لاڤرۆڤ: هێرشه‌كانی رۆژئاوا بۆ سه‌ر سوریا جێگه‌ی قبوڵ نین

هەواڵ / جیهان :: 14/04/2018‌ :: 305‌ جار بینراوە
سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا

دواڕۆژ 
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا راده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ر سێ وڵاته‌كه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیان له‌سه‌ر به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی  له‌ سوریا نییه‌ و ده‌شڵێت" هێرشه‌كانی رۆژئاوا بۆ سه‌ر سوریا نایاسایین و جێگه‌ی قبووڵ نین". 


سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 14ی نیسانی 2018 له‌ میانی لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی وڵاته‌كه‌ی رایگه‌یاند، ڤلادمێر پوتین، سه‌رۆكی رووسیا داوای له‌ ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فڕه‌نسا كردووه‌ كه‌ به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر هێرشه‌ كیمیاییه‌كه‌ی كه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت پێشكه‌ش بكات، به‌ڵام ماكرۆن ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌.

لاڤرۆڤ جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌ "هه‌ر سێ وڵاته‌كه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیان له‌سه‌ر به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له‌ سوریا نییه‌". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ رێكخراوی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمایی پشتی به‌ زانیارییه‌كانی بریتانیا و فڕه‌نسا به‌ستووه‌. 

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌، هێرشه‌كانی رۆژئاوا بۆ سه‌ر سوریا نایاسایین و جێگه‌ی قبووڵ نین.

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ ئه‌مریكا بۆردومانی فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازیی نزیك دیمەشق و بنكه‌یه‌كی توێژینه‌وه‌ی زانستی نزیك پایته‌ختی كردووه‌ و سیستمه‌ به‌رگریه‌ ئاسمانیه‌كانی سوریاش وه‌ڵامی هێرشه‌كه‌یان داوه‌ته‌وه‌.

ئه‌و هێرشانه‌ كه‌ تیایدا فڕۆكه‌ی سه‌ربازی و موشه‌كی دوورهاوێژ به‌كارهاتووه‌ ئه‌مریكا و بریتانیا و فڕه‌نسا ئه‌نجامیانداوه‌ وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك له‌به‌رانبه‌ر به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاویی له‌لایه‌ن رژێمی سوریاوه‌ دژ به‌ چه‌ند ئامانجێكی ناوخۆیی. 

له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌وه‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌ وتارێكدا وتی "كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر فه‌رمانمدا به‌ سوپای ئه‌مریكا بۆ ئه‌نجامدانی هێرشێك بۆ سه‌ر رژێمی سوریا".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure