فره‌نسا بۆ روسیا: یاساى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ئه‌وه‌ دانه‌نراوه‌ به‌رگرى له‌تاوان بكات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 16/04/2018‌ :: 189‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
دواى ئه‌وه‌ی روسیا داواى له‌ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كرد ئیدانه‌ى هێرشه‌كه‌ی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی بۆ سه‌ر سوریا بكه‌ن، نوێنه‌ری فره‌نسا له‌ئه‌نجومه‌نی ئاسایش وتی "یاساى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ئه‌وه‌ دانه‌نراوه‌ كه‌ به‌رگرى له‌ تاوان بكات".


له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشدا كه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ى هێرشه‌كه‌ى ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كان و هاوپه‌یمانه‌كانى بۆ سه‌ر سوریا ئه‌نجامدراوه‌، نیكى هالێى باڵیۆزى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا له‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ڕایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه‌ بۆ دوباره‌ هێرشكردنه‌سه‌ر حكومه‌تى سوریا، گه‌ر جارێكى دیكه‌ چه‌كى كیمیایی به‌كاربهێنێته‌وه‌.

په‌یامه‌كه‌ى هالێى دواى وته‌كانى ڤاسیلى نابێنزیا نوێنه‌رى ڕوسیا له‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دێت كه‌ داواى له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایش كرد ئیدانه‌ى هێرشى سه‌ربازى ئه‌مریكا، بریتانیا و فره‌نسا بۆ سه‌ر سوریا بكات و هێرشه‌كه‌ى به‌ نایاسایى و توندوتیژى و لادان له‌ یاساى نێوده‌وڵه‌تى ناوبرد.

فرانسوا دیلاترى نوێنه‌رى فره‌نسا له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان وه‌ڵامى نابێنزیا ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت "یاساى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ئه‌وه‌ دانه‌نراوه‌ كه‌ به‌رگرى له‌ تاوان بكات".

مشتومڕه‌كان له‌ نێوان نوێنه‌رانى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و هاوپه‌یمانه‌كانى و ڕوسیا و هاوپه‌یمانه‌كانى له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا درێژه‌ى كێشاوه‌ و سكرتێرى گشتى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئه‌نتۆنیۆ گوتێرێش داواى كردووه‌ كه‌ جوڵه‌ى سه‌ربازى كۆتایی پێبهێنرێت و كار به‌ دیپلۆماسیه‌ت بكرێت و ده‌ڵێت "قه‌یرانه‌كان به‌ شێوه‌ى سه‌ربازیى چاره‌سه‌ر ناكرێن و پێویسته‌ چاره‌سه‌ره‌كان سیاسى بن".

له‌ ئێستادا ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌دان و هه‌ریه‌ك له‌ ڕوسیا و بریتانیا پرۆژه‌یه‌كیان بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى سوریا پێشكه‌شكردووه‌ و به‌ كۆى ده‌نگى ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ پرۆژه‌كه‌ى ڕوسیا ره‌تكراوه‌ته‌وه‌.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش له‌سه‌ر داواى به‌په‌له‌ى مۆسكۆ بووه‌، دواى ئه‌وه‌ى سه‌رله‌به‌یانى ڕۆژی شه‌ممه‌ 14ى نیسان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا، بریتانیا و فره‌نسا هێرى سه‌ربازییان كرده‌سه‌ر چه‌ند پێگه‌یه‌كى سه‌ربازى له‌ شاره‌كانى دیمه‌شق، حمس و دوما.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure