"سلێمانى پله‌ى یه‌كه‌مى له‌ پیشه‌سازی هه‌یه‌ له‌ ئاستى عێراقدا"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 16/04/2018‌ :: 643‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادى
له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا فه‌رمان غه‌ریب به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى وه‌به‌رهێنانى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت، سلێمانى پله‌ى یه‌كه‌مى له‌ پیشه‌سازی و پله‌ى دووه‌مى له‌ وه‌به‌رهێنان هه‌یه‌ له‌ ئاستى عێراقدا. ده‌ڵێت "به‌هۆى ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌ت و نوێنه‌رایه‌تییه‌كان له‌ هه‌ولێر-ن و له‌ رووى جوگرافییه‌وه‌ زه‌ویی ئه‌و شاره‌ گونجاوه‌، بۆیه‌ وه‌به‌رهێنه‌رانى بیانى روویان له‌ هه‌ولێر كردووه‌".

دواڕۆژ، رێژه‌ى وه‌به‌رهێنانى بیانى له‌ سلێمانى له‌ 2004وه‌ تا ئه‌مساڵ چه‌نده‌؟ ده‌وترێت سلێمانى له‌ وه‌به‌رهێنانى بیانى له‌ دواى هه‌ولێر و دهۆك-ه‌وه‌یه‌، راسته‌؟

فه‌رمان غه‌ریب:  له‌ 2004وه‌ تا 2018 ته‌نها یه‌ك پڕۆژه‌، كه‌ له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌رى بیانى پێشكه‌شكراوه‌، مۆڵه‌تى پێدرا و دواى ماوه‌یه‌ك مۆڵه‌تى پرۆژه‌كه‌یش هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌. وه‌به‌رهێنى بیانى رووناكاته‌ سلێمانى، چونكه‌ پێویستى به‌ زه‌مینه‌سازیى هه‌یه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ بوونى نوێنه‌رانى وڵاتانى بیانیه‌ له‌و شاره‌ى وه‌به‌رهێنانى تێداده‌كات، بۆئه‌وه‌ى تایبه‌تمه‌ندیى نێوده‌وڵه‌تى وه‌ربگرێت.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ هۆكارى كه‌میى وه‌به‌رهێنانى بیانى له‌ سلێمانى چییه‌؟ كێ خه‌تاباره‌؟
فه‌رمان غه‌ریب: نوێنه‌رایه‌تییه‌كانى وڵاتان سه‌رجه‌میان له‌ هه‌ولێر-ن، به‌ڵام له‌ سلێمانى ته‌نها كونسڵى ئێرانى و نووسینگه‌یه‌كى وڵاتى توركیا هه‌یه‌، بۆیه‌ كۆمپانیا بیانییه‌كان رووده‌كه‌نه‌ پایته‌خت. هۆكارى دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ هه‌ل-ه‌كانى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌ولێر زیاترن. ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ى وه‌به‌رهێن له‌ سلێمانى 10 دۆنم زه‌وى ده‌ست بكه‌وێت، كێشه‌ى زۆرمان دێته‌ به‌رده‌م، چونكه‌ جوگرافیاكه‌ى سه‌خته‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ كاركردن له‌سه‌ر زه‌ویى هه‌ولێر ئاسانتره‌. هۆكارى سێیه‌م بوونى وه‌زاره‌ت و ده‌زگاكانى حكومه‌ته‌ له‌و شاره‌، وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان وا بیرده‌كه‌نه‌وه‌ رۆتین كه‌م ده‌كاته‌وه‌، له‌ڕاستیشدا وایه‌، كاتێك وه‌به‌رهێنه‌رێك له‌ سلێمانى پڕۆژه‌یه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات، ته‌نها بۆ ره‌زامه‌ندیى سه‌ره‌تایى ده‌بێت بینێرین بۆ هه‌ولێر، دواى ناردنه‌وه‌ى ده‌بێت ره‌زامه‌ندیى فه‌رمانگه‌كانى بۆ  وه‌ربگرینه‌وه‌ و دووباره‌ بینێرینه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر. له‌ 2013دا نزیكه‌ى 40 مۆڵه‌تى پڕۆژه‌ى جۆراوجۆر له‌ سلێمانى دراوه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى سه‌رجه‌مى ده‌سه‌ڵاته‌كان لاى خۆمان بووه‌، به‌ڵام دواتر ده‌سه‌ڵاته‌كان گه‌ڕێنرانه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر. گرنگتر له‌وه‌ ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وه‌ى نییه‌ به‌ وه‌به‌رهێنه‌رێك بڵێت ده‌بێت له‌ فڵان شار ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بكه‌یت، چونكه‌ وه‌به‌رهێن ئازاده‌، بۆیه‌ سه‌رجه‌م هۆكاره‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ پلانى حكومه‌ت، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كان شۆڕ بكاته‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان، به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا نه‌ده‌بوو.

دواڕۆژ: جگه‌ له‌ وه‌به‌رهێنانى بیانى، ده‌وترێت سلێمانى له‌ وه‌به‌رهێنانى گشتیشدا له‌ دواى هه‌ولێر و دهۆك-ه‌وه‌یه‌، وه‌ڵامتان چییه‌؟
فه‌رمان غه‌ریب: نه‌خێر راست نییه‌، سلێمانى پله‌ى دووه‌مى هه‌یه‌، له‌ پرۆژه‌ى پیشه‌سازیدا له‌ ئاستى عێراق یه‌كه‌مه‌، چونكه‌ پرۆژه‌كانى له‌م بواره‌دا له‌ هیچ پارێزگایه‌كى تردا نییه‌.

دواڕۆژ: له‌ 2004 تا 2018 به‌شێوه‌یه‌كى گشتى ئه‌و پڕۆژانه‌ چه‌ندن كه‌ مۆڵه‌تیان پێدراوه‌ و بڕى سه‌رمایه‌كه‌یان چه‌نده‌؟
فه‌رمان غه‌ریب: له‌ 2004وه‌ تا 31ى3ى 2018، 239 پڕۆژه‌ مۆڵه‌تیان پێدراوه‌ به‌ بڕى سه‌رمایه‌ى زیاتر له‌ 16 ملیار دۆلار، به‌ڵام مۆڵه‌تى 32 پڕۆژه‌یان هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه‌، هاوكات 74 پڕۆژه‌یان ته‌واو كراون و 139یان به‌ به‌رده‌وامى كاریان تێدا ده‌كرێت.

دواڕۆژ: له‌ ماوه‌ى چوار ساڵى قه‌یرانى دارایى مۆڵه‌تى وه‌به‌رهێنان له‌ چ ئاستێكدا بووه‌؟
فه‌رمان غه‌ریب: له‌ 2014وه‌ تا سه‌ره‌تاى 2018 ته‌نها مۆڵه‌ت به‌ 39 پڕۆژه‌ دراوه‌ به‌ بڕى سه‌رمایه‌ى 5 ملیار دۆلار، وه‌به‌رهێنان تا ئاستێكى به‌رچاو دابه‌زیوه‌، چونكه‌ وه‌به‌رهێن ترسى له‌ دۆخه‌كه‌ هه‌یه‌.

دواڕۆژ: بۆچى وه‌به‌رهێنان له‌ناوه‌ندى شاره‌ گه‌وره‌كان چڕ كراوه‌ته‌وه‌ و قه‌زا و ناحییه‌كان په‌راوێز خراون، بۆ نموونه‌ تائێستا ئوتێلێك له‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا نییه‌؟
فه‌رمان غه‌ریب: ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان ئه‌و ئالیه‌ته‌ى تێدا نییه‌ و له‌ یاساكه‌یشدا نه‌هاتووه‌ كه‌ وه‌به‌رهێن ناچاربكه‌ین له‌ شوێنێك پرۆژه‌ جێبه‌جێ بكات، وه‌به‌رهێن بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ به‌ كه‌مترین ماوه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ى به‌گه‌ڕى خستووه‌ ده‌ستى بكه‌وێته‌وه‌ و زۆرترین قازانج بكات.

دواڕۆژ: ئایا به‌هۆى رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا و ناردنى بودجه‌، پرۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان ده‌ست پێده‌كه‌نه‌وه‌؟ 
فه‌رمان غه‌ریب: ئه‌مه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ چه‌ند پێوه‌رێكه‌وه‌، یه‌كه‌م به‌ باشتربوونى په‌یوه‌ندییه‌كان وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێم ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌، دووه‌م په‌یوه‌ندیى به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ چه‌ند ساڵه‌ ده‌ڵێین كه‌موكورتى تێدایه‌، له‌ 2009وه‌ داوامانكردووه‌ په‌رله‌مان هه‌موارى بكاته‌وه‌، به‌ڵام نه‌كراوه‌. سێیه‌م بیر له‌وه‌بكرێته‌وه‌ لامه‌ركه‌زییه‌ت په‌یڕه‌وبكرێت و ده‌سه‌ڵات بۆ پارێزگاكان دابه‌زێنرێت. ئه‌مانه‌ بكرێن به‌دڵنیاییه‌وه‌ وه‌به‌رهێنان ده‌ست پێده‌كرێته‌وه‌.




  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure