یەكشەممە مووچەی توێژێكى تر دابەشدەكرێت

هەواڵ / کوردستانی :: 12/04/2018‌ :: 89635‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
هەرچەندە وابڕیاربوو ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی نیسانی 2018 مووچەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی سەر بە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان دابەشبكرێت، بەڵام بەهۆی دروستبوونی هەڵەیەك لە لیستی مووچەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی، ئەمڕۆ دابەشنەكرا و بڕیارە ڕۆژی یەكشەممە دابەشبكرێت.


لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانییانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، هەرچەندە ئەمڕۆ وابڕیار بوو كە مووچەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی سەر بە وەزارەتی كاروباری شەهیدان دابەشبكرێت، بەڵام پاش سەردانیكردنی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی بۆ بانك پێیان ڕاگەیاندین كە ئەمڕۆ مووچە دابەشناكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، دوای بە دواداچوون بۆمان دەركەوت ئەو لیستەی كە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سلێمانییەوە ئامادەكراوە هەڵەی تێدایە و هەروەها چەكی بانكیش دابەشنەكراوە، بۆیە پاش پەیوەندیكردنمان بە بەرپرسانی وەزارەتی كاروباری شەهیدانەوە بەڵێنمان پێدراوە كە ڕۆژی یەكشەممە 15/4/2018 دەستبكرێت بە دابەشكردنی مووچەی بەركەوتوانی چەكی كیمیایی.

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانییانی كیمیابارانی هەڵەبجە ئەوەشی وت "بەگوێرەی لیستی نوێی مووچە هیچ گۆڕانكارییەك لە بڕی مووچەی بەركەوتوانی چەكی كیمیایی نەهاتووە، چونكە پێشتر بۆ هەر بەركەوتویەك بڕی 400 هەزار دینار دیاریكرابوو، ئێستاش بە لیستی نوێ‌ هەمان بڕە پارە وەردەگرنەوە".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure