وه‌زاره‌تى دارایى بڕیارێك له‌باره‌ى داهاتى وه‌زارەتێکەوە ده‌رده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 15/04/2018‌ :: 2666‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى هه‌رێمى كوردستان بڕیاریدا،  بڕى 40%ى داهاتى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا بۆ خه‌رجى و پێداویستییه‌كانى وه‌زاره‌ت خه‌رجبكرێته‌وه‌، هاوكات 50%ى داهاتى زانكۆكانی هه‌رێمیش بۆ خه‌رجى ئەو زانكۆیەنە خه‌رج بكرێته‌وه‌.


وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى هه‌رێمى كوردستان به‌ بڕیارى ژماره‌ (3357)، كه‌ له‌ 12ى نیسانى 2018، به‌واژۆى رێباز حه‌ملان وه‌زیرى دارایى و ئابوورى هه‌رێم ده‌ركراوه‌، شێوازى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ داهاتى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو سه‌رجه‌م زانكۆ حكومییه‌كان رونكراوه‌ته‌وه‌.

به‌پێى بڕیاره‌كه‌، 60% داهاتى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستى هه‌رێم بۆ خه‌زێنه‌ى حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌و 40ى داهاتى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا بۆ خه‌رجى و پێداویستییه‌كانى ترى خوێندنى باڵا ته‌رخان ده‌كرێته‌وه‌.

له‌باره‌ى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ داهاتى زانكۆ حكومییه‌كان، وه‌زاره‌تى دارایى بڕیاریداوه‌ 50%ى داهاتى زانكۆكان بۆ خه‌زێنه‌ى حكومه‌ت بگه‌ڕێته‌وه‌و 50%ى داهاتى زانكۆكانیش بۆ پێداویستى زانكۆكان ته‌رخان بكرێته‌وه‌.

بڕیاره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێم له‌ 1ى ئازارى 2018 جێبه‌جێده‌كرێت.











created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure