پەرلەمانتارێکی کوردستان لەبارەی زیادکردنی مووچە هۆشداریی دەدات

هەواڵ / ئابوری :: 12/04/2018‌ :: 11157‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
سەرۆکی لیژنەی دارایی رایدەگەیەنێت ئەگەر بێتو پارە زیاد بخرێتەوە بازاڕەوە، ئەوا هەڵئاوسان لە بازاردا دروستدەبێت، بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێم بە وریایی مامەڵە بکات لە دابینکردنی مووچەو پارەی تر، چونكه‌ ئەگەر وانەکات كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر بازاڕ و جوڵەی بازاڕ ده‌بێت.


عیزه‌ت سابیر، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، بە دواڕۆژی رایگه‌یاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی چڕکردووه‌تەوە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و ئه‌م مانگەش‌ حكومه‌تی هه‌رێم 720 ملیار دینار ده‌داته‌ مووچه‌ی فەرمانبەران، ئەوەش لەکاتێکدایە هەموو ئابوری هەرێمی كوردستان مانگانه‌ بەرگەی 700 ملیار زیاتر ناگرێت لەبەر هەڵئاوسان'.

وتیشی "دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وریایی مامەڵە بکات لە دابینکردنی مووچەو پارەی تر، چونكه‌ ئەگەر وانەکات كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر بازاڕ و جوڵەی بازاڕ ده‌بێت".

رونیشیكرده‌وه‌، مەترسی هەڵئاواسان هەیە، وەک ئێستا کە كیلۆیه‌ك میوه‌ بووه‌ته‌ دوو هێنده‌ بە به‌راورد به‌مانگێك له‌مه‌وبه‌ر، بۆیە دەبێت وریای بازاڕ بن، ئەگەر هەڵئاوسان دروستبێت، زیادكردنى مووچەش کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک نابێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure