وه‌زاره‌تی كاره‌با پێوه‌ری زیره‌ك ده‌خاته‌كار

هەواڵ / ئابوری :: 16/04/2018‌ :: 2069‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
بڕیاروایه‌ له‌ كۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵدا ده‌ست بكرێت به‌دانانى پێوه‌ری زیره‌ك، بریكاری وه‌زاره‌تی كاره‌باش رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌ته‌واوبوونی پڕۆژه‌كه‌ كاتژمێره‌كانی كاره‌بای نیشتمانی به‌ جێگیری زیادده‌بێت. 
 

هۆگر شاڵی، بریكاری وەزارەتی كارەبای حكومه‌تی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند، پرۆژەی پێوەری زیرەك كاره‌كانی ته‌واوبووه‌ و له‌ كۆتایی مانگی ئایاری ئه‌مساڵدا ده‌ست ده‌كرێت به‌ به‌دانان و به‌ستنى پێوه‌ره‌كان.
 
بریكاری وه‌زاره‌تی كاره‌با وتیشی "ماوه‌ی پرۆسه‌ی به‌ستنی پێوه‌ره‌كان 18 مانگ ده‌خایه‌نێت و له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا، له‌ هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێم و هه‌ردوو ئیداره‌ی راپه‌ڕین و گه‌رمیان ده‌ست پێده‌كات". 

هۆگر شاڵی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پێوەری زیرەك پرۆژەیەكی گەورە و ستراتیژی وەزارەتی كارەبایە و رۆڵێكی گرنگی دەبێت بۆ كۆنترۆڵكردنی سەرپێچیەكانی سه‌ركاره‌با و بەفیڕۆدانی كارەبا زۆر كه‌مده‌كاته‌وه‌ و رێگه‌ش به‌ كه‌س نادات كاره‌بای زیادبه‌كار بهێنێت و به‌رزی و نزمی كاره‌با ناهێڵێت و به‌ یه‌كسانی كاره‌با ده‌درێته‌ هاوڵاتیان.  


ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌با ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، یه‌ك ملیۆن و 500 هەزار هاوبەش له‌ پڕۆژه‌ی پێوه‌ری زیره‌ك به‌شدار ده‌بێت، كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هاوبه‌شی كاره‌با-ن.

 
ناوبراو روونیشیكرده‌وه‌، به‌ ته‌واو بوونی پڕۆژه‌ی به‌ستانی پێوه‌ری زیره‌ك كاتژمێره‌كانی كاره‌با زیادتر ده‌بێت و هاوڵاتیانیشی دڵنیاكرده‌وه‌، له‌ هیچ جۆره‌ نرخێك له‌سه‌ر كاره‌با زیاد نابێت به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌م پێوه‌ری زیره‌كه‌ به‌كارهێنانی كاره‌با كۆنتڕۆڵ ده‌كرێت و هاوڵاتی كه‌متر كاره‌با به‌ كار ده‌هێنێت. 

ماوەكانی پێدانی كارەبا زیاتر دەكات و دادوەری لەدابەشكردنی كارەبا فەراهەم دەكات و هەموو ئەو گرفتە تەكنیكی و هونەرییانەش چارەسەر دەكات كە بەهۆی بەرزبوونەوەی لۆدەوە رووبەرووی تۆڕی كارەبای هەرێم بووەتەوە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure