بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان ده‌خرێنه‌ ژێر چاودێرییەوە

هەواڵ / کوردستان :: 14/04/2018‌ :: 289‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێژنه‌ عه‌لى
فیدراسیۆنى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى له‌ شارى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نن، له‌ ماوه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا چاودێرى كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان ده‌كه‌ن، بۆ رۆژى هه‌ڵبژاردنیش چاودێرى پڕۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن.


ئه‌مڕۆ شەممە 14ی نیسان، فیدراسیۆنى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى له‌ ئۆفیسى سه‌نته‌رى په‌ره‌پێدانى دیموكراسى و مافى مرۆڤ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانییان ئه‌نجامدا، شۆخان حه‌مه‌ڕه‌شید، ئه‌ندامى رێکخراوەکە رایگه‌یاند، بە دوو رێگە چاودێرى هه‌ردوو پڕۆسه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن و رۆژى ده‌نگدان ده‌كه‌ن.

لەو بارەیەوە دەڵێت "یه‌كه‌میان چاودێرى كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌ بینراوه‌كان پشتبه‌ستوو به‌ یاساى هه‌ڵبژاردن و رێنماییه‌كانى كۆمسیۆن ئه‌نجام ده‌ده‌ین و دوو راپۆرت بۆ رایگشتى بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌ یه‌كه‌میان پاش تێپه‌ڕبوونى 15 رۆژ له‌ هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن، دووه‌میشیان پاش ته‌واوبوونى ماوه‌ى بانگه‌شه‌".

دەشڵێت "له‌ڕێگه‌ى تیمێكه‌وه‌ له‌ پارێزگاكانى هه‌رێم چاودێرى ئه‌و شوێنانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌ده‌ره‌ له‌ مافى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن و نابێت بۆ بانگه‌شه‌ به‌كار بهێنرێت، هه‌روه‌ها چاودێرى رۆژى ده‌نگدان ده‌كه‌ین له‌ڕێگه‌ى تیمێكى راهێنراوى رێكخراوه‌ ئه‌ندامه‌كانى ناو فیدراسیۆن و پاش ته‌واوبوونى پڕۆسه‌كه‌ و به‌ر له‌ راگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌ فه‌رمییه‌كانى هه‌ڵبژاردن، راپۆرتێك بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌".

ئه‌مڕۆ 14ى نیسان له‌ پارێزگاكانى عێراق هه‌ڵمه‌تى بانگەشەی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانى عێراق ده‌ستى پێكرد و سبه‌ینێ 15ى نیسانیش له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ست پێده‌كات و 25 رۆژ ده‌خایه‌نێت، رۆژى 12ى ئایاریش هه‌ڵبژاردن ئەنجامدەدرێت.

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure