سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسان چه‌ند رێنماییه‌ك ده‌داته‌ لایه‌نه‌كانى هه‌ڵبژاردن

هەواڵ / کوردستان :: 12/04/2018‌ :: 244‌ جار بینراوە

تاگ :: میدیا

دواڕۆژ، رێژنه‌ عه‌لى
لقى سلێمانى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان داواده‌كات له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى  په‌رله‌مانى عێراقدا پابه‌ندبن به‌ پاراستنى زمانى میدیا له‌ زاراوه‌ى ناشایسته‌ و نه‌شیاو، هه‌روه‌ها منداڵان له‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ و مه‌راسیمه‌كاندا به‌شدارییان پێنه‌كه‌ن.


سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ 12ى نیسانى 2018 لقى سلێمانى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نوسان له‌ هۆڵى رۆژنامه‌نووسى كۆچكردوو به‌هرۆز ره‌حیم له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایەتى راگه‌یاندن و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ى سلێمانى، چه‌ند رێنماییه‌كیان ئاڕاسته‌ى هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن كرد به‌بۆنه‌ى نزیكبوونه‌وه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق.

كاروان ئه‌نوه‌ر، سكرتێرى لقى سلێمانى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسان، له‌كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا داواى له‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرد بۆ باش به‌ڕێوه‌چوونى بانگه‌شه‌ى هەڵبژاردن و داوایکرد پابه‌ندى ئه‌م خاڵانه‌ بن "تۆمه‌تبار نه‌كردنى لایه‌ن و قه‌واره‌ و تاقمى به‌رامبه‌ر به‌ بێ بنه‌ما و به‌بێ به‌ڵگه‌ى پێویست، ره‌چاوكردنى زمان و پاراستنى زمانى میدیا له‌ زاراوه‌ى ناشایسته‌ و نه‌شیاو".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد "به‌شدارى پێنه‌كردنى منداڵان له‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ و مه‌راسیمه‌كاندا، وه‌ك ئامێرێك بۆ شه‌ڕه‌ په‌ڕۆ به‌كارنه‌هێنرێن، چونكه‌ كاردانه‌وه‌ى ده‌روونى خراپى له‌سه‌ر پاشه‌ڕۆژیان ده‌بێت، پاراستنى حورمه‌ت، ئاین، ئاینزا، كلتور، هه‌ست، نه‌ستى تاكى كورد و كه‌مه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانى ترى كوردستان ته‌نانه‌ت له‌ دانانى كۆمێنته‌كانیشدا".

كاروان ئه‌نوه‌ر روونیكرده‌وه‌ "ئه‌و كه‌ناڵانه‌ى تائێستا مۆڵه‌تى ره‌سمییان نییه‌ یان نه‌وه‌ستاون تا ده‌رچوونى بڕیارى مۆڵه‌ت و ده‌ستبه‌كاربوونى، هه‌ندێك له‌و كه‌ناڵانه‌ له‌ بانگه‌شه‌دا ده‌بنه‌ ئامانجێكى ئاسان بۆ راگرتن یان داخستن".

سكرتێرى لقى سلێمانى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نوسان وتیشى "په‌نانه‌بردن بۆ سڕینه‌وه‌ى مێژوو، خه‌باتى حزب، لایه‌ن، تاقم و كه‌سایه‌تى تر كه‌ لاى ئه‌وان پیرۆزییه‌ و لێدان و برینداركردنى به‌رامبه‌ر گرژى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، ده‌ست نه‌برێت بۆ بەزاندنی سنورى ره‌فتار، ئه‌خلاق، ناو و ناتۆره‌ و ره‌وشتى تاكه‌كان و سه‌رۆك لیسته‌كان یان كاندیده‌كان".

بڕیاره‌ رۆژى 15ى نیسانى 2018 بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مانى عێراق له‌ پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ست پێبكات و ماوه‌ى 25 رۆژیش ده‌خایه‌نێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure