وردەکاری ئەو چەکانەی لەهێرشکردنەسەر سوریا بەکارهاتوون

هەواڵ / جیهان :: 14/04/2018‌ :: 3556‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ 14ی نیسانی 2018 هەرسێ وڵاتی ئەمریکا، بریتانیا و فرەنسا هێرشیانکردەسەر سوریا و بۆردومانیان کرد، بەپێی زانیارییە سەربازییەکان نزیکەی 100 بۆ 120 موشەک ئاڕاستەی پێگە سەربازییە سورییەکان کراوە.


جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگری ئەمریکا، رایگەیاند "ژمارەی ئەو چەکانەی ئەمڕۆ بەکارمانهێناوە دوو هێندەی ئەو چەکانە بووە کە ساڵی پار بۆ هێرشکردنەسەر فڕۆکەخانەی شعێرات بەکارمانهێنا".

بەپێی زانیارییەکانی (سی ئێن ئێن) کەشتیگەلی ئەمریکی لە دەریای سور و فڕۆکە و بۆمبی جۆری (B-1) بەشداری هێرشەکەیان کرد.

ئاژانسی رۆیتەرزیش لەزاری بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاویکردەوە کە ئەمریکا موشەکی جۆری کروز لە مۆدێلی تۆماهۆکی بەکارهێناوە بۆ هێرشەکەی ئەمڕۆ.

زیاتر لە 12 کەشتی سەربازی ئەمریکی بەرەو سوریا جوڵەیان پێکراوە و ئەم هێرشە بە گەورەترین هێرش دادەنرێت لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراق کە لەساڵی 2003 ئەنجامدرا.

لە لیستی ئەو کەشتیگەلانەی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جوڵەیان پێکراوە، کەشتیگەلی (یو ئێس ئێس هاری ئێس ترومان) کە بە وزەی ناوەکی کاردەکەنو بەکارهێنراوە کە توانای هەڵگرتنی 90 فڕۆکەی هەیە و 5 کەشتی وێرانکەریش یاوەری کەشتیگەلەکەن.

لەنزیک دەریای ناوەڕاست 4 وێرانکەری دیکە جێگیرکراون کە ئەوانیش (دۆناڵد کوک، پۆرتەر، کارنی و لابون)ن لەگەڵ دوو ژێردەریایی ئەتۆمی بە ناوەکانی (جۆرجیا و جۆن وارنەر).

وەزارەتی بەرگری بریتانیاش لەڕاگەیەنراوێکدا بەشداری وڵاتەکەی لەسەر هێرشکردنەسەر سوریا راگەیاندووە و چوار فڕۆکەی جۆری (تۆڕنادۆ جی ئاڕ 4) لە هێرشەکەدا بەشدارییان کردوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، فڕۆکەکان موشەکی جۆری (ستۆرم شادۆو)ی گرتوەتە بنکەی موشەکی سوریا کە دەکەوێتە 24 کیلۆمەتر خۆرئاوای حمس.

سەرۆکایەتی فرەنساش لە تویتەر گرتەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەردەکەوێت کە فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری (راڤاڵ) هەڵدەفڕن بۆ بەشداریکردن لە هێرشەکەی سەر سوریادا و پێگەی چەکە کیمیاییەکانی رژێمی سوریایان بۆردومانکردوە.

ئەگەرچی لە ڤیدیۆکەدا ئاماژە بە شوێنی هەڵفڕینی فڕۆکەکان نەکراوە، بەڵام پاش ماوەیەکی کورت لە فەرمانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا بۆ بەشداریکردن لەهێرشکردنەسەر سوریا هێرشەکە ئەنجامدراوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure