كۆمسیۆن په‌یامێك ئاراسته‌ى كاندید و قه‌واره‌ و راگه‌یاندنه‌كان ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 15/04/2018‌ :: 356‌ جار بینراوە
عەلی قادر، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان

دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێڕاق هۆشداری دەداتە قەوارە و كاندیدان و دەزگاكانی راگەیاندن و رایدەگەینێت بە گوێرەی سەرپێچی سزادەدرێن.

ئەمڕۆ یەكشەممە 15ی نیسانی 2018، بانگەشەكردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق له‌ شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان دەستیپێكرد و ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنیش هۆشداری دەداتە قەوارە و كاندید و دەزگا راگەیاندنەكان.

عەلی قادر، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانيدا رایگەیاند، داوا لە سەرجەم قەوارەكانی بەشدار لە هەڵبژاردن دەكەین پابەندبن به‌ رێنمایيەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە دراوەتە سەرجەم لایەنەكان.

وتیشی "دوو لیژنە چاودێری پرۆسەی بانگەشە دەكەن لیژنەیەك تایبەت بە قەوارەكان و لیژنەیەكی تریش چاودێری دەزگا راگەیاندنەكان دەكەن، بەوەی هەر جۆرە سەرپێچیەك كە ئەنجامدەدرێت و سەرپێچی رێنماییەكانی كۆمسیۆن دەكەن راپۆرتی خۆیان لەسەر ئامادەدەكەن و بەرزیدەكەنەوە بۆ ئەنجوومەنی كۆمسیاران و ئەوانیش بڕیاری لەبارەوە دەدەن".

باسی لەوەشكرد، بە گوێرەی سەرپێچیەكە قەوارە و دەزگا میدیایەكان سەرەتا ئاگاداردەكرێنەوە لە ئەگەری بەردەوامبوون لەسەر سەرپێچیەكە سزادەدرێن.

بەرپرسەكەی كۆمسیۆن داواشیكرد كە قەوارە و دەزگا راگەیاندنەكان پابەندی رێنمایەكانی كۆمسیۆن بن كە بانگەشەكردن لەمڕۆوە دەستیپێكردوە و تاوەكو 24 كاتژمێر پێش دەستپێكردنی دەنگدان هەموو قەوارەكان مافی خۆیان بانگەشە بكەن و هیچ لایەنێك بۆی نییە رێگری بكات لە بانگەشەیەكی دروستی قەوارەیەكی تر.

سەبارەت بە هەڵواسینی دروشمەكان لە شوێنە قەدەغەكراوەكان بەرپرسەكەی كۆمسیۆن وتی "رێنمایی كۆمسیۆن و شارەوانی و ژینگە دراوەتە قەوارەكان كە ئەو شوێنانەی رێگەنادرێت دروشمی هەڵبژاردن تیایاندا هەڵبواسرێن".

بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆن سەبارەت بە ئامادەكاری كۆمسیۆن بۆ پرۆسەی دەنگدان وتی "ئامێرەكانی دەنگدان و وەرگرتنی دەنگدان و پەنجەی دەنگدەران گەیشتووه‌نەتە هەولێر و هەموو جۆرە ئامادەكارییه‌ك كراوە بۆ پڕۆسه‌كه‌".

لەكۆتایی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا وتی "ئەو كەسانەی لە پارێزگاكانی خۆیان ئاوارەبوون لەو شوێنەی ئێستا لێى نیشتەجێن كەمپ بێت یاخود ناوەندی شارەكان دەتوانن دەنگ بدەن و بنكەی تایبەتیان بۆ كراوەتەوە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure