نوسینگه‌ى هاوپه‌یمانییه‌كه‌ى عه‌بادى له‌سلێمانى كرایه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 14/04/2018‌ :: 1408‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێژنه‌ عه‌لى
له‌ شارى سلێمانى نوسینگه‌ى هاوپه‌یمانى (سه‌ركه‌وتن) كرایه‌وه‌ كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات.

جه‌مال حه‌مه‌سه‌عید، به‌ڕێوه‌به‌رى نوسینگه‌ى سلێمانى هاوپه‌یمانى سه‌ركه‌وتن له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، كردنه‌وه‌ى نوسینگه‌كه‌یان له‌پێناو سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراقه‌و هیوادارن پرۆسه‌ى دیموكراتى خزمه‌تى زیاترى كوردستان و ناوه‌ند بكات، ئه‌وه‌ش له‌ پێناو خزمه‌تكردنى وڵاتێكى خێر و خۆشى و مافى مرۆڤ.

پارێزگارى سلێمانى 18 كورسى له‌ په‌رله‌مانى عێراق بۆ دیاریكراوه‌، سه‌باره‌ت به‌وه‌ى پێشبینى به‌ده‌ستهێنانى چه‌ند كورسی ده‌كه‌ن، جه‌مال حه‌مه‌سه‌عید وتى "ئه‌و پرسیاره‌ له‌م كاته‌دا قورسه‌، چونكه‌ هه‌ڵبژاردن زۆرى ماوه‌، بۆیه‌ ناتوانین ئێستا دیارى بكه‌ین كه‌ چه‌ند كورسى به‌ده‌ست دێنین".

هه‌روه‌ها وتیشى "پرۆسه‌كه‌ دیموكراسییه‌ و هه‌موو كه‌س ده‌توانن به‌شداربن و بتوانن زۆرترین ده‌نگ له‌ كوردستان به‌ده‌ستبێنن، دیاره‌ لێره‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان پشكى شێریان ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ش هه‌نگاوێكه‌ بۆ تێكه‌ڵاوبوونى عێراقییه‌كان، كاندیده‌كانى ئێمه‌ش سه‌ربه‌خۆن و نۆ كاندیدمان له‌ سلێمانى هه‌یه‌".

ئه‌مڕۆ 14ى نیسان له‌ پارێزگاكانى عێراق هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنى بۆ په‌رله‌مانى عێراق ده‌ستیپێكرد و سبه‌ینێ 15ى نیسانیش له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ستپێده‌كات و 25 رۆژ ده‌خایه‌نێت، رۆژى 12ى ئایاریش هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراقه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure