ئه‌ڵمانیا: ناكرێت چاوپۆشى له‌ به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیایی بكرێت له‌ سوریا

هەواڵ / جیهان :: 13/04/2018‌ :: 165‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ:
وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند، ناكرێت چاوپۆشى له‌ به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیایی له‌ سوریا بكرێت و وتیشى "به‌منزیكانه‌ كۆنفڕانسێكى تایبه‌ت له‌ باره‌ى سوریا-وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت".


پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 13ى نیسان، هه‌ریه‌كه‌ له‌ هیكۆ ماكس، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانیا و دیدییه‌ رێنده‌رس، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌لجیكا له‌ برۆكسلى پایته‌ختى به‌لجیكا كۆبوونه‌وه‌، له‌دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیان ئه‌نجامدا و له‌باره‌ى دۆخى سوریاه‌وه‌ قسه‌یان كرد.

له‌ سه‌ره‌تادا  هیكۆ ماكس، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانیا باسى له‌ دۆخى سوریا كرد كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هاوتا به‌لژیكییه‌كه‌ى تاوتوێیان كردووه‌ رایگه‌یاند "له‌ سوریا نه‌توانراوه‌ ڕێگه‌ له‌ به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیایی بگیرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناكرێت چاوپۆشى له‌ كرده‌وه‌یه‌كى له‌م شێویه‌ بكرێت".

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانیا باسى له‌ ئاواره‌كانى سوریا له‌ توركیا كرد و وتیشى "20 ملیۆن یۆرۆمان ته‌رخانكردووه‌ و داومانه‌ به‌ توركیا بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك هاوكارى خزمه‌تى ئاواره‌كانى سوریاى له‌و وڵاته‌ پێ بكرێت".

ماكس ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، به‌منزیكانه‌ كۆنفڕانسێكى گه‌وره‌ له‌ برۆكس به‌ ئاماده‌بوونى به‌رپرسان له‌باره‌ى دۆخى سوریاوه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن.

هاوكات دیدییه‌ رێنده‌رس، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌لجیكا باسى له‌ دۆخى سوریا كرد و رایگه‌یاند "چاوه‌ڕێى ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌كانن له‌باره‌ى به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیایی له‌ سوریا".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، به‌لجیكا ده‌یه‌وێت گرژییه‌كان له‌ سوریا بوەستن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure