منداڵه‌ ونبووه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ دووجار بوونەتە قوربانیی

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 17/04/2018‌ :: 1275‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونى 30 ساڵ به‌سه‌ر تاوانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ و ونبوونى سه‌دان منداڵى ده‌یان خێزانى هه‌ڵه‌بجه‌یى له‌و تاوانه‌دا، هێشتا هیوایه‌ك نییه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌یان، هاوكات كه‌سوكارى ئه‌و منداڵانه‌ ده‌ڵێن "دوو جار بوونه‌ته‌ قوربانیی، جارێك له‌ئێران منداڵه‌كانمان ونبوون، جارێكیش لێره‌ گرنگی به‌ پرسه‌كه‌ نادرێت".

له‌ كاتى كیمیابارانه‌كه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ 179 منداڵ كه‌ خاوه‌ندارییان بۆ 74 خێزانى هه‌ڵه‌بجه‌یى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى ئێران ونبوون، له‌وكاته‌وه‌ تائێستا خێزانه‌كانیان له‌ چاوه‌ڕوانى دۆزینه‌وه‌ى منداڵه‌كانیاندان و تا ئێستاش 10 منداڵ دۆزراونه‌ته‌وه‌.

مریه‌م باروتجییان كه‌ به‌ مریه‌م هه‌ڵه‌بجه‌یى ناسراوه‌ یه‌كێك بوو له‌ منداڵه‌ دۆزراوه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ و پێشتر به‌ (هاوناز ئه‌حمه‌د) ناسرابوو، بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ى به‌سه‌رمندا هاتووه‌ دوو جار تاوانه‌، چونكه‌ جارێك له‌ ئێران له‌ خێزانه‌ ڕاسته‌قینكه‌م دابڕێنرام و بێكه‌س مامه‌وه‌، جارێكى تریش دواى 30 ساڵ بێكه‌س كرامه‌وه‌، له‌ كاتێكدا ده‌بوو زۆر به‌ وریایى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كه‌یسى منداڵه‌ ونبووه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌دا بكرایه‌".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، دڵنیام له‌وه‌ى كه‌ زۆر منداڵى ونبووى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ شاره‌ جیاوازه‌كانى ئێراندا بونیان هه‌یه‌و ده‌شزانن كه‌ خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ن، به‌ڵام ئاماده‌نین خۆیان ئاشكرابكه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ى له‌گه‌ڵ مندا كرا ده‌ترسن به‌ هه‌مانشێوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانیشدا بكرێت.

مریه‌م به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ وتیشی "ئێستا من بێكه‌س ماومه‌ته‌وه‌، ده‌بێت هاوشێوه‌ى ئه‌و نۆ منداڵه‌ى دیكه‌ چاوه‌ڕێى ئه‌نجامى پشكنینى خوێن بكه‌م، ئاخۆ ئه‌مجاره‌ ده‌بمه‌وه‌ به‌ منداڵى  خێزنێكى هه‌ڵه‌بجه‌یى؟، بۆیه‌ ئه‌م باسه‌ هه‌روا ئاسان نییه‌ و ده‌بوو حكومه‌تى هه‌رێم و وه‌زاره‌تى كاروبار شه‌هیدان زۆر له‌ خه‌مى دۆزینه‌وه‌ و یه‌كلاكردنه‌وه‌ى چاره‌نوسى منداڵه‌ ونبووه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌دا بوونایه‌".

محه‌مه‌د ئه‌یوب، یه‌كێك له‌و باوكانه‌ى كه‌ 30 ساڵه‌ چاوه‌ڕێى دۆزینه‌وه‌ى كچه‌ حه‌وت مانگییه‌كه‌یدایه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "ڕاسته‌ تاوانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ مێژوودا هاوشێوه‌ى نه‌بووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ هه‌رچۆنێك بوو خۆمان گه‌یانده‌ ئێران، بۆ ئه‌وه‌ى له‌و تاوانه‌ ڕزگارمان بێت، به‌ڵام تاوانێكى ترمان به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدرا، ئه‌ویش بردنى منداڵه‌كانمان بوو له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى ئێراندا".

ڕونیشیكرده‌وه‌، كاتێك ئێمه‌ گه‌یه‌نراینه‌ نه‌خۆشخانه‌كانى ئێران، هه‌موو خێزانه‌كه‌مان پێكه‌وه‌ بووین، به‌ڵام به‌ بیانووى پێدانى چاره‌سه‌ر ئه‌ندامانى خێزانه‌كانیان له‌یه‌ك جیاكردینه‌وه‌ و تا دواجار منداڵێكى ته‌مه‌ن حه‌وت مانگمان دیارنه‌ما، بۆیه‌ تائێستا له‌ چاوه‌ڕوانى دۆزینه‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ ئه‌و منداڵه‌مدام.

محه‌مه‌د، ئه‌وه‌شى وت "حكومه‌تى هه‌رێم زۆر خه‌مسارده‌ له‌ كه‌یسى منداڵه‌ ونبووه‌كاندا، ده‌بوو ئه‌م بابه‌ته‌ى به‌ نێوده‌وڵه‌تى بكردایه‌و وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كى زیندوو به‌كارى بهێنایه‌ له‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا بۆ به‌جینۆسایدناساندنى تاوانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌، هاوكات هه‌رچه‌نده‌ به‌هۆى كه‌یسى مریه‌م و كه‌سه‌كانى تره‌وه‌ متمانه‌یه‌كى ئه‌وتۆمان به‌ ئه‌نجامه‌كان نه‌ماوه‌، به‌ڵام هه‌ر بێهیوا نین له‌وه‌ى كه‌ ڕۆژێك بێت به‌ منداڵه‌كانمان شاد ببینه‌وه‌".

لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند"ئه‌و هه‌وڵانه‌ى كه‌ له‌ ساڵانى ڕابردوودا درهون بۆ دۆزینه‌وه‌ى منداڵه‌ ونبووه‌كان تا ڕاده‌یه‌ك هه‌وڵى تاكه‌كه‌سى و حزبى بوون، به‌ڵام له‌ ئێستادا سیستمی گه‌ڕان به‌دوای ونبووه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌دا به‌یاسایی كراوه‌و ئێمه‌ وه‌ك نوێنه‌رى خێزانى منداڵه‌ ونبووه‌كان چه‌ندینجار سه‌ردانى ئێرانمان كردووه‌ بۆ ده‌ستكه‌وتنى زانیارى، به‌ڵام شتێكى ئه‌وتۆمان ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، تا ئێستا زیاد له‌ 10 منداڵى ونبووى هه‌ڵه‌بجه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌، هه‌ندێكیان له‌ ڕابردوودا به‌ كه‌سوكاره‌كانیان شادبوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا نۆ منداڵى دیكه‌ بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ منداڵى ونبووى هه‌ڵه‌بجه‌ن و تا ئێستا نه‌توانراوه‌ چاره‌نوسیان یه‌كلابكرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌ بڕیارى دادگا ده‌بێت هه‌موو ئه‌و خێزانانه‌ى منداڵیان ونبووه‌ له‌ سه‌نته‌رێكی تایبه‌ت پشكنینیان بۆ بكرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ند مانگێكه‌ ده‌ستكراوه‌ به‌ وه‌رگرتنى نمونه‌ى خوێن له‌و خێزانانه‌.

باسی له‌وه‌شكرد 74 خێزان سه‌ردانی دادگایان كردووه‌و داوای دۆزینه‌وه‌ی 179 منداڵى ونبوو ده‌كه‌ن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure