كۆمسیۆن له‌باره‌ی هاککردنی ئامێری ده‌نگدان رونکردنەوە دەدات

هەواڵ / کوردستانی :: 16/04/2018‌ :: 442‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، ئه‌و ئامێره‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مجاره‌ی عێراق بەكارده‌هێندرێت به‌هیچ جۆرێك هاك ناكرێت و دەشڵێت، به‌پێی گرێبه‌ستێك ئه‌و ئامێرانه‌ راسته‌وخۆ به‌ مانگی ده‌ستكرد ده‌به‌سترێنه‌وه‌. 


مازن عه‌بدولقادر به‌رپرسی ده‌سته‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی باس له‌ هاككردنی ئامێری سكان دەکەن له‌ڕۆژی ده‌نگدانی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی عێراق دوورن‌ له‌ڕاستییه‌وه"‌. 

ئه‌و به‌رپرسه‌ی كۆمسیۆن وتیشی "ئه‌و ئامێره‌ی ئه‌مجاره‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق به‌كارده‌هێندرێت لەكۆریا به‌رهه‌مهاتووه‌و پێشتر له‌چه‌ند وڵاتێكی تر به‌كار هێنراوه‌و زۆر سه‌ركه‌توو بووه‌". 

مازن ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، سیستمی به‌كارهێنانی ئامێره‌كه‌ راسته‌وخۆ به‌ مانگی ده‌ستكرد ده‌به‌سترێته‌وه‌و هیچ تۆڕێكی ئه‌نته‌رنێتی ناوخۆیی ناتوانێ داخیلی ئه‌و ئامێره‌ بێت، چونكه‌ ئه‌و ئامێره‌ ئه‌نته‌رنێتی له‌ مانگی ده‌ستكرده‌وه‌ بۆ دابینكراوه‌و له‌وێوه‌ هێڵی ئه‌نته‌رنێتی لێده‌به‌سترێته‌وه‌. 

روونیشیكرده‌وه‌، به‌پێی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی ئه‌نته‌رنێتی جیهانی كراوه‌، له‌كاتی پرۆسه‌ی ده‌نگدان دا ئامێره‌كه‌ هیچ هێڵێكی ئه‌نته‌رنێتی له‌گه‌ڵ نابه‌سترێته‌وه‌ تاوه‌كو پرۆسه‌ی ده‌نگدان ته‌واو ده‌بێت ئینجا‌ راسته‌وخۆ هێڵی ئه‌نته‌رنێت له‌ مانگی ده‌ستكرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئامێره‌كه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌ و رێژه‌ی ده‌نگه‌كان بۆ ئۆفیسی سه‌ره‌كی كۆمسیۆن له‌ به‌غدا ده‌نێرێت. 

ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئامێره‌كه‌ بۆ سه‌رجه‌م بنكه‌كانی ده‌نگدان دابین كراوه‌و له‌ ئێستادا لە کۆگاکانی کۆمسیۆن داندراون و کۆمسیۆنیش تەواوی ئەرکە سەرەکییەکانی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ جێبەجێکردووە.

ماوه‌ی دوو ڕۆژه‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ستی پێكردووه‌و بڕیار وایه‌ ڕۆژی ١٢ی ئایار2018، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure