتره‌ له‌ غازی سروشتی و خەڵوز و نەوت، چونكە گازوایل پیسترین جۆری سوتەمەنییه‌.

ئه‌و پسپۆره‌، ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، سوتانى گازوایل، دەبێتە هۆی پەیدابوونی دوانەئۆكسیدی كاربۆن، واتە Carbon dioxide و هەڵمی ئاو واتە water vapor.

رونیشیكرده‌وه‌، ئه‌و غازانه‌ى له‌ گازوایل به‌رهه‌مدێن هەمان ئەو پێكهاتانەن، كە لەكاتی هەناسەداندا بەرهەم دێن و، ڕێژەی 45% دەرپەڕاندنی دوانەئۆكسیدی كاربۆنیش له‌ گازوایل زیاتره‌.

وتیشى "ئەو غازانەی كە لە ئەنجامی سوتانی گازوایلەوە پەیدادەبێت نزمترە لە خاڵی خەستبوونەوەی ئەوە غازانەی كە لە ئەنجامی سوتانی غازی سروشتیەوە پەیدادەبێت، كە خەستبوونەوەی ئەو غازانە دەبێتە هۆی پەیدابوونی مادەیەكی داڕزێنەر".

 سه‌رۆكى ده‌سته‌ى پاراستن و چاككردنى ژینگه‌ى هه‌رێم، له‌وباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند "به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان  90% له‌ رێگاى گازى سروشتى و گازوایله‌وه‌ لایه‌ن كه‌رتى تایبه‌ته‌وه‌ به‌رهه‌مده‌هێنرێت، ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى نه‌رێنى و خراپى له‌سه‌ر ژینگه‌ى  هه‌رێمى كوردستان دروستكردووه".

ئه‌وه‌شى خسته‌روو، له‌ سه‌رده‌مى ئێستا سیاسه‌تى سه‌رچاوه‌ى به‌رهه‌مهێنانى وزه‌ له‌ هه‌موو وڵاتان له‌ رێگاى وزه‌ى خۆر و با و ئاو به‌رهه‌مده‌هێنرێت، ئه‌ویش به‌هۆى پاكى و هه‌رزانى نرخى تێچوونى به‌رهه‌همهێنانى وزه‌ى كاره‌با.

ئاشكراشیكرد، 3 وێستگه‌ى كاره‌باى گه‌وره‌ له‌ هه‌ولێر و سلێمانى و دهۆك رۆژانه‌ به‌ ملیۆنان لیتر گازوایل و هه‌زاران مه‌تر سێجا غازى سروشتى ده‌سوتێنن بۆ به‌ ده‌ستهێنانى وزه‌ى كاره‌با، ئه‌گه‌رچى به‌شێوه‌یه‌كى زانستیش  ئه‌و كاره‌ ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام كاریگه‌رى خراپى هه‌ر له‌سه‌ر ژینگه‌ ده‌بێت.

وتیشى "كۆمپانیاكانى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با نه‌ باجى ژینگه‌ ده‌ده‌ن نه‌ به‌ ته‌واوى پابه‌ندن به‌ رێنماییه‌كانى ژینگه‌، به‌ڵام به‌هۆى پێویستى هه‌رێم به‌ كاره‌با چاوپۆشیان لێكراوه‌".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure