ئێران: ئێمه‌ به‌رگریمان له‌ عێراق كرد سووده‌كه‌ى بۆ سعودیه‌ بوو

هەواڵ / ئابوری :: 16/04/2018‌ :: 628‌ جار بینراوە

دوارۆژ
به‌رێوه‌به‌ری خانه‌ی پیشه‌ و كانزاكانی ئێران، رایده‌گه‌یه‌نێت سعودیه‌ و وڵاتانی عه‌ره‌بی توانیویانه‌ زۆربه‌ی كاڵا و شه‌مه‌كی پێویستی عێراق دابین بكه‌ن و جێگه‌یان بۆ كاڵای ئێرانی نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌.


سایتى دویچه‌ڤێڵه‌ی فارسی له‌ ڕاپۆرتێكدا، له‌زارى ره‌زا ئۆمیدوار، سه‌رۆكی خانه‌ی پیشه‌سازیی و كانزاكاكانی ئێران، بڵاویكرده‌وه‌ و ره‌خنه‌ له‌ سیاسه‌تی ئێران ده‌گرێت و ده‌ڵێت "ئێران ئابووری كردوه‌ته‌ قوربانی سیاسه‌ت".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی كۆماری ئیسلامی رونیده‌كاته‌وه‌، له‌ ئێستادا گرنگترین بازاڕه‌كانی ئێمه‌ له‌ وڵاتانی دراوسێ به‌گشتى و به‌ تایبه‌ت عێراقه‌ و ئه‌وانیش بۆ ژمارێك له‌ كاڵاكان وه‌ك چیمه‌نتۆ و به‌رهه‌مه‌كانی كشتوكاڵ، گومرگی زیاده‌ داده‌نێن.

جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، كه‌ سعودیه‌ له‌ بازاڕه‌كانى عێراقدا، سیاسه‌تی هه‌رزان فرۆشی په‌یڕه‌و ده‌كات و جێی بۆ كاڵای ئێرانى نه‌هێشتووته‌وه‌ و به‌ تایبه‌ت له‌ چیمه‌نتۆ و كه‌لوپه‌لی بیناسازیدا پێش ئێران كه‌وتووته‌وه‌.

ئۆمیدوار ئاماژه‌ به‌ توركیاش ده‌كات و ده‌ڵێت توركیا ئابووری خۆی نه‌كرده‌ قوربانى سیاسه‌ت، بۆیه‌ بازاڕی له‌ ده‌ستی ئێمه‌ ده‌رهێنا، ئێران له‌ به‌رگریكردن له‌ عێراق و سوریا و له‌ناوبردنی داعش ڕۆڵێكی به‌رچاوی بووه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق و سوریا پشكى زیاترمان هه‌بێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure