نوسینگه‌ی لیسته‌كه‌ی عه‌بادى له‌شارەکانی هه‌رێم ده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 12/04/2018‌ :: 2263‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێژنه‌ عه‌لى
لیستى (سه‌ركه‌وتن)ى حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆكى وه‌زیرانى عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق نووسینگه‌ له‌كوردستان ده‌كاته‌وه‌ و به‌پێى زانیارییه‌كان پێده‌چێت 24 كاندیدى له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستان هه‌بێت.


بڕیاروابوو ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ نوسینگه‌ى لیستى حه‌یده‌ر عه‌بادى له‌شارى سلێمانى بكرێته‌وه‌، به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ نوسینگه‌ له‌ شاره‌كانى دیكه‌ى كوردستانیش ده‌كه‌نه‌وه‌.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، 24 كه‌س له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستان خۆیان له‌نێو لیسته‌كه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆكى وه‌زیرانى عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق كاندیدكردووه‌، له‌وانه‌ش 10 كه‌س له‌ سلێمانى، هه‌شت له‌ هه‌ولێر، شه‌ش له‌ دهۆك، به‌ڵام ره‌نگه‌ ئه‌و ژماره‌ گۆڕانكارى به‌سه‌ردا بێت. 

یه‌كێك له‌و كاندیدانه‌ى له‌ شارى سلێمانى له‌ لیسته‌كه‌ى عه‌بادى كشاوه‌ته‌وه‌و نه‌یویست ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، له‌به‌ر هۆكارى تایبه‌ت له‌ لیسته‌كه‌ كشاوه‌ته‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندیكردنى به‌ لیسته‌كه‌ى عه‌بادى، وتى "له‌شارى به‌غدا هاوڕێم هه‌یه‌ و نزیكن له‌ لیسته‌كه‌ى عه‌بادییه‌وه‌، بۆیه‌ كاندیدیان كردم".

ئه‌و كاندیده‌ وتیشى "له‌به‌ر هۆكارى تایبه‌ت به‌ خۆم كشامه‌وه‌، چونكه‌ پێمباشه‌ له‌نێو لیسته‌ كوردییه‌كان خزمه‌ت بكه‌م".

هاوكات ئومێد عه‌بدوڵا قه‌شانى، یه‌كێك له‌ كاندیدانى لیسته‌كه‌ى عه‌بادى له‌ پارێزگاى سلێمانى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "هاوڕێكانم له‌ به‌غداوه‌ په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردم بۆ ئه‌وه‌ى ببمه‌ كاندید، له‌به‌رئه‌وه‌ى منیش دژى گه‌نده‌ڵى ئیداریى و داراییم و باوه‌ڕم به‌ دامه‌زراوه‌ییبوونى دامه‌زراوه‌كانه‌، بۆیه‌ رازیبووم".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى هیچ ئیمتیازێكیان به‌رامبه‌ر كاندیدبوونیان پێنه‌دراوه‌؟، ناوبراو وتى "هیچ ئیمتیازێكم پێنه‌دراوه‌و له‌ بنه‌ماشدا پێویستم پێى نییه‌"، وتیشى "هۆكارێكى دیكه‌ى رازیبوونیشم ئه‌وه‌یه‌ لیسته‌كه‌ى عه‌بادى جگه‌ له‌ له‌نێوبردنى داعش، باوه‌ڕیان به‌ بیناكردنه‌وه‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراقه‌".

رۆژى 15ى نیسانى 2018 بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عیراق ده‌ستپێده‌كات و رۆژى 10ى ئایار كۆتایى دێت، رۆژى 12ى ئایاریش هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عیراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

بڕیاروابوو ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ نوسینگه‌ى لیستی (سه‌ركه‌وتن)ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌شاری سلێمانی بكرێته‌وه‌، به‌ڵام مه‌راسیمی كردنه‌وه‌كه‌ی دواخراوه‌ بۆ سبه‌ی هه‌ینی.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure