نەتەوە یەکگرتووەکان: جەنگی سارد گەڕاوەتەوە

هەواڵ / جیهان :: 13/04/2018‌ :: 308‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ:
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 13ی نیسان، كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌باره‌ى دۆخى سوریاوه‌ به‌ڕێوه‌چوو، نوێنه‌رى روسیا رایگه‌یاند "هێرشكردنه‌ سه‌ر سوریا، هاوشێوه‌ى ئه‌و بێشه‌رمیه‌یه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر عێراق كرا". له‌ به‌رامبه‌ریشدا نوێنه‌رى ئه‌مریكا وتى "وڵاته‌كه‌ى ناتوانێت له‌به‌رامبه‌ر كوشتنى خه‌ڵكى بێتاوان بێده‌نگ بێت".


سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ وته‌ى ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێز، سكرتێرى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانى ده‌ستيپێكرد و رایگه‌یاند "سوپاى سوریا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشى جیهان، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌م سوپایه‌ و سه‌رجه‌م سوپاى ئه‌و وڵاتانه‌ش كه‌ چه‌كى كیمیاییان هه‌یه‌ رابماڵرێن".

 

وتیشی "جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و روسیا بە تۆڵەکردنەوەوە گەڕاوەتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی جیاواز، چونکە ئەو یاسا نێودەوڵەتیانەی لە رابردوودا ئیدارەی ناکۆکییەکانیان دەکرد، ئێستا بونی نییە".


پاشان فاسیلى نیبزینیا، نوێنه‌رى روسیا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌گرتووه‌كانى باسى هه‌ڵوێستى وڵاته‌كه‌ى له‌باره‌ى دۆخى سوریاوه‌ كرد و رایگه‌یاند "هێرشكردنه‌ سه‌ر سوریا، هاوشێوه‌ى ئه‌و بێشه‌رمیه‌یه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر عێراق كرا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ پێش ئه‌وه‌ى هێرشبكرێته‌ سه‌ر سوریا به‌ بیانوى هه‌بوونى چه‌كى كیمیایی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى بێلایه‌نانه‌ن بكرێت".

وتیشى "پێویسته‌ نوێنه‌رى رێكخراوى قه‌ده‌غه‌كردنى چه‌كى كیمیایی و ئه‌نجومه‌نى ئاسایش له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا به‌شدارى بكه‌ن، چونكه‌ تا ئێستا هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نیه‌ كه‌ چه‌كى كیمیایی له‌ دوما به‌كارهێنرابێت، هاوڵاتیانى ئه‌و شاره‌ خۆشیان شاهیدى ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن".

نیبزینیا ره‌خنه‌ى توندى ئاراسته‌ى ئه‌مریكا كرد و ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى گه‌وره‌ له‌سه‌ر جیهان هه‌یه‌ به‌هۆى ده‌رچوونى وڵاتان له‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌و وڵاتانه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ده‌كه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌ چوارچێوه‌ى یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و واز له‌ هه‌ڵوێستى گه‌وره‌ بهێنن.

له‌ وه‌ڵامى قسه‌كانى نوێنه‌رى روسیا و ره‌خنه‌كانى بۆ سه‌ر ئه‌مریكا نیكى هالى، نوێنه‌رى ئه‌مریكا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان وتى "روسیا باسى چ جۆره‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك ده‌كات له‌كاتێكدا خۆى هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ جیهان، یارمه‌تى به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیایی ده‌دات".

وتیشى "ئێمه‌ له‌ دوو جه‌نگى جیهانیدا به‌ ئه‌زموونى تاڵى قڕكردنى هاوڵاتیاندا به‌ چه‌كى كیمیایی تێپه‌ڕیوین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نامانه‌وێت ئه‌م كاره‌ساته‌ دووباره‌ ببێته‌وه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌ركى سه‌ره‌كى و هۆكارى بوونمانه‌ لێره‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure