لیژنەی ئەمنی سلێمانی ھۆشداری بە لایەنە سیاسییەکان دەدات

هەواڵ / کوردستان :: 14/04/2018‌ :: 742‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد 
لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی داوا لە تەواوی لایەنە سیاسییەکان و ھاوڵاتیان دەکات لە بانگەشەی ھەڵبژاردندا پابەندی رێنماییەکانبن و نەبنە ھۆکاری گرژی و ئاڵۆزی.


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 14ى نیسانى 2018 لیژنه‌ى ئه‌منى سلێمانى به‌ ئاماده‌بوونى به‌رپرسى ئۆفیسى سلێمانى كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان كۆبونه‌وه‌یه‌كى تایبه‌ت به‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌نجامدا.

دوای كۆبوونەوەكە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند "سەرجەم فەرمانگە حکومییەکان بێلایەن دەبن و پشتگیری ھیچ لایەنێک ناکەن و پشتیوانی لە کەشێکی ئارام دەکەن و تەنھا پابەنددەبن بە رێنماییەکانی لیژنەی ئەمنی".

وتیشى، ھەموو قەوارە سیاسییەکانیش ئاگادارکراونەتەوە لە شێوازی بانگەشەی ھەڵبژاردن.

لاى خۆیه‌وه‌ ھاوڕێ تۆفیق، بەرپرسی ئۆفیسى سلێمانى کۆمسیۆنی باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژارده‌كان رایگه‌یاند، لە سلێمانی ٧٧٩ ھەزار و ٦٣٣ کەس تۆماری بایۆمەترییان کردووە، له‌و ژماره‌یه‌ ٣٥٠ ھەزار کەس کارتی ده‌نگدانى وەرگرتۆتەوە و، ھەر کەسێک ئەو کارتەی نەبێت ناتوانێت دەنگبدات.

وتیشى "یاساکانی بانگەشەی ھەڵبژاردن لە سبه‌ینێه‌وه‌ جێبەجێدەکرێت کە دانانی وێنە لە شۆستەکان پێشێلکردنی مافی ھاوڵاتییانە و شارەوانی سلێمانی راستەوخۆ لایان دەبات".

ئاماژه‌شیدا "شەقامی سەرەکی سالم و تووی مەلیک بنکەی سەرەکی بانگەشە و ململانێی لایەنەکانە و خێمەھەڵدان و لێکنزیکبوونی بانگەشەی ھەڵبژاردنیان قەدەغەیە بۆ ئەوەی توندوتیژی روونەدات و بەکارھێنانی موکەبەرەی گەورە لە گەڕەکەکاندا قەدەغەیە".

بەڕێوەبەری کۆمسیۆن ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، بنکەی دەنگدان بۆ ئەو ئاوارانە دەکرێنەوە کە لەئێستادا لە سلێمانین و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە شوێنەکانیان.

هه‌ر له‌و کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا یوسف یاسین، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، بڵاوکردنەوەی بەرنامەی قەوارەکان ئاساییە و بەکارھێنانی وێنەی کاندیدەکان لەو شوێنانەی کە ئاستەنگ دروستنەکات بۆ ھاتووچۆ رێگەپێدراوە.

ئاماژەی بەوەشدا "بەکارھێنانی سیکۆتین و ھێلم بەھەموو شێوەیەک قەدەغەیە و قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان قەدەغەن بۆ ریکلام و نوسینی راستەوخۆ بە بۆیاخ قەدەغەیە، ھەموو ریکلامێک کە ببێتە ھۆکاری تێکچوونی ھاتووچۆ لادەبرێت و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کاندید و قەوارانە دەکرێت کە پابەندنابن بەڕێنماییەکان".

لە سلێمانى ١٢ لایەنی سیاسی لە کێبڕکێدان بۆ بەدەستھێنانی ١٨ کورسی پەرلەمانی عێراق بۆ ئه‌مه‌ش ٢٠٨ کاندید كێبڕكێ ده‌كه‌ن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure