سه‌نته‌رێکی ئۆتیزم له‌چه‌مچه‌ماڵ ده‌کرێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستانی :: 15/04/2018‌ :: 318‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌ختیار شه‌ریف
ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 15ی نیسان له‌قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ به‌ ئاماده‌بوونی به‌رپرسانی حکومی و ژماره‌یه‌ک له‌ که‌سوکاری منداڵانی ئۆتیزم سه‌نته‌رێکی تایبه‌ت به‌و حاڵەتە کرایه‌وه‌.

 
ره‌مک ره‌مه‌زان قایمقامی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ به‌دواڕۆژی راگه‌یاند، له‌ ساڵیادی ئه‌نفالدا به‌پێویستمانزانی به‌هاوکاری (سه‌نته‌ری رێدین بۆ ئۆتیزم و گرفت‌ی عه‌قڵی و دواکه‌وتنی قسه‌) سه‌نته‌رێک بۆ حاڵه‌ته‌کانی ئۆتیزم له‌چه‌مچه‌ماڵ بکرێته‌وه‌.

وتیشی "ئه‌م حاڵه‌تانه‌ له‌ سنوری قه‌زای چه‌مچه‌ماڵدا بوونیان هه‌یه‌ و له‌ جیهانیشدا راهێنانی نوێی بۆ ده‌کرێت، بۆیه‌ کردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ره‌که‌ش پێویستیه‌کی هه‌نووکه‌ییه‌".
 فرمێسک جه‌لیل به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری رێدین به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند، تا ئێستا ئامارێک له‌به‌رده‌ستماندا نیه‌ تا بزانرێت حاڵه‌ته‌کانی ئۆتیزم و دواکه‌وتنی قسه‌ و گرفته‌ی عه‌قڵی له‌چه‌مچه‌ماڵدا چه‌ندن، به‌ڵام 22 ناو لێره‌دا تۆمارکراون‌.

راشیگه‌یاند، ئۆتیزم نه‌خۆشی نیهی‌ به‌ڵکو حاڵه‌ته‌ و رۆژ به‌رۆژ ڕوو له‌ زیادبوونه‌ و پێویستی به‌ڕاهێنانه‌، تا بتوانین خزمه‌ت به‌و منداڵانه‌ بکه‌ین و تا راده‌یه‌ک ئه‌رکی سه‌رشانی دایک و باوکیان که‌م بکه‌ینه‌وه‌.

له‌ سنوری قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ جگه‌ له‌م سه‌نته‌ره‌ که‌ سه‌ر به‌ که‌رتی تایبه‌ته‌، سه‌نته‌رێکی حکومیش له‌ ناحیه‌ی شۆڕشی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ به‌ناوی (سه‌نته‌ری پێشوه‌ختی سۆما) بوونی هه‌یه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە